له رێگهی بابهتێكی رۆژنامهوانی كوردم ناسی
K24 - ههولێر:
ژان ماری پرادیێر رۆژنامەنووسێکی فرەنسییە، ئەو لە ڕۆژانی شۆڕشی ئەیلوولدا بە کورد ئاشنابووە و تا ئێستاش پەیوەندی لەگەڵ دۆزی کورد بەردەوامە.
ژان ماری پرادیێر، ڕۆژنامهوانێكی فهڕهنسییه، له سهردهمی شۆڕشی ئهیلوولی مهزن، چهند جارێك سهردانی كوردستانی كردووه و له نزیكهوه سهركردایهتیی شۆڕش و پێشمهرگهی كوردستانی بینیوه، ناوبراو له ههڤپهیڤینێكی تایبهتی كوردستان24دا، وهك شایهتحاڵێك، ئهو چیرۆكانهی سهردهمی شۆڕشی كورد دهگێڕێتهوه، كه به چاوی خۆی بینیویهتی.
كوردستان24: بەڕێزتان دۆستێکی نزیکی گەلی کورد و شۆڕشەکەین، لەکەیەوە و چۆن ئەو دۆستایەتییە دروستبووە؟
ژان ماری پرادیێر: ئەمە چیرۆکێکى دوور و درێژە، له سهردهمی شهڕی جهزائیر وەك ئەفسەر لە سوپای فەڕەنسا خزمەتم دەکرد، بە ڕاستی بارودۆخێکی ترسناك بوو، شەڕ بوو دژی خۆپیشاندان و ئازادی و خەڵك، ئیتر لە ساڵەکانی شەستەکاندا لە جەزائیرەوە گەڕامەوە.
ئهو كاتهی گهڕامهوه فهڕهنسا، له زانكۆی فهڕهنسی دەستم بە وانەوتنەوە كرد، کاتێک ڕۆژنامەکانم دەخوێندنەوە بۆ ئهوهی بزانم چ شتێک دروستە، بابەتێکم خوێندەوە، وەکوو ڕۆژنامەنووسان پێی دەڵێن نھێنییەکانی شەڕ، یاخود پشتگوێخستنی شەڕ، یان بەجێھێشتنی خەڵك، ئەوەش دەربارەی شۆڕشی کورد بوو. بەڵام تەنیا یەك بابەتی بچووك ههبوو، پێویستە بیرت بێت چی شتێك له شهستهكاندا دروست بوو.
یەکەم: لە تێڕوانینی من وەکوو فەڕەنسییەك لە سەردەمی شەڕی داگیرکاری و کۆتاییھاتنی، جەنەڕاڵ دیگۆڵ ھەوڵی دا سەرلەنوێ و دووبارە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا دروست بکاتەوە. جەنەڕاڵ دیگۆڵ دەربارەی کێشەی کورد شارهزایی ههبوو، لەبەرئەوەی چەندین جار له سووریا لەگەڵ کوردەکان کۆببووهوه. بهو پێیهی ئهوكات ناوبراو له ساڵهكانی سییهكاندا له سوپای فهڕهنسا ئەفسەر بوو، بەڵام ئەو ناچار بوو بە شێوەی فهرمی ھیچ دەربارەی کێشەی کورد نهڵێت. ئەگەر بیرتان بێت حکوومەتی فەڕەنسی ئەوکات، ھەوڵی دا سەرلەنوێ پەیوەندی ھەبێت لەگەڵ عبدولکەریم قاسم، بهڵام كاتێ ناوبراو لە 14ی تهممووز كوژرا، ئەو کاتە له فهڕهنسا بۆنەی نیشتمانی بوو.
دووەم: لەو کاتەدا ھەموو جیھان، بەتایبەت چەپەکان و ئهوانهشی كه بەشداربوون و پشتگیریی شۆڕشە ناوخۆییەکانیان دەکرد، بۆ شۆڕشی کوبا و شۆڕشی ڤیدڵ کاسترۆ و ڤێتنام زۆر خەمبار بوون و هاوسۆزیان بوون.
ناتوانی بیھێنیتە بەرچاو لە ڤیتنام شەڕ چۆن بوو، ھەروەھا بارودۆخی قوتابیان لە ئەمریکا و جیھاندا چۆن بوو. ئێمە وەکو قوتابیان دژی شەڕ بووین وھەمیشە گفتوگۆکانمان دەربارەی شەڕ بوو لە ڤیتنام، بەڵام کاتێك قسەت دەربارەی کوردستان دەکرد، ھیچ کەس نەیدەزانی و باسكردن لهو ناوه، شتێکی نوێ بوو لەو کاتەدا، بهردهوام دهتبیست چیی؟ کوردستان چییە؟ کوردستان كوێیه؟ لە ساڵی 1966، شۆڕشی کۆرزۆڤڵ له چین لهگهڵ (ماو تسی تۆنگ) ڕووی دا، ھەموو قوتابییە گەنجەکان، بهتایبهتی گهنجه چەپەکان "ماو"یان خۆشدهویست، ھەروەھا چەندین کەلوپەل و تیشێرتی تایبەتی وەکو چینییهكانیان لەبەر دەکرد.
ڕۆژێکیان بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشم دەربارەی بێدەنگیی دونیا لەسەر کوردستان خوێندهوه، دواتر وتم دەبێت زیاتر بزانم، لە پاشاندا بڕیارم دا بچم بۆ کوردستان، بۆ ئەوەی تێ بگەم بۆچی خەڵکی کورد شەڕ دەکەن. پرسیارم لەخۆم دەکرد: ئایا ئەمە شەڕی ناوخۆی خۆیانە، یان شەڕی عەرەبە له دژی کورد؟ ئایا ئەم شهڕه سیاسییە، یان ئایينییە؟ بۆیە نەمدەزانی. لەو کاتەدا ڕۆژنامەنووسێك بە ناوی (ڕۆنیۆ مەریۆس) سەردانی کوردستانی کردبوو، ڕێک ساڵی 1965 بوو، ناوبراو له شهڕی ههندرێن وەکوو شایەتحاڵێك بوو، ئەو شەڕەی لە نێوان سوپای ئەوکاتی عێراق و پێشمەرگە له ناوچهی ڕواندز ڕووی دابوو، واته ئەو شوێنەی پێی دەوترێت شاخی ھەندرێن.
