كاروانێكی سەربازیی ئەمەریكا گەیشتە ھەرێمی كوردستان

لە رۆژئاوای كوردستان كشاوەتەوە

K24 - دھۆك

ئەمڕۆ كاروانێكی دیكەی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان كشاوەتەوە و گەیشتە ھەرێمی كوردستان.

چەكدار جەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "كاروانی سەربازیی ئەمەریكا كە لە رۆژئاوای كوردستان كشاوەتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ گەیشتە سنووری دھۆك و بەرەو ھەولێر كەوتوونەتەڕێ، جگە لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان، چەند ئۆتۆمبێلێكی بارھەڵگر لەگەڵ كاروانەكەدان".

پێشتریش چەند كاروانێكی دیكەی ھێزەكانی ئەمەریكا، كە لە رۆژئاوای كوردستان كشابوونەوە، گەیشتنە ھەرێمی كوردستان و بەشێك لەو ھێزانەش لە پارێزگای ئەنبار نیشتەجێ كران.

لە سەرەتای ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ ھێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان كشانەوە. دواتر ئەمەریكا بڕیاری دا بەشێك لە ھێزەكانی بمێننەوە، بۆیە ھێزەكانیان رەوانەی ھەندێك كێڵگە نەوتییەكانی رۆژئاوای كوردستان كردەوە.

ھ.م