ھێزە بیانییەكان دۆخی قامشلۆ دەگۆڕن

بازاڕی قامشلۆ جموجۆڵی تێكەوتووە
kurdistan24.net

K24 - قامیشلۆ

چەند رۆژێکە بازاڕی قامشلۆ بە بەراوەرد لەگەڵ ھەفتەی رابردوو جموجۆلی زیاتری تێكەوتووە، ھاووڵاتیان شارەكە دەڵێن، ھاتنی ھێزە بیانییەکان کاریگەری راستەوخۆی ھەبووە لەسەر ئەم دۆخە. لە لایەکی دیكە ئەوان ترسی ئەوەیان ھەیە ئەو ھێزانە جارێکی تر بڕیار بگۆڕن و پشت بکەنەوە کورد و بە تەنیا جێی بھێڵن.

شەھرزاد حەساف، یەكێكە لە كاسبكارەكانی بازاڕی قامشلۆ بە كوردستان24ی گوت: "لەگەڵ ھاتنی ھێزە بیانییەكان بۆ قامشلۆ تا رادەیەك بارودۆخەكە ئارام بووەتەوە، ئێمە دەمانەوێت سەقامگیری ھەبێت و لە بارودۆخێكی ئارامدا كار و كاسبی خۆمان بكەین".

كاسبكارێكی دیكەی قامشلۆ بەناوی عەبدولقادر ھەمزە دەڵێ: "ترس لای ھاووڵاتیانی قامشلۆ رەویتەوە و خەڵك دێنە بازاڕ و پێداویستییەكانیان دەكڕن، نرخی كەلوپەلیش بەرز بووەتەوە".

دەشڵێت: "ھەر وڵاتێك دێتە ناوچەكە خۆی بەھێز دەكات، دواتر پێمان دەڵێن بای بای، ئێمە بێكەسین و كەس دۆستمان نییە".

ھێرشەكانی توركیا و ئەنجامدانی تەقینەوە لەناو شارەكانی رۆژئاوای كوردستان، لە چەند ھەفتەی رابردوودا ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵك دروست كردبوو، وەكخۆیان باس دەكەن ماوەی ھەفتەیەك دەبێت لەگەڵ ھاتنی ھێزە بیانییەكان دۆخەكە تاڕادەیەك ئارام بووەتەوە.

ھ.م