کاتێک ڕۆنیۆ مەریۆس گەڕایەوە فەڕەنسا، بابەتێکی نووسی و لەگەڵ كتێبێك به ناوی (کوردستان یان نهمان)، كتێبهكه دەربارەی پێشمەرگە و بابهتی ديكه بوو. ھەروەکوو ڕۆمانێك وا بوو، ڕۆمانی شەڕ. بۆیه منیش بڕیارم دا بچمه کوردستان و ھەندێك بابەتی جیددی بنووسم، دیاره ئەوکات گەنج و ھەرزەکار بووم.
بهڵام چۆن دەتوانم بچمه کوردستان؟ بۆ ئهو مهبهسته نامەیەکم بۆ ڕۆژنامەیەك نووسی و پرسیارم کرد، ئایا ئێوە کەسێك دەناسن بتوانێت ھاوکاریم بکات بۆ ڕێکخستنی گەشتێك بۆ کوردستان؟ ئینجا ناوونیشانێکیان پێ دام "ئەمیر کامەران بەدرخان"، کە لە پاریس دەژیا. من لەوکاتەدا کارم بۆ پەیمانگای دەروونیی زانکۆی تولوز دەکرد و بروانامەی دکتۆرام وەرگرت، بەڵام تا ڕاددەیەك کاتی ئهوهم ھەبوو لەناو گرێبەستی کارکردنەکەمدا و گرێبەستەکەشم بەرە و تەواوبوون دەچوو. دواتر وتم ئێستا من دەستم بەتاڵە و دەتوانم سەردانی کوردستان بکەم و ھەرچەندێك پێویست بکات، بمێنمهوه، بهڵام پێشتر چوو بووم بۆ پاریس و ھەندێك برادەرم بینی و ھەوڵمان دا چی گرنگە لەو گەشتەدا بیکەین، نەك تەنیا سەرکێشی بێت. بۆیه بیرمان کردەوە لەوانەیە ئەگەر ھەندێك کەلوپەل و دەرمان لەگەڵ خۆماندا بەرین، بەسوود بێت. وهك ھەندێك کەلوپەلی پزیشکیی بۆ خەڵکی کورد، دواتر دوو قوتابیم بینی، ژن و پیاوێك كه لە بەشی پزیشکی دەیانخوێند، برادەری زۆر خۆشەویستم بوون، ئهمهو لهگهڵ برادەرێکی دیكهی فەڕەنسی، ئەو لە بواری میکانیکدا زۆر شارهزا بوو و لەبەر ئەوەی ئێمە ھیچ پارەمان نەبوو، تەنیا ئۆتۆمبێلێکی کۆنی بچووکمان نهبێت، کە خێراییەکەی تەنیا 60 کیلۆمەتر بوو لە كاتژمێرێكدا، لهكاتیكدا دەبووایە لە ڕۆژھەڵاتی ئەوڕوپاوە بپەڕینەوە بۆ تورکیا. کامەران بەدرخان پێی گوتین ئێوە ناتوانن ڕاستەوخۆ بۆ کوردستان گهشت بكهن، باشترین چارەسەر بۆ ئێوە ئهوهیه بچنه تاران و لهوێ بهو ئۆتۆمبیلە کۆنە بڕۆن. کەسێك دەبینن به ناوی بەڕێز قاسمی، بەڵام له ناوهكهی دڵنیا نیم، دواتر بەڕێز قاسمی پێتان دەڵێت چی بکەن.
بهههرحاڵ، بە ئۆتۆمبیلەکەمان بەڕێکەوتین، بەھێواشی لێمان دەخوڕی و دەنگی ڤڕ و هۆڕی زۆر بهرز بوو، ڕۆژی دواتر كاتژمێر 9 گەیشتینە تاران و لە سنوور پەڕینەوە بەرەو تەبرێز. لە تاران بەڕێز قاسمیمان بینی، وتی دەبێت بۆ چەند ڕۆژێك چاوهڕێ بكهن، لهو ماوهیه چەند وشەیەکی فارسیش فێر بووم، وەکوو سبەی و دووبەیانی، چونکە ئەو خەڵکانەی لە دەورمان بوون، ھەمیشە وهڵامی پرسیاری ئێمەیان دەدایەوە و دەیان وت، سبەی سبەی, با بزانین چۆن دەبێت سبەی ( پاس فەردا) فەردا.. پاس فەردا فەردا... پاس فەردا. ڕۆژێکیان بەڕێز قاسمی پێی وتین پێوسیتە لەسەرتان بچن بۆ بەغدا، بەڵام تەنیا بەیەك ئۆتۆمبێل، چونكه ئێمە دوو ئۆتۆمبێلمان لابوو. پێويستە بچن بۆ بەغدا و دواتر چاوتان بە کەسێك دەکەوێت و ناوونیشانێکی پێ داین. لە شەقامێکی کۆنی بەغدا، کە بازاڕێکی جوانی بەغدا بوو، لەو شوێنە چەندین دوکان و کۆگا و پەرتووك ھەبوون، پاشان گەیشتینە ناوهڕاستی بەغدا و دواتر چووینە دوکانی پەرتووکەکان و چاومان بە کەسێک کەوت و پێمان وت، ئێمە لە تارانەوە ھاتووین و بەڕێز قاسمی ناوونیشانی جەنابتی پێ داوین. پیاوەکە سەیری کردین و وهڵامی داینەوە و گوتی زۆرباشە. گوتی پێویستە ئێوه کەسێك ببین كه پارێزەرێکی ئۆپۆزیسۆنە و لە ھوتێل بەغدایە، ئەو پێتان دەڵێت چی بکەن. ھەردوو برادەرەکانم لە کۆی سێ برادەرەکانم دەبووایە بگەڕێنەوە فەڕەنسا، لەبەرئەوەی کاتی زۆرمان بەسەر برد، بەڵام بۆمن ئاسایی بوو، چونکە دەستم بەتاڵ بوو. پزیشکە ژنە قوتابییەکە، کەمێك کاتی زیاتری ھەبوو بە بەراورد لەگەڵ ئەوی دیكه، بۆیه لەگەڵ من و کەلوپەلە پزیشکییەکانيدا مایهوه، ئەو پیاوەی لهگهڵ ئێمه بوو لهگهڵ ئۆتۆمبێلهكه گەڕایەوە تارا، لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی خۆم پێشتر لە تاران لە گەراجێکی بچووکدا بەجێ ھێشتبوو. پارێزەرەکەی بەغدا ئێمەی بانگھێشت کرد و ههمیشه به من و قوتابییه پزیشکەکەی دەگوت سبەی یەکتر دەبینین، سبەی یەکتر دەبینین، بۆچی؟ چونکە دەزانیت لەو کاتەدا عهبدولسەلام عارف بە ڕووداوی ھەلیکۆپتەر کوژراوه، چۆن ڕووی دا، یاخود نا، ھیچ کەس نەیدەزانی چۆن بووە. دواتر براکەی ئهو، عهبدوڵڕەحمان زۆر لاواز بوو، زۆر شەرمن بوو، بووه شوێنگرەوەی براکەی، گفتوگۆی نھێنی لە نێوان دیبلۆماتکارانی کورد و دیبلۆماتکارانی بەغدا ههبوو کە لە شاخەکانەوە و له نزیك ناوچەی ناوپردان ھاتبوون.
