لاڤرۆڤ: ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت نیمچه ده‌وڵه‌تێك له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا دابمه‌زرێنێت
هێزه كوردییه‌كان ئیداره‌یه‌كی ناوچه‌یی درووست بكه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
رووسیا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا به نیازه ناوچه‌یه‌كی دابڕاو له باكوور خۆرهه‌ڵاتی سووریا درووست بكات و "نیمچه ده‌وڵه‌تێك"ـی لێ دابمه‌زرێنێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، "سێرگی لاڤرۆڤ"، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (12ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019) رایگه‌یاند، "ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت نیمچه ده‌وڵه‌تێك له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا دابمه‌زرێنێت".
"لاڤرۆڤ" له كۆڕبه‌ندی "ئاشتی" له پاریس وتارێكی پێشكه‌شكرد. تێیدا گوتیشی: "ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی كه‌نداو ده‌یانه‌وێت وه‌به‌رهێنانی گه‌وره له‌و ناوچه‌یه بكه‌ن، بۆ دامه‌زراندنی ئیداره‌یه‌كی ناوچه‌یی، كه هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه) ببنه كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی و نیازی خۆیانیان نه‌شاردووه‌ته‌وه، كه ده‌یانه‌وێت ده‌ست بگرن به‌سه‌ر نه‌وتی ناوچه‌كه‌دا".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌مه‌ریكا "رێگری" له هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌كات، به‌شداری بكه‌ن له پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی سووریا.
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمه و حكومه‌تی سووریا لایه‌نگری ئه‌وه‌ین هه‌مووان كار بكه‌ن بۆ ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجێك؛ تا بتوانرێت ژێرخانی ئابووری سووریا بنیاتبنرێته‌وه. هه‌روه‌ها كارئاسانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بكرێت. سه‌ره‌نجام ژیان بگه‌ڕێته‌وه دۆخی ئاسایی".
سه‌رچاوه: RT
ئ.ر