ئه‌مه‌ریكا راپۆرتێكی مه‌ترسیدار له‌باره‌ی داپڵۆسینی هاووڵاتیانی توركیا بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێك كه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه ده‌رچووه، توركیا له پێناو داپڵۆسین و سه‌ركوتكردنی ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی، یاسای دژه‌تیرۆری به‌كارهێناوه..
راپۆرته ساڵانه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه بایه‌خی به كاروباری تیرۆرداوه له ساڵی 2018 دا، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یداوه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره، گرووپی فه‌تحوڵڵا گوله‌نی وه‌ك گرووپێكی تیرۆریستی پۆلێن كردووه، له كاتێكدا ئه‌مه‌ریكا به تیرۆریستیان نازانێت. به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا رێوشوێنی تاكلایه‌نه‌یان دژیان گرتووه‌ته‌به‌ر و ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی ئه‌و وڵاته‌یان به تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندی به گرووپی خزمه‌تی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن خزاندووه‌ته زیندانه‌كانه‌وه.
راپۆرته‌كه ده‌ڵێت، توركیا یاسایه‌كی لاستیكی هه‌یه له‌باره‌ی پاڵپشتیكردنی تیرۆر و بۆ داپڵۆسین و دژی ئازادی راده‌ربڕین به‌كاریده‌هێنێت.
له ورده‌كاریی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه، له كاتی كوده‌تاكه‌ی مانگی ته‌مووزی ساڵی 2016 وه، توركیا بزووتنه‌وه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌نی وه‌ك تیرۆریست پۆلێن كردووه، به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌رده‌مه له ده‌ستگیركردنی هاووڵاتیانی خۆی و ته‌نانه‌ت ئه‌و هاووڵاتییه بیانیانه‌شی له‌و وڵاته ده‌ژین. ته‌نانه‌ت ده‌ستی له ده‌ستگیركردنی هاووڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی و فه‌رمانبه‌ره توركه‌كانی نێرده دیپلۆماسییه‌كانیش نه‌پاراستووه، به‌هۆی تۆمه‌تباركردنیان به بوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌كه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن.
راپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت، به‌ڵگه‌كانیان لاوازن و ته‌نانه‌ت رێوشوێنه یاساییه پێویسته‌كانیش له ده‌ستگیركردنی ئه‌و خه‌ڵكه‌دا په‌یڕه‌و ناكه‌ن.
هه‌روه‌ها به ژماره باسی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی توركیا ده‌كات و ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، حكوومه‌تی توركیا تا 11/10/2019 47778 كه‌سی دیكه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه، جگه له‌وه‌ی حكوومه‌ت به‌رده‌وامه له ده‌ركردنی فه‌رمانبه‌ران و ئه‌ندامانی ھێزه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كان و كارمه‌ندانی سڤیل له كه‌رتی گشتیدا، تا كۆتایی ساڵی 2018 حكوومه‌تی توركیا 130 هه‌زار كه‌سی له كاره‌كانیان دوورخستووه‌ته‌وه. هاوكات زیاتر له 80 هه‌زار هاووڵاتی خزاندووه‌ته زیندانه‌كانه‌وه. به هه‌مان پاساو 1500 رێكخراوی ناحكوومی له كاتی كوده‌تا سه‌ربازییه‌كه‌ی ساڵی 2016 وه تا ئێستا داخستووه.
راپۆرته‌كه باسی له‌وه‌شكردووه، توركیا پێناسه‌یه‌كی فراوانی هه‌یه بۆ تیرۆر، ته‌نانه‌ت تاوانی دژی سیستمی ده‌ستووری و ئاسایشی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌گرێته‌وه، حكوومه‌ت بۆ تاوانباركردنی ئه‌وانه‌شی مامه‌ڵه‌یه‌كی ره‌وا ده‌كه‌ن له بواری ئازادی راده‌ربڕین و گردبوونه‌وه یاسای تیرۆر به‌كارده‌هێنێ.
له راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیا، دۆسیه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی 7 هه‌زار هه‌ژماری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ره‌وانه‌ی دادگاكان كردووه و پاساوه‌كه‌شی ئه‌وه بووه گوایه بانگه‌شه‌یان بۆ تیرۆر كردووه. ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌ی دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا قسه‌یان كردووه.
راپۆرته‌كه باسی ئه‌و دیواره‌ش ده‌كات كه توركیا له سنووری سووریا درووستی كردووه و ده‌ڵێت: "توركیا به‌رده‌وامه له دیواركردنی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سووریا و ئێران، تا مانگی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو، 91 كیلۆمه‌تر له كۆی 144 كیلۆمه‌تری سنووری ئێران ته‌واو بووه، هه‌روه‌ها 805 له كۆی 828 كیلۆمه‌تر دیواری نه‌خشه بۆ داڕێژراوی سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ سووریادا.