ڕۆژێکیان کە لە ھوتێلێکی گەنجان دەمامەوە، لەبەرئەوەی ئێمه ئەوکات زۆر ھەژار بووين، ئای خوایە، نامەیەکم بۆ ھات، تێیدا نووسراوه کاتژمێر 6ی بەیانی ئامادە بن، تەنیا خۆتان و جانتاکانتان و .... هیتر. گوتم زۆر باشە، کاتژمێر شەشی بەیانی، موحسین دزەیی گەیشت و لەگەڵ پێشمەرگەکان کە کڵاشنيکۆفیان ھەڵگرتبوو. بیرمە بە ئۆتۆمبێلێکی مارسیدیس بوو، دواتر وتی سڵاو، چۆنن؟ من لەناوپردانەوە ھاتووم، دەبێت ئێستا بگەڕێمەوە بۆ ناوپردان، لەگەڵ مندا وهرن، گوتمان زۆر باشه، سوپاس.
بە ئۆتۆمبێلەکە بەڕێکەوتین، بەڵام لەژێر چاودێریی ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی گەورەدا بووین و لە دوامانەوە دەھات، ئیتر نازانم بۆ پاراستنی ئێمە بوو، یان بۆ چاودێریکردنمان هاتبوو. نازانم بۆچی و به دیاریکراوی، دوو ڕۆژ دواتر گەیشتینە سەر سنوور. ئەوکات دوو سنوور ھەبوو لە نێوان کوردستانی سەربەخۆ و کوردستانی عێراق، ئەو بەشەی داگیر کرابوو، لەلایەن سوپای عێراقەوە كۆنتڕۆڵ دهكرا. یەکەم گرووپی سەربازیی کە بینیم، ھاوشان لەگەڵ پێشمەرگەی چەکدار بێنە بەرچاوت، چەکداری عەرەب بوون و کۆمۆنیست بوون. موحسین دزەیی بۆمی ڕوون کردەوە و گوتی تۆ دەزانی ئێستا لە کوردستان شۆڕش ھەیە و پێشوازیی لە ھەموو خەڵکێك دەکەین کە دەیەوێت بۆ ئازادی لە عێراق تێ بکۆشێت؟ ھاوشانی ئەوان، شیعە، کۆمۆنیست، کریستیان، جووەکان و هیتر ههبوون.
یەکەم شت کاری تێکردم، کوردستان وڵاتێکە و بەدوای سەربەخۆیيدا دەگەڕێت، وڵاتێکی سەربەخۆ و ڕێزگرتن لە ھەموو کەس. دواتر لە ڕێگایەکی بچووکەوە چووینە ناوپردان. ناوپردان ناوچەیەکی بچووك، ھاوشێوەی لادێ بوو، لە گەڵاڵە نزیك بوو، کە ئەم ناوچەیە زۆرتر گرنگ بوو. ناوپردان بنکەی سەرەکیی کەی دی پی (پارتیی دیموكراتی كوردستان) بوو، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە لە بواری ھەواڵگریی خزمەت دەکەن، لهگهڵ ههندێك كهسی دیكه. بەخێرھاتنمان لێ کرا، عیسمەت شەریف وانلیش لەوێ بوو، بیرمە وهكوو من پانتۆڵێکی سپی و بلوزێكی شینی لهبهر بوو. ئەو بە فەڕهنسی قسەی دەکرد، ھەستم بە شۆك کرد، خەڵکی دیكهش لەوێ بوون، ئەوان زۆر بەخشندە بوون، زۆر زۆر، بهم مامهڵه و ڕهفتارهیان زۆر کاریان تێ كردم. بەھۆی کوالێتیی ڕێکخستنەوە ھەمووان لە بارودۆخێکی زۆر خراپ دەژیان، بۆ نیوەڕۆ برنجمان ھەبوو لەگەڵ ھەندێك پارچەی ڕووەکی. بیرمە وەکوو تەماتە و شلەیەك بوو، زۆر شل بوو، وا دیار بوو خراپ نەبوو، ھەندێك جار ماسی ھەبوو، بۆچی؟ چونکە لەو دەورەبەرە ماسی ھەبوو.
لەگەڵ ئەفسەرێکی پێشمەرگە بووم، ھەندێک جار کاتێك فڕۆکەکان بۆمبیان دهخسته خوارهوه و نەدەتەقین، ئەو لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دیكه، بۆمبهكانیان پووچهڵ دهكردهوه و تەقەمەنی ناویان دەردەھێنا. ههرچهنده بارودۆخهكه زۆر مهترسیدار بوو، بهڵام كارهكهیان سەرسوڕھێنەربوو. بیرمە ئەفسەرێکی ھەواڵگریی لەوێ بوو، دەمویست بزانم کورد تا چ ئاستێك زیرەکن، ئەو ئەفسەرە ھەواڵگرییە ھەندێك شتی پێکەنیناوی پێ گوتم. ئهو كه لە تۆمارکردنی ئەو نامانەی لە بەغداوە دەھاتن، شارەزا بوو، گوتی: "سوپاس كه عێراقی زۆر گەمژەن، چونکە لەو نامە نھێنییانەدا ھەمیشە ناوی مەلا مستەفا بارزانیان دەھێنا، ئێمە دەمانزانی دواتر کۆدی نھێنی بدۆزینەوە. ئەگەر شارەزایيت لە کۆدی نھێنی ههبێت، ئەوا تێدەگەێت لەمن".
دواتر منی بانگھێشت کرد بۆ ئەوەی جەنەڕاڵ مەلا مستەفا بارزانی ببینم، زۆر ھەستێکی خۆشم ھەبوو، بە ئۆتۆمبێلێکی جێب ڕۆیشتین، لەبەرئەوەی جەنەڕاڵ بارزانی لەناوپردان نەدەژیا، چونكه جێگایهكی زۆر مەترسیدار بوو، جۆرێك لە بنکەی سەرەکی تایبەتی ههبوو، كه لە سنووری ئێران زۆر دوور نەبوو.
