ئێران هەناردەکاری بۆ عێراق زیاد دەکات
K24 - ھەولێر
ئێران ھەناردەكانی بۆ عێراق زیاد دەكات و لە بەرامبەردا بازاڕەكانی ئەوروپا لەدەست دەدات.
یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆكی ژووری بازرگانی ھاوبەشی نێوان ئێران و عێراق بۆ ئاژانسی فارسی ئێرانی ئاشكرایكرد، ھەناردەكانی ئێران بۆ عێراق لە ماوەی 6 مانگی سەرەتایی ئەمساڵ گەشەسەندنێكی بەرچاوی تۆماركردووە، لە كاتێكدا كە ھەناردەكانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەرێژەی سەدا 75 داكەوتووە.
ئال ئیسحاق رایگەیاندووە، قەبارەی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق لە ماوەی ساڵی رابردوو گەیشتووەتە 13 ملیار دۆلار و تەنیا لە ماوەی 6 مانگی رابردوو 4 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە. لە بەرامبەردا بازرگانی نێوان ئێران و ئەوروپا لە ماوەی نیوەی یەكەمی ساڵ گەیشتووەتە 477 ملیۆن دۆلار كە ئەوەش بەراورد بە عێراق زۆر كەمترە و ھۆكارەكەیشی بۆ سزا نوێییەكانی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە بەسەر ئێران سەپاندوویەتی.
ھ.م