ئەڵمانیا ده‌یه‌وێت توانای هواوی سنووردار بكات

رەشنووسێک ئاماده‌كراوه‌

K24 – هه‌ولێر:

حکوومەتی ئەڵمانیا ده‌یه‌وێت کارەکانی کۆمپانیای هواوی چینی بۆ تەکنەلۆژیای 5G بەرتەسک بکاتەوە.

چەند سەرچاوەیەک رایانگەیاند، رەشنووسێک بۆ رێوشوێنی ئەمنی لە لایەن حکوومەتی "ئەنجێلا مێرکل" ئامادەکراوە، کە ئامانج لێی سنووردارکردنی کۆمپانیای هواوییە لە پشکداری دامەزراندنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەم.

ئەڵمانیا بەو هەوڵەی دەیەوێت دڵەڕاوکێکان لە بارەی دەزگای سیخوڕی لە نێوان ئەمەریکا وڵاتەکەی بڕەوێنێتەوە، کە ترسیان هەیە کۆمپانیای هواوی هاوکاری حکوومەتی چین بکات و تەکنەلۆژیاکەی بۆ سیخووڕی کردنە سەر رۆژئاوا بەکاربهێنیت.

ئەمە لە کاتێکدایە مێرکڵ هەینی رابردوو رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی هواوی هاوبەشێکی کاریگەر بووە لە ئەڵمانیا بۆ دامەزراندنی تۆڕی پەیوەندییەکانی نەوەی دووەم و سێیەم، بەڵام پێوەرەکان زۆر توند دەبن بۆ کۆمپانیاکە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری نەوەی پێنجەم دابمەزرێنێت.