لەوکاتەدا کوردستان جیا کرابووهوە، ھاوشێوەی دوورگهیهك بوو، لەلایەك ئێران کە ھەندێك جار یارمەتی کەی دی پی دەدا، لەبەرئەوەی ئێران کێشەی لەگەڵ سووریا و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیكه ههبوو، لەلایەکهشهوه دیكهوه سووریا و تورکیا. وەکوو دەشزانیت، حکوومەتی تورکیا ھەرگیز لهگهڵ كورد میھرەبان نەبووە. زۆر سەرسوڕھێنەر بوو، دەبینی ژیان لە شاخەکان و لەگەڵ بارودۆخی زۆر خراپدا و چەند کەلوپەلی سەربازیدا، چهند سهخته. من لە سوپای فەڕەنسا ئهفسهر بووم، بۆم دەرکەوت کە بەشێك لەو چەك و تەقەمەنییانە، ھی سەردەمی جەنگی دووهمی جیھانیی بوون، وەکو ڕادیۆ و چەکی ڕەشاش. ئەوان چەکی ڕەشاشیان لە بازاڕی نێودەوڵەتی دەکڕی و لە ڕێگای نھێنییەوە دهیانهێنایهوه. کورد لەوکاتەدا زۆر زۆر ھەژار بوو، بیرمە ئەوکات ڕۆژێك پێشمەرگەیەك پێی گوتم: "ئێستا زۆرباشە کە برنج دەخۆین، ھەندێک جار چامان دەخواردەوە، بەڵام چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئێمە نانمان ھەڵدەگرت و دەمانپاراست، بۆخۆمان نا، بەڵکوو بۆ داھاتوو. چونکه بۆ ھەڵگرتنی چەکی ڕەشاش لەسەر شاخەکان، زۆر گرنگ بوو.
دکتۆر مهحموود عوسمانم بینی، ئەو بەشێکی كارهكانی سیاسی بوو و بەشێکی دیكهیشی کاری پزیشكی بوو و لەناو نەخۆشخانە کاری دەکرد. لەوکاتەدا ھەندێك شتی سەرنجڕاکێش ھەبوون کە بیزانیت، ھەروەھا پزیشکێکی عەرەبم بینی پەنابەر بوو، كه لەگەڵ پێشمەرگە لە نەخۆشخانە کاری دەکرد. پێی گوتم زۆر سەرسوڕھێنەرە، چۆن پێشمەرگەکان بریندار دەبن و بە خێرایی چارەسەر دەکرێن، بەڵام بەندکراوانی عێراقی چارەسەریان بۆ ناکرێت، لەوانەیە زۆر بەھێواشیی چارەسەر بکرێن، ئەمەش دەزانی لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ لەناو مێشکی پێشمەرگەوە، یان لە ورە و مەعنەویاتهوه سەرچاوەی گرتووە؟ ئەوان زۆر بەھێز بوون، ئەوان دەیانزانی بۆچی شەڕ دەکەن و چیان دەوێت، ئەمەش یارمەتی لەشی ئەوانی دەدا، بۆ دووبارە زیندوبوونەوە بۆ شۆڕشی کورد.
كوردستان24: یەکەم جار سەردانی کوردستانتان کرد کەی و لە کوێ بوو؟
ژان ماری پرادیێر: یەکەم سەردانم بۆ کوردستان لە مانگی تهممووزی ساڵی ١٩٦٦ بوو، کۆتایی پایيز و سەرەتای زستان بوو. یەکەم جار لە ناوپردان بووم، دواتر زۆر بەختەوەر بووم، لەبەرئەوەی کاك سامی عهبدولڕەحمان ڕۆژێك پێی گوتم حەز دەکەیت لەگەڵ من بێیت؟ دەمەوێت سەردانی ھێزەکان بکەم، دەبێت ھەندێك پارە بدەمە پێشمەرگە، چونكه پێشمەرگەکان پێویستیان بە پارە بوو بۆ خێزانەکانیان. دواتر ئۆتۆمبێلێکمان گرت، ھەندێك جار جێب، یان لۆری، بۆ سەردانیکردنی ئەو شوێنانهی ئازاد کرابوون، بە دیاریکراوی لەبیرم نییە، لەبەرئەوەی سەردانی شارە گەورەکانمان نەدهکرد، بەڵام ئێستا کە گەڕامەوە بۆ کوردستان، بينيم ئێوە شاری زۆر گەورەتان ھەیە. ئێمە پێشتر لهگهڵ پێشمهرگه لە لادێکان و سەر شاخەکان بووین، ھەندێک جار لە لادێیەکەوە دهپهڕینهوه بۆ ئەوی ديكه، بەڵام ھەندێك لە لادێکان لەلایەن سوپاوە داگیر کرابوون. شتێکی سەرنجڕاکێشم له بیرە، سامی شتێکی پێ دام، بەڵام پێش ئەوەی ناوپردان بەجێ بھێڵین، پێشمەرگە یەکپۆش بوون و جلی پێشمەرگایەتیان لەبەر بوو، منیش وەکوو پێشمەرگە، جلی ئەوانم لەبەرکرد لەگەڵ جەمەدانى. ھیچ کەس، ھیچ سیخوڕێك، یان حکوومەت نەیاندەتوانی من بناسنەوە، کە من کەسێکی فەڕەنسیم. بیرمە کاتێك لهگهڵ ژمارهیهك پێشمهرگه بە لادێیەکدا تێپەڕ دهبووین، كه ئەوکات جۆرێك لە ئاگربەست ھەبوو، ئەوەی جێگای مەترسیی زۆر بوون، جاشەکان بوون، جاشەکانی ساڵی 1965، تۆ وشەی جاش دهزانی؟ وایە؟ جاش... جاش.
جاشەکان ئەو کوردانە بوون لەلایەن حکوومەتەوە پارەیان پێ دەدرا، بۆ ئەوەى لە دژی پێشمەرگە شەڕ بکەن. لەوکاتەدا بۆچی سوپای عێراق جۆرێک بێدەنگیی پێوە دیار بوو؟ بە ڕەسمی بێدەنگیان پێوە دیار بوو، جاشەکان ھەندێک جار ھێرشیان دەکردە سەر پێشمەرگە، ئەو گرووپە بچووکانە زۆر ترسناك بوون، لەبەرئەوەی وەکوو لە یەکێك له وێنەکاندا بینیت، ئێمە ژمارەمان لەگەڵ کاك سامی، نزیکەی 10 پێشمەرگە یان 12 پێشمەرگە بووین، ھەمیشە پێکەوە دەگەڕاین، ھیچ شتێکی زیاتر نەبوو، ھەندێک جار لە گرووپی دیكهى پێشمەرگە نزیک دەبوینەوە، ئەوانیش دەھاتنە ناو گرووپەکەی ئێمەوە.
