نامه‌یه‌ك بۆ پێغه‌مبه‌ر!
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا، سڵاوت لێ بێت. ئێمه ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر كۆنترین قه‌ڵای مرۆڤایه‌تی كه له پێش هاتنی تۆ و په‌یامه پیرۆزه‌كه‌ت دروست كراوه، له نێوجه‌رگه‌ی پایته‌خته‌كه‌ماندا، یادی تۆ ده‌كه‌ینه‌وه، سڵاو و درودت بۆ ده‌نێرین، به‌یداخی تۆمان هه‌ڵداوه و ده‌ف ده‌كوتین و هاتنه دنیات لێ پیرۆز ده‌كه‌ین، به‌ڵام سوپاكه‌ی سوڵتان، كه له‌سه‌ر ته‌ختی موباره‌كی تۆ دانیشتووه، له ژێر ناوی تۆدا، ده‌مانكوژێت!
ئاماری ساڵێكی وڵاته‌كه‌مم له‌به‌ر ده‌سته، هه‌ر شازده سه‌عات جارێك له نێو ئه‌م پایته‌خته‌ماندا، مزگه‌وتێكمان دروست كردووه، هیچ گه‌ڕه‌ك و گوند و ده‌شت و پێده‌شته‌كمان نییه مزگه‌وتێك یان دووان و سیانی تێدا نه‌بێت و یادی تۆی تیا نه‌كرێته‌وه و په‌یامی تۆی تیا جاڕ نه‌ده‌ین، به‌ڵام پاش تۆ، هه‌موو ئه‌و پادشا و میر و مه‌لیك و سوڵتانانه‌ی وه‌ك جێگره و خه‌لیفه‌ی تۆ خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و سوپاكانیان بۆ دزی ده‌نێرنه سه‌رمان، له‌سه‌ر په‌رچه‌مه‌كانیان ناوی موباره‌كی تۆ ده‌نووسن!
ئێستا خه‌لیفه و جێگره‌وه‌كانت له ئه‌سته‌نبوڵ و تاران و شامه‌وه، له كوفه‌ی خوێناوییه‌وه، به ناوی تۆوه دێن و ته‌نانه‌ت قه‌ل و قازیشمان ده‌دزن، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر وڵاته‌كه‌مان و وێرانی ده‌كه‌ن. سوپاكه‌ی سوڵتان به چه‌كی فۆسفۆر كه له سه‌رده‌می موباره‌كی تۆدا هێشتا دانه‌هاتبوو، منداڵه‌كانمان ده‌سوتێنێت. ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا، سوڵتان بێ شه‌رمانه له‌سه‌ر به‌یداخه‌كه‌ی نووسیویه‌تی (موحه‌مه‌د)، به ناوی تۆوه هات و تا ئێستا زیاتر له سێسه‌د هه‌زار خێزانی ئێمه‌ی ئاواره كردووه و سه‌دان و هه‌زارانیشی لێ كوشتووین! هیچ شه‌رمێك له ناوی موباره‌كی تۆ ناكه‌ن و نه‌ك هه‌ر ماڵ و سامانمان، ته‌نانه‌ت ده‌چنه سه‌ر كولانه‌ی مریشكه‌كانمان و هێلكه‌شمان لێ ده‌دزن!
ئه‌ی موحه‌مه‌د، ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا، ئه‌و كاته‌ی هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كانی تۆ له مه‌ككه‌وه، مه‌ككه‌ی ژێر سته‌می قوڕه‌یش، به‌ره و حه‌به‌شه هه‌ڵهاتن، په‌نایان بۆ نه‌جاشیی پادشای حه‌به‌شه برد كه مه‌سیحی بوو، ئه‌و پاراستنی و نه‌یكوشتن، ده‌ی ئه‌مڕۆ ئێمه‌ش هه‌ر وه‌ك هاوه‌ڵه‌كانی تۆ، له ده‌ستی ئه‌و خه‌لیفه و سوڵتانانه هه‌ڵدێین كه خۆیان به جێگره‌وه و شوێنكه‌وته‌ی تۆ ده‌زانن، ئێمه‌ش به ناچاری په‌نا بۆ نه‌وه‌كانی نه‌جاشی ده‌به‌ین تا له سته‌می ئه‌م سوڵتانه و خه‌لیفانه بمانپارێزێت كه له‌سه‌ر ته‌ختی موباره‌كی تۆ دانیشتوون، ئێمه هه‌میشه نزامان ڕوو له خودا و په‌ناشمان ترامپ و مێركڵ و ماكرۆن و پادشاكانی دووری دنیای مه‌سیحه، گه‌ر ئه‌وان نه‌بن، یان به ناوی موباره‌كی تۆوه، یان به ناوی عه‌لی كوڕی تاڵیبی ئامۆزای به‌رێزته‌وه ده‌مانكوژن!
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا، قوڕه‌یش داوای كرد نه‌جاشی هاوه‌ڵه‌كانی تۆی ڕاده‌ست بكاته‌وه و نه‌یكرد، سوڵتانیش هه‌ر وه‌ك ئه‌وسا، داوا له نه‌وه‌كانی نه‌جاشی ده‌كات، مه‌زڵومه‌كه‌ی ئێمه‌ی ڕاده‌ست بكاته‌وه و ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك باپیره‌ی نایكات. ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری نازدار، له پاش تۆ، هه‌موو شتێك گۆڕاوه، ئێستا ئه‌وه‌ی ده‌مانكوژێت له شوێنكه‌ته‌كانی تۆی به‌ڕێزن، ئه‌وه‌یشی ده‌مان پارێزێت، نه‌وه‌كانی نه‌جاشین. ئێمه ئێستا داوا ده‌كه‌ین سوپاكانی ئه‌وان بێن و منداڵه‌كانمان له تۆپ و ئاگری سوڵتان بپارێزن.
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری دادی دنیا، هه‌ر كه‌س هات به ناوی موباره‌كی تۆوه كوشتینی، ئێمه ده‌زانین تۆی به‌رێز له‌مانه بێبه‌ریت، ده‌شزانین تووڕه‌یت لێیان و له ڕۆژی حیسابدا شاهێدیمان بۆ ده‌ده‌یت، به‌ڵام ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه تا سوپاكه‌ی سوڵتان منداڵی تری نه‌كوشتووین و گوندی تری نه‌سووتاندووین و سامانی تری لێ نه‌دزیوین، بچیته خه‌ونی و هه‌ڕه‌شه‌ی ئاگری دۆزه‌خی لێ بكه‌یت، به زاری موباره‌كی خۆت، موژده‌ی ئه‌سفه‌له سافلینی پێ بده. ئه‌وه‌تا ئێمه یادی تۆ ده‌كه‌ینه‌وه، دونیا تا ئه‌وپه‌ڕی عه‌ده‌م گوێی له ده‌نگی ده‌فی ئێمه‌یه بۆ تۆ، تكایه منداڵه‌كانمان له ئاگری سوڵتان بپارێزه، زمانه‌كه‌مان دیاری یه‌زدانه و سوڵتان و خه‌لیفه‌كان نایه‌ڵن قسه‌ی پێ بكه‌ین. ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا، تۆ ئه‌م هه‌موو خوێنه‌یان لێ قه‌بووڵ مه‌كه.