30مین کۆنفڕانسی ساڵانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە ئەمەریکا بەڕێوەچوو

"کۆنفڕانسەکە هەلی زیاتر بۆ لۆبیکردنی کورد لە ئەمریکا دەرەخسێنێت"
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

بە بەشداری ژمارەیەك كەسایەتی سیاسی كورد و چەند كۆنگرێسمانێك 30مین كۆنفرانسی ساڵانەی كۆنگرەی نەتەوەی كورد لە ئەمەریكا بەڕێوەچوو كە تێیدا بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئەمەریكا گفتوگۆی لەبارەوە كرا، هەروەها باس لە دواین پێشھاتەكانی كشانەوەی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستانیش كرا. نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە واشنتن رایدەگەیەنێت، ئەم كۆنفرانسانە گرنگن و دەرفەتێك بۆ زیاتر لۆبیكردنی كورد لە ئەمەریكا دەرەخسێنێت.

له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مەریكا كرا. كاریگه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ته‌وه‌ره‌یه‌كی گه‌رموگوری كۆنفرانسه‌كه‌ بوو. له‌ روانگه‌ی نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مەریكا، كۆڕوو كۆبوونه‌وه‌ی له‌م چه‌شنه‌ به‌ قازانجی دۆزی كورده‌.

یه‌كێك له‌ سه‌رۆكه‌كانی پێشوو كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ دامه‌زراندنی كۆنگره‌كه‌، گرێدراوی دۆخێكی پڕ له‌ كاره‌ساتی كوردستان بوه‌وه‌ كه‌ له‌و كاته‌وه‌ تاكوو ئێستا ئه‌ندامه‌كانیان پێكه‌وه‌و له‌پێناو ناساندنی پرسی كورد دا خه‌بات ده‌كه‌ن‌.

كۆنگره‌كه‌ ماوه‌ی دوو رۆژو له‌ ژێر ناوی داهاتووی كوردستان له‌ نێوان ده‌رفه‌ت و ململانێكان دا سازدرا،‌  كه‌ وتاربێژان به‌ پێداگرییه‌وه‌ باسیان له‌وه‌ كرد پێویسته‌ تێكۆشانی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ دامه‌زراوه‌یی بكرێ و له‌و چوارچێوه‌ش دا گرینگی پتر به‌ لاوان بدرێت.

ھ.م