كوردستان24: بەڕێزتان چەند جارێك لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا سەردانی کوردستان و پێشمەرگەتان کردووە و سەرکردایەتیی شۆڕشتان بینیوە؟
ژان ماری پرادیێر: بەڵێ، ھەر زۆر، ھەندێك شت ھەیە پێویستە پێت بڵێم. ئەوکات زۆر کاتم ھەبوو، ھیچ کەسێك وەك کۆریای باکوور، یان وڵاتانی دیكه نهبوون، بە دوای من بکەوێت و بەھیچ شێوەیەك پرسیار لەمن بکات و پێم بڵێت ئەوە بکە و ئەوە مەکە. بۆ یەکەم جار عیسمەت شەریف وانلی وەرگێڕی من بوو، لەگەڵ ئەودا چووینە لادێیەك، دوای ئەوە پرسیارم لە خەڵك دەکرد، چی گرنگە بۆ تۆ؟ ھەستی تۆ چۆنە؟ تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە؟ ئایا دەربارەی داھاتوو چۆن بیر دەکەیتەوە؟ بەم شێوەیه، ئەوان دەیان گوت تەنیا سەربەخۆیی و ئازادی. دوای ئەوە ھەندێك لە ئەندامانی بنکەی سەرەکیی پێشمەرگە دەیانتوانی بە ئینگلیزی قسە بکەن، لەبەرئەوەی عێراق لەلایەن سوپای بەریتانیاوە داگیر کرابوو و بۆ ماوهیهكی زۆر بەشێك بوو لە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی، ھەر لەبەر ئەمەش بوو خەڵکێکی زۆر بە ئینگلیزی قسەیان دەکرد، ئەمەش زۆر ئاسان بوو بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ یەکدى. واته ھەمیشە ھەندێك کەس ھەبوون بە ئینگلیزی قسە بکەن.
یەکەم جار ھەندێك شتم لە زیندانەکانەوە بیستبوو، كه زۆر سەرسوڕھێنەربوون و زۆر كاریان لێم كردبوو، بەڵام لەوکاتەدا ھەموو ئەو خەڵکانەی لەوێ بوون، بێدەنگ بوون. مەبەستم ئەوەیە بڵێم بە شێوەیەك ڕەفتاریان نەدەکرد کە زاڵبن، نەخێر، خەڵک به شێوهیهكی ئاسایی قسەیان دەکرد. کوڕێکی گەنجی بارزانی، کە ناوی ئیدریس بوو، ھەروەھا مەسعود، زۆر بێدەنگ و سەرقاڵ بوون. بارودۆخەکە ئارام بوو، ئەوکات جۆرێك لە یەکسانی ھەبوو، ئەگەر لەگەڵ سەرکردە چەپەکانی ئەوکات، مەبەستم ڤیدل کاسترۆ، یان ماو تسى تۆنگ و ھەندێك سەرکردەی ديكه بەراوردت بکردایە، بارزانی کەسێکی زۆر سادە و بێدەنگ بوو. قسەی دەکرد بێ ئەوەی ھاوار بکات، یان ڕیکلام بکات. چەند جارێکی کەم و ھەندێك ڕستەی دهگوت، دەزانی بۆچی کاتێك لە سەرەتادا دوای ئەوەی پرسیارت لێ کردم، پێكهنیم؟ ئەوکاتە من زۆر ھەرزەکار بووم و ھەندێك شتم دەربارەی دەروونزانیی شەڕ، توندوتیژی و تیرۆریزم و ئەوانه دهزانی، تەنانەت جێبەجێکردن وشەیەکی فەڕەنسییە، وەکوو پێیان دەگوت دەروونزانیی شەڕ، دواتر پرسیارم لە بارزانی کرد، بۆچی ئێوە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام نادەن؟ وەکوو چۆن فەلەستینییەکان تەقینەوە و ئاگریان لە فڕۆکەکان بەردەدا، بە بۆمب ھێرشیان دەکردە سەر سەفارەتەکان و بەو شێوەیە؟ لە وهڵامدا بارزانی گوتی: "ئەمە باش نییە، ئەمە ڕەوشتی ئێمە نییە، لەبەرئەوەی خەڵکی بێتاوان دەکوژرێت. بۆیە من نامەوێت ئەوە بکەم، پێویستە بەرگریی لە وڵاتەکەم و لە کورد و گەلی کورد بكهم، پێویست ناکات ھێرش بکەمه سەر کەسانی بێتاوان".
تۆ دەتوانی ئەو بۆچوونه بێنیتە بەرچاوی خۆت، لەو کاتەدا و لە ساڵەکانی شەستەکاندا کەسێک ئەوەت پێ بڵێت. ئەوە سەرسوڕھێنەر بوو، لەبەرئەوەی لە جیھاندا ھەمیشە دەمانبینی فەلەستینییەکان ھەڵدەستان بە ئەنجامدانی تەقینەوە، یان کوشتنی خەڵك، لە ناویشیاندا خەڵکی بێتاوانیان وەکوو ئامرازێکی سیاسی بەکار دەھێنا و توندوتیژیان ئەنجام دەدا، بەڵام بۆچی بارزانی ئەو ئامرازانەی وهك چارهسهر بەکار نەدەھێنا؟ چونکە ئەو ئامرازانە تەنیا قوربانی لێ دەکەوتەوە و کەسانی بێتاوان دەمردن. چیدیكه زیاتر ھەیە بیڵێم؟ ئا بیرم کەوتەوە، ئەو ھەندێك شتی پێ گوتم سەرسوڕھێنەربوون. گوتی: "من تێناگەم بۆچی فەڕەنسا پشتگیریی ئێمە ناکات، كه وەکوو تێکۆشەر دەجەنگێین؟ لەبەرئەوەی ئێمە تێدەکۆشین و مافی خۆمانە، بۆیە پێویستە فەڕەنسا پشتگیریی ئێمە بکات، بەڵام وەکوو خۆت دەزانی، سیاسەتی نێودەوڵەتی به هیچ شێوهیهك لەسەر ئەمە بونیاد نەنراوە.
