وه‌زاره‌تی ناوخۆ و كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ ره‌وشی په‌نابه‌ران ده‌كۆڵنه‌وه‌

جه‌خت له‌ به‌هاناوه‌چوونی په‌نابه‌ران ده‌كه‌نه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ شاندی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر، ره‌وشی په‌نابه‌ران و كه‌مپی ئاواره‌ و په‌نابه‌رانیان تاووتوێ كرد.

وه‌زیری ناوخۆ، له‌ تویته‌ری خۆیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا، له‌گه‌ڵ شاندێكی كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا، باسیان له‌ یه‌كخستنی هه‌وڵه‌كان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت، هاوكاری ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بكه‌ن.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سوپاسی حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیای كردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هاوكارییه‌كانی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێم، له‌ پرسی به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا، به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیا و ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان (باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا)، ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ و په‌نابه‌ری رۆژئاوا، روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و له‌ كامپه‌كان شوێنیان بۆ كراوه‌ته‌وه‌.

ئ. م