زێڕ گران بوو

دوای لێدوانە نوێیەکان لە بارەی جەنگی بازرگانی

K24 – هه‌ولێر:

دوای لێدوانە نوێیەکان لە بارەی جەنگی بازرگانی نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە کرد.

نرخی ئەو کانزا زەردە لە بازاڕەکانی بە رێژەی (0.6%) بۆ ئاستی (1462) دۆلار (5) سەنت بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.

ئەم بەرزبوونەوەیە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمه‌ریکا دێت، کە رایگەیاند، زیاتر لە چین کەس بەو شێوەیە یاری نەکردووە و ئەمریکای نەقۆستووەتەوە، لەوەتەی بووەتە ئەندام لە رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2001)ـەوە.

هاوکات سەرۆکی ئەمه‌ریکا گووتیشی: "وشەی ساختەکردن بەکارناهێنم، بەڵام کەس هێندەی چین ساختەی نەکردووە بۆیە ئەمە دەڵێم"، هەروەها سەرۆکی ئەمه‌ریکا دووپاتی کردەوە، کە هەروەک چۆن پەیمانی دابوو پێناسی گومرگی نوێ دەسەپێنێت بەسەر کاڵای چینی ئەرگەر نەگەنە رێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ چین. ئەوەش دوای ئەوە دێت هەردوو وڵات ئاماژە بەوە دەدەن لە قۆناغی یەکەمی رێککەوتن گەیشتوونەتە ئەنجام".

"مایکل ماکارسی" سەۆکی ستراتیژی بازاڕ لە "CMC" بۆ "سی ئێن بی سی" رایگەیاند، "ئاراستەی دابەزینی زێڕ بە شێوەیەکی کاتی وەستاوە، کە هۆکارەکەی سەرۆکی ئەمه‌ریکایە لە لایەک دەڵێت لە گەیشتن بە رێککەوتن نزیکن، لە لایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوەدەدات ئەگەر نەگەنە رێککەوتن پێناسی گومرگی بەرزدەکاتەوە".

"مەکارسی" گوتیشی: مامەڵەکردنی زێڕ لەو ئاستە تەسکە بە مانای نا دڵنیایی بازاڕ نایەت، بەڵکو گوزارشتە لەسەر بازاڕ لە دۆخێکی شڵەژاندایە بۆ قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی، کە ئایا رێکدەکەون.

جگە لەوش چەندین هەواڵی دیکە نرخی زێڕی لە بۆرسەکانی ئاسیا بەرزکردەوە، وەک بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی هۆنگ کۆنگ و رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس و خۆپیشاندەران کە بەهۆی چەندین هێڵی گواستنەوە داخراوە، کارەکان لەم هەفتەیە وەستاون.

بەو هۆیەشەوە پشکەکانی هۆنگ کۆنگ بە رێژەی (4%) لەم هەفتەیە دابەزیووە، لە بەرامبەردا پەناگە ئارامەکانی وەک زێڕ دەستکەوتیان هەبووە.