دواتر کاتێک لە ساڵی 1969 گەڕامەوە کوردستان، له جارانی پێشتر زۆر زیاتر مامەوە، لهو ماوهیه گرێبەستێکم بەدەست گەیشت، بهو پێیهی ستافی بڵاوکراوەیەکی گرنگی ئەو سەردەمە دەیانویست ئەو ڕووداوانە بڵاو بکەنەوە، کە لەبیرەوەریی بارزانیدا ھەبوون. چونکە پێشتر بە بڵاوکراوەکەم ڕاگهیاندبوو، كه بارزانی زۆر زانیاری لایه دەربارەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، هی پێش جەنگی دووهمی جیھانیی و ماوهی دواتریش، واته دوای جەنگ لە ئێران و کۆماری مههاباد، ئهمهو لهگهڵ هی سهردهمی ڕووسیا، کاتێك کە لە ڕووباری ئاراس وەکوو پەنابەر پهڕینهوه و لە ڕووسیا مانەوە، ههروهها هی ماوهی گەڕانەوەیان بۆ کوردستان. بۆیه ئەگەر بارزانی ڕازی بوو ھەموو ئەو شتانەمان پێ بڵێت، ئهمه دەبێتە بابهتی پەرتووکێکی زۆر سەرسوڕھێنەر له بارهی شۆڕشی کورد، بەڵام کاتێك گەڕامەوە ناوپردان و ئهو شتهم بە کاك سامی و دکتۆر مهحموود عوسمان و ئەوانی دیكه گوت، بارزانی ڕەتی کردەوە قسە بکات، لەبەرئەوەی بارزانی ئاگاداری لەسەر زۆرێك لە نھێنییەکان ههبوو، دركاندنی ئەمەش بۆ ئهو باش نەبوو، لەبەرئەوەی لەوکاتەدا شۆڕشی كوردی لاواز بوو، ئەگەر ھەر شتێكی بۆ میدیا و ڕۆژنامەکان گوتبا به زیان بۆی دهشكایهوه. دهنا ئەو زۆر شتی دەربارەی شای ئەوکاتەی ئێران و عەرەبەکان دهزانی، ئەو دەربارەی ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دیكه شارهزا بوو. بهتایبهتیش كه لەوکاتەدا ھەموو وڵاتان ھەوڵیان دەدا بارزانی بکوژن، تهنانهت بارزانی کاتێك خەڵکی بیانیش دەچوونە لای، زۆر دڵخۆش و ئاسووده نهبوو، چونكه ناوبراو گومانی ههبوو ئەو کەسە سیخوڕ بێت و کار بۆ سەنتەرێکی ھەواڵگریی نێودەوڵەتیی وەکوو ئیسرائیل، یان کهی جی بی بكات، بۆیە ھەمیشە ڕەتی دەکردەوە بۆ میدیا قسه بكات، ئەوکات ھەستێکی لهم جۆرهم بۆ دروست بوو و له دۆخهكه تێگەیشتم.
كوردستان24: ئەگەر ئەو ڕۆژانە بەبیر بھێنیتەوە، باس لەچی دەکەیت؟
ژان ماری پرادیێر: حەز دەکەم پێت بڵێم، گهر بتهوێت دەربارەی بارودۆخی کورد لە 1975 قسه بكهم باشە؟ دوايین سەردانم بۆ لای بارزانی 1972 بوو. لە ساڵی 1972 لە بەغدا ھاوسەرگیریم کرد، کاك سامی شایەتی هاوسهرگیرییهكهم بوو، ئەوکات لە زانکۆی ئيستانبول وانەم دەگوتەوە، پاشان گەڕاینەوە بۆ ناوپردان بۆ لای بارزانی، حەزم کرد ژنەکەم بە بارزانی بناسێنم، لەبەرئەوەی چەندین جار دەھاتم و دەچووم بۆ کوردستان وھەندێك کات زۆر دەمامەوە، ھەندێك کاتیش کەم. ھەندێک جار گونجاو نەبوو، بۆیه ھەر لە بەیروت، یان له تاران دەیانگەڕاندمەوە. دەزانی ئەوکات سیاسەتی دونیا بەرامبەر کورد بەرز و نزم دەبووهوە؟ شەڕ، ئاشتی، ئاگربەست.. شەڕ، ئاگربەست، شەڕ. دۆخهكه بهردهوام بەم شێوەیە بوو. ئەو كاتهی ھەوڵ مدەدا بچمه کوردستان ،ھیچ کات دڵنیایی نەبوو کە ڕێگەم پێ دەدرێت لە سنوور بپەڕمەوە، یاخود نا. ساڵی 1975 له توركیا و به دیاریكراویش له زانكۆی ئیستانبۆل خەریکی کاربووم، دواتریش چوومه ئەمهریکای باکوور بۆ ئۆرۆگوای، بەڵام ھەمیشە ھەوڵم دەدا لە پەیوەندی بمێنمەوە لەگەڵ کوردەکان، دیاره ئەوەش ئاسان نهبوو، وهلێ دواجار دواتر بڕیارم دا بگەڕێمەوە کوردستان. لە زستانى 1975، دهوروبەری ساڵی 1974 و 1975 بوو، بەڵێ زستانی 1975 بوو، چوومهوه لای کامەران بەدرخان و پێم گوت دەمەوێت بچمەوە کوردستان. بهدرخان گوتی زۆر باشە و کێشە نییە، بڕۆ بۆ لای ئەو پیاوەی لە ئەڵمانیا دەژی و ئەو پێت دەڵێت چی بکەیت. دواتر ئەو پیاوە پێی گوتم سواری فڕۆکە ببە و بڕۆ بۆ تاران، لە تاران فڕۆکەیەك ھەبوو وەستا بوو، بۆ من نا، بەڵکوو بۆ ژمارەیەك پەرلەمانتاری بەریتانی، كه ڕاستەوخۆ بۆ ڕەزاییە دەفڕی، لەو کاتەدا ناوی ڕەزایيە بوو، وا بزانم ئێستا ناوی ئورميهیه. دواتر لە ڕەزايیە ئۆتۆمبێلێکمان گرت و بەڕێکەوتین و گەیشتینە كوردستانی عێراق. زۆر پێم سەیر بوو، زۆر لۆریم دەبینی, لۆری سەربازیی لە ئێرانەوە لە سنوور بەرەو عێراق دهپهڕینهوه، سندووق و زۆر شتی دیكهیان بار كردبوو، سوپاس بۆ خودا ھیچ وێنەیەکم نەگرت، چونکە زۆر ئاگاداری خۆم بووم، دەمزانی زۆربەی ئەو شتانە لە ئێرانەوە دێن.
