ئاستی بەرھەمھێنانی داناگاز لە ھەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە

لە 9 مانگدا بەرێژەی 23% بەرزبووەنەوەی تۆماركردووە

K24 - ھەولێر

لە ماوەی 9 مانگی سەرەتایی ئەمساڵ ئاستی بەرھەمھێنانی كۆمپانیای داناگاز لە ھەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی كۆمپانیای داناگاز، ئاستی بەرھەمھێنانی لە ھەرێمی كوردستان لە 9 مانگدا بەرێژەی 23% بەرزبووەنەوەی تۆماركردووە لەسەر بنەمای ساڵانە، بەجۆرێك بەرھەمھێنانی كۆمپانیاكە گەیشتووەتە 31 ھەزار و 800 بەرمیل نەوتی رۆژانه‌ بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

ھاوكات بەگوێرەی ئامارەكانی كۆمپانیاكە، یەدەگی ھەردوو كێڵگەی خورمۆر و چەمچەماڵ بە تێكڕای ملیۆنێك و 87 ھەزار بەرمیل نەوت زیادەی تۆماركردووە  و سەبارەت بە شایستە داراییەكان، بەھای شایستەی دارایی كۆمپانیاكە لە ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 116 ملیۆن دۆلار.

كۆمپانیاكە راشیگەیاند، قازانجەكانی لە ماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەرێژەی 246% زیادیكردووە.

ھ.م