"گەندەڵی وەزارەتی کارەبای عێراق گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار"

داوا دەكرێت وەزارەتی كارەبا لە كەسانی گەندەڵ پاك بكرێتەوە

K24 - ھەولێر      

عالیە نسەیف پەرلەمانتاری عێراق داوا دەکات وەزارەتی کارەبا لە کەسانی گەندەڵ پاک بکرێتەوە، کە وەزارەتەکە بووەتە سەرچاوەیەک بۆ دزینی پارە و داڕماندنی ئابووری عێراق.

ئەو پەرلەمانتارە وەزارەتی کارەبا بە مانگایەکی شیردەر وەسف دەکات، کە گەندەڵەکان دەیدۆشن و دواتی لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە باس لە دەستکەوتەکانیان دەکەن.

نسەیف رایگەیاند: "ئەوەی روون بووەتەوە وەزارەتی کارەبا راپۆرتی پڕ لە درۆ و فێڵبازی بڵاودەکاتەوە، و باس لە دەستکەوتە وەهمییەکان دەکات کە لە ئەرزی واقیعدا بوونیان نییە".

نوسەیف ئاماژە بەوەدات، کە بەم دواییە وەزارەتی کارەبا رایگەیاند رێژەی بەرهەمهێنان 16% بەرزدەکەنەوە لە سێ ساڵی داهاتوو دەگەنە ئاستی خود بژێوی بە ئاستی 26 هەزار مێگاوات، بەڵام وەزارەتەكە ئابووری وڵاتەکەی داڕماندووە کە ئاستی هاوردەکردن لە وڵاتانی دراوسێ نیوەی ئاستی بەرهەمهێنانە، ئەوەش قورساییە بۆ بودجە و ملیاران دۆلار بۆ ئەو مەبەستە بەفیڕۆ دەدرێت.

ھ.م