ژماره‌یه‌ك كۆنگرێسمان داوای سزادانی توركیا له تره‌مپ ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی كۆماری و دیموكراته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا، داوایان له سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان كرد، به هۆی پێشێلكردنی رێككه‌وتنی ئاگربه‌سته‌وه سزای توركیا بدات.
هه‌ریه‌ك له ئه‌ندامانی كۆمارییه‌كان، لینزی گراهام و مارشا بلاكبێرن و له دیموكراته‌كانیش كریس ڤان هۆلین و ریچارد بلۆمنتاڵ و جین شاهین له په‌یامێكدا داوایان له وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پۆمپیۆ كرد، مه‌ترسییه‌كان له‌به‌ر چاو بگرێت.
ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی كۆماری و دیموكراته‌كان ره‌خنه‌ی توندیشیان له بڕیاری تره‌مپ بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له سووریا گرتووه.
له په‌یامه‌كه‌یاندا، دووپاتیان كردووه‌ته‌وه، كه هێزه‌كانی توركیا له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی ئارام له جموجۆڵدان. ئه‌و میلیشیایانه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای توركیان، به‌رده‌وامن له په‌لاماردانی هێزه كوردییه‌كان له نزیك ته‌ل ته‌مر.
ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه، تره‌مپ چه‌ند جارێك رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر توركیا پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه نه‌بێت ئه‌وا؛ ئابوورییه‌كه‌ی وێران ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی له دژی توركیا نه‌گرتووه‌ته به‌ر.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز
ئ.ر