دیمەشق ده‌یه‌وێت کێڵگە نەوتییەکانی باکووری رۆژهەڵات کۆنترۆڵ بکات

پێشبینی دەکرێت له‌ رۆژێكدا 90 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنن

K24 – هه‌ولێر:

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوت و سەرچاوە کانزاییەکانی سووریا رایگەیاند، "کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی 2020 بە 32.9 ملیۆن بەرمیل دیاریکراوە، رۆژانە پێشبینی دەکرێت 90 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنن".

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، لە ساڵی 2019 نزیکەی 24 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرهەمدەهێنرا، بە گوێرەی پڕۆژە بودجەی 2020 بەرهەمهێنان بۆ 66 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرزکراوەتەوە".

سەرچاوەکە بۆ رۆژنامەی "وەتەن"ی سووری راگەیاندووە، ئەو زیادەیە لە کێڵگەکانی باکوور دەبێت، دیمەشق لە داهاتوویه‌كی نزیكدا کۆنترۆڵی دەکاتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو کێڵگانەی ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی ئەمه‌ریکان.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "لە دۆخی گەڕانەوەی کێڵگەکانی باکوور بۆ ژێر دەسەڵاتی دیمەشق بەرهەمهێنانی سووریا لە بەرهەمە نەوتییەکان زیاد دەکات، کە مەبەست لێی کێڵگە گەورەکانی جەبسە و رومێلانە".

ئاماژەی به‌وه‌شدا، "بەرهەمهێنان لەو دوو کێڵگەیە بەر لەهەڵگیرسانی شەڕ، زیاتر لە 120 هەزار بەرمیل بوو رۆژانە، کە تەنیا کێڵگەی رومێلان توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 100 هەزار بەمریل نەوتی هەبوو رۆژانە".

لێدوانی ئەو بەرپرسە پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپە، کە رایگەیاندبوو پارێزگاری لە بیرە نەوتییەکانی سووریا دەکەن بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازی کردبوو کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کێڵگەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەببات، هەروەها وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکاش بۆ ئەو مەبەستە هێزە سەربازییەکانی لە ناوچەکە بە مەبەستی پارێزگاری لە بیرە نەوتییەکان زیاد دەکات.