وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر په‌لاماردانی كونسوڵخانه‌ی ئێران له كه‌ربه‌لا هاته ده‌نگ
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌سه‌ر هه‌ڵكوتانه سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له كه‌ربه‌لا له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران و خه‌ڵكی ناڕازیی هاته ده‌نگ و ته‌ئكید ده‌كاته‌وه، نێرده دیپلۆماسییه‌كان هێڵی سوورن.
به‌هۆی رووداوه‌كانی دوێنێی شاری كه‌ربه‌لا و هێرشكردنه سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له كه‌ربه‌لا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاندووه: "پابه‌ندین به رێزگرتن له نێرده دیپلۆماسیه‌كان كه به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی ڤیه‌ننا بۆ په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان كارده‌كه‌ن و پێویسته ئاسایش و ئارامییان نه‌خرێته مه‌ترسییه‌وه".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت: "ئاسایشی نێرده دیپلۆماسییه‌كان و كونسوڵخانه‌كان هێڵی سوورن و رێگه به پێشێلكردن و زێده‌ڕۆیی بۆ سه‌ریان ناده‌ین، بۆ رێگه‌گرتن له تێكدانی ئاسایشی ئه‌و نێرده دیپلۆماسیانه، ھێزه ئه‌منییه‌كان هه‌موو رێوشوێنێك ده‌گرنه‌به‌ر".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ته‌ئكیدیشی كردووه‌ته‌وه، ئه‌و جۆره كرده‌وانه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كان و دراوسێیه‌تی نێوان هه‌ر دوو وڵات نابێت.
ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه سه‌دان خۆپیشانده‌ر چوونه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی كونسوڵخانه‌ی ئێران له كه‌ربه‌لا و ئاڵای ئێرانیان داگرت و داوای ده‌ركردنی ئه‌ندامانی كونسوڵخانه‌كه و داخستنیان كرد.
متظاهرون عراقيون يحاصرون القنصلية الإيرانية في #كربلاء، ويرفعون علم بلادهم على حائطها#العراق # pic.twitter.com/IOwZAfWCJO
— إيران إنترناشيونال-عربي (@IranIntl_Ar) November 3, 2019