پێكھاتە ئایینییەكان داواى زيادكردنى كورسى كۆتا ده‌كه‌ن

پێشنیازەكانی خۆیان رادەستی وەزیری ھەرێم كردووه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

پێكھاتە ئایینییەكان داوادەكەن كورسی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان زیاد بكرێت، بۆ ئەمەش داواكاری و پێشنیازەكانی خۆیان رادەستی وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان كرد، لەھەمان كاتدا داوا دەكەن لە جوومگە جیاوازەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان و لە یەكە ئیدارییە خۆجێییەكان بەرپرسیارەتیان پێبدرێت و بەشداری كارایان پێبكرێت.

زیادكردنی كورسی كۆتاكان دیارترین داواكاری پێكھاتە ئایینییە جیاوازەكانە، كاكەییەكانیش ھەمان داواكارییان ھەیە، جیا لەوەی دەشیانەوێت لە جومگەكانی حوكمڕانی ڕۆڵیان ھەبێت.

وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێێكھاتەكان بەڵێن بە پێكھاتەكان دەدات ببێتە پردی نێوان ئەوان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان، تا ھەرچی داواكاری ئەوانە بیباتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران. لەھەمان كات داوای پاڵپشتیشیان لێدەكات.

لەماوەی رابردوو وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری پێكھاتەكان لەگەڵ توركمانەكان و كریستیانەكانیش كۆبۆوە، ئەوەی ئەوانیش بە مافی خۆیان دەزانن پاراستنی فەرھەنگ و كولتووریانە لەگەڵ بەشداریكردنی كارا لە دامەزراوە ئیدارییەكانی پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان.

ئ. م