لە ساڵی 1969 بوو، کاتێك لە سنووری ئێران بۆ عێراق دهپهڕیمهوه، ھەندێك شتی پێکەنیناوی ھەبوون، لەبەرئەوەی پێشمەرگە لەسەر ڕێگە منیان ھەڵگرت و لە ئێران لەسەر ڕێگا سواری جێبێك بووم، کەسێك پێی گوتم، دەبێت خۆت بە جەمەدانى دابپۆشی، گوایه تۆ بە ڕەسمی پێشمەرگەی و بریندار کراویت و لە نەخۆشخانەیەکی ئێرانەوە دەتگوازینەوە. منیش گوتم ئۆکەی. پێیان گوتم بێدەنگ بە و نابێت ھیچ قسەیەك بکەیت، ئەگەر دەستگیر کراین پێویستە بە ئێرانییەکان بڵێین کە تۆ پێشمەرگەیت، منیش گوتم زۆر باشە. بیرمە ئەو پێشمەرگەیەی لهگهڵم بوو ناوی سيزار بوو، کاک سيزار، بەڵام جێبەکە زۆر زۆر خراپ بوو ھەر تەکانمان دەدا و ھەڵدەبەزینەوە، ھەندێك جار دەچەقی، نزیكهی کاتژمێر ٩ بوو بە ڕێگادا دەڕۆیشتین، ڕێگایەکی بەناوبانگ بوو کە لەلایەن ئەندازیارێکی سکۆتلەندییەوە دروست کرابوو، دواتر لەناکاو گرووپێك لە سوپای ئێرانیمان بینی، كه چاودێریکەربوون و لەبەردەم ئێمەدا وەستان. زستان بوو و ئۆتۆمبێلەکە لۆری بوو و بە قوڕ داپۆشرا بوو، پاشان کاك سيزار پێی گوتم ئای خوایە، ئێمە چهند بێ بهختین، پێویستە بە خێرایی لێ بخوڕین، ئەگەر ئەوان ئێمەیان وەستان، ئەوا زۆر خراپ دەبێت، لەگەڵ جێبەکە و تەکاندانی زۆر و ڤڕهڤڕ، لەناکاو کاتێک بەسەر گردێکدا ھەڵدەگەڕاین, جێبەکە وەستا.
کاک سيزار چەندین جار ھەوڵی دا، بەڵام ھەر ئیشی نەدەکرد، لە ھەمان کاتدا گرووپێك لە سوپای ئێرانیمان بيني، به جێبێکی دیكه، لەگەڵ ئەفسەرێکی ئێرانی ڕێک لە ناوەڕاستی ڕێگهكه وهستا بوون، دیار بوو ئەفسەرە ئێرانییەکە ترسا و ئۆتۆمبێلەکەی وەستاند و ڕێك بەرەو کاك سيزار چوو، ھاواری کرد ئەوە چی دەکەیت؟ پێویستە ئێمە لەم ڕێگایەوە پێبپهڕین، ئەوانەی دوای من ھەمووان سەربازی چاودێریکەرن. کاک سيزار گوتی سەیرکە، ئۆتۆمبێلەکەم کارناکات، ئیتر چی بکەم؟ دواتر ئەفسەرەكه سەیرێکی کردم و منیش وەکوو ئەکتەرێکی باش بووم، لەوانەیە ڕێك بەم شێوەیەی ئێستا بووم، دواتر ئەفسەرەکە گەڕایەوە لای جێبەکەی خۆی و پاڵی بە جێبەکەی سيزارەوە دا. بەم شێوەیە لە سنووری عێراق پەڕینەوە، لەلایەن سەربازانی ئێرانی چاودێریکەرەوە پاڵمان پێوە دەنرا، بهم شیوهیه گەیشتینەوە عێراق، تۆ بێنە بەرچاوی خۆت لەوکاتهدا ژیان چهند قورس بوو.
كوردستان24: بۆچی وڵاتانی دەوروبەر و ئەوڕوپا ئەگەر ھاریکاری شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیان کردبێت بە شێوەیەك نەبووە کاریگەر بووبێت، ئەو خۆ بەدوورگرتنەی وڵاتان بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
ژان ماری پرادیێر: وهڵامێکی ئاسان ھەیە بۆ پرسیارەکەت، لە ھەمان کاتدا وهڵامێکی قورسیشە. یەکەم لەناو مێشکی ئەوڕوپییەکاندا پێیان وابوو بارزانی کەسێکی دەرەبەگە, ئەمەش سەرسوڕھێنەرە, لەبەرئەوەی کۆماری مھاباد ڕاگەیەندرا بوو و لە پێکھاتەیەك لە کوردەکانی ئێران و عێراق. لەو کاتەدا کورد بەسەر چەند گرووپێکی سیاسیدا دابهش كرابوون، تۆ بیرتە وەکوو جەلال تاڵەبانی و ئەوانی دیكه. جەلال تاڵەبانی ئەوکات جامانەی لەسەر نەدەکرد، بهڵكوو وەکوو خەڵکی شۆڕشی کوبییەکان، جلوبەرگی لەبەر دەکرد. ڕۆژنامەنووسێکی ئەوڕوپی پێیوابوو بەڕاستی ئەو به تهواوی پیاوێکی شۆڕشگێرە، لەبەرئەوەی کاتێك سەیری بارزانیان دەکرد کە جامانەی لەسەرە، به جامانه ڕهنگ سوورهكهی لەگەڵ پێشمەرگەدایە و زۆر بێدەنگه و ھاوار ناكات مارکسیەت و کارل مارکس و لینین، یان ماوتسى تۆنگ، كهچی تاڵەبانی ھاواری لەسەر ھەموو شت دهكرد و فەڕەنسییە چەپەکانیش حەزیان دەکرد گوێیان لەو وشانە بێت. وەکوو شۆڕشگێرێکی نێودەوڵەتی قسەی دەکرد، ئەمەش له ڕووی دهروونییهوه زۆر خراپ بوو، چۆن؟ کاتێک دەتەوێت بۆ خەڵکی شی بکەیتەوە، كه شۆڕشی کورد چییە، ڕووبهڕووی دوو شت دهبوویتهوه.
یهكهم: خەڵکی دەیانگوت، ئەمە زۆر گرنگ نییە بۆ میدیاکان و بڵاوکراوەکان. دەیانگوت شتێكی زۆر سەرنجڕراکێش نییە شت دهربارهی كورد بڵاو بکەینەوە، بەڵام پەرتووك دەربارەی ماوتسی تۆنگ؟ بەڵێ سەرنجڕاکێشە، شۆڕشی کولتووری... بەڵێ، بەڵام ئەوە ھیچ نەبوو، کاتێك لەبەردەم چەپەکاندا قسەم دەکرد، ئەوان دەیانگوت بەڵێ ئەوە زۆر نامۆیە تۆ پشتگیریی شۆڕشی دەرەبەگایەتی دەکەیت. ئیتر منیش دەمگوت نەخێر، ئەمە شۆڕشی دەرەبەگایەتی نییە، بەڵکوو ئەمە شۆڕشێكی نیشتیمانی و دیموکراسییە، وهلێ وەکو خۆت دەزانیت، گۆڕینی بیرکردنەوەی خەڵك قورسه، ئەمە زۆرگرانه.
دووەم: زیرەکیی کەسەکان، مەبەستم دیبلۆماتکاران، وەکوو سەرۆکی وڵات و ئەوانی دیكه، ئەمهریکییەکان، ساڵی 1975 ئهمریكییهكان و بهتایبهتی كسینجهر گوتی دەتوانین جیھان بگۆڕین، گوتی و ئهنجامی دا، وەکوو ئهوهی ئێستا بەڕێز ترامپ دەیکات، دەزانیت؟ ڕۆژێك ڕەشەکان و ڕۆژی دواتر سپییەکان ، دوو ڕۆژ دواتر زەردەکان، ئیتر ئاوا. ناتوانیت باوەڕی تەواوت ھەبێت کاتێک لە 1975 کوردستانم بەجێ ھێشت، شۆڕشی ڕزگاریخوازی لەڕووی بههێزییهوه له چڵهپۆپه دابوو، کاتێك گەیشتمەوە پاریس، ڕێك دوای ڕێکكەوتننامەی جەزائیر بوو، ئهو كاته ئێران و ئەمریکا و حکوومهتی عێراق ڕێکكەوتننامەیەکیان لە نێوان خۆیاندا واژۆ کرد، دواتر ئەمریکییەکان گوتیان کوردەکان خواتان لەگەڵ .
دەربارەی فەڕەنساش، فەڕەنسا ئەو کات کێشەی زۆری ھەبوو، بەتایبەت کێشەی داگیرکاریى، لەھەموویش سهختتر، ھەوڵیان دەدا پەیوەندیی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەرھەمی پیترۆڵیان ھەیە دروست بكهن، ئەمەش گرنگە. لەو کاتەدا کوردستان دابەش کرابوو، وەکوو دەزانیت ئەوڕوپا ھەوڵی دەدا ھاوسەنگیی لەنێوان سووریا و ئێران و تورکیا بپارێزێت، تورکیا ئەندامە لە ناتۆ، ئەمەش ئاسان نییە بە فهرمی بیکەیت. پەیوەندیی نھێنی لەوانەیە گونجاو بێت، بەڵام نازانم چۆن؟ لەوانەیە لەلایەن ھەندێك حکوومەتەوە پارە درابێتە شۆڕشی کوردی، بەڵام زۆر کەم و بە فهرمی نەبووه، ئەوە تەنیا ئێستا لەبەر مەترسیی تیرۆریزم و گۆڕانکاری، هاوكاری دهكرێن، بەڵام دەبینی لە سووریا ئەمریکییەکان کوردەکان بەجێ دێڵێت و دەڵێ کوردەکان خواتان لەگەڵ.
كوردستان24: دوای نسکۆ ڕاتان چۆن بوو و چ ھەڵسەنگاندنێکتان ھەبوو؟
ژان ماری پرادیێر: ھەوڵم دا ھەندێك کار بکەم، یەکەم لەبەرئەوەی زۆر نیگەران بووم. بیرمە 1975 و پێش ڕێکكەوتننامەکە، پێشمهرگه کوردەکان لهسهر شێوهی جهنگی كۆن، شەڕیان دهكرد. واته چەکدارە کوردەکان ئامادە نەبوون لەسەر شێوەی شەڕی پارتیزانی، بجهنگن، وەکوو کارکردنی شانە نھێنییەکان لەناو شاردا، کە ڕاستەوخۆ شەڕ دەکەن. بیرمە ساڵی 1974 کاتێك لە کوردستان بووم، بە شەو لە نزیك ناوپردان بۆ شوێنێکی دیكه دهڕۆیشتم، کاتێك سەیرمان دەکرد، چەکی زەبەلاح لەلایەن ئێرانەوە درا بوو بە کورد و ئەوانیش سوپاسگوزار بوون، بەڵام لەوکاتەدا زانیم گونجاو نییە تێک بشکێنرێن، ئهمه بۆ کوردستان نەدەگونجا. دواتر ساڵی 197 چوومه مھاباد و لەگەڵ قاسملۆ، دەربارەی بزووتنەوەی کوردەکان لە ئێران قسەمان كرد. کاک سامی و چەند کەسی دیكهم بینی، پاش ئەوەی چاوم بە ھەندێك ھاوڕێی ديكهی کورد كهوت، زانیم خەڵكی کورد، بەتایبەت سەرکردە کوردەکان، زۆر شارەزا بوون. دوای شەڕی عێراق کە لەلایەن بۆش و ھاوەڵەکانی ئەنجام درا، ئەمریکییەکان پرسیاریان لە بارزانی کرد، بهوهی دەبێت ھەموو ئەو چەك و تەقەمەنی و تانک و چەکە قورسانهی لایانهھەیە بۆ ئەمریکییەکانی بگهڕێننهوه، گوتیان ئێستا شەڕ تەواو بووە، بێزەحمەت ئەوەی پێتان دراوە، بۆمانی بگەڕێننەوە، بهڵام بارزانی گوتی نەخێر، لای خۆمان دەیانپارێزین.
بڕاشكاوییهوه دهڵێم، لهبهر چهند هۆكاریك ئێستاھەست دەکەم داھاتوو قورستر دەبێت، بەڵام دڵنیا بن سەردەکەون. ئومێد دەکەم کوردستان جۆرێك لە یەکگرتوويیان ھەبێت لە ڕووی سیاسییەوە، تەنانەت ئەگەر بۆچوونی سیاسیی جیاوازیش، یان شتی دیكهش ھەبێت، بهڵام پێکەوەیی و دیدگا زۆر گرنگه، لەمن تێ دەگەیت؟
کوردەکان خەڵکانێکن ئازادییان دەوێت، بەڵام ھەندێک جار سەربەخۆیی دەبێتە ھۆی دابەشکردن و لەتبوون، بۆیە پێویستە پارێزگاریی لە کولتووری خۆت بکەیت، ئهمهو بهبێ ئەوەی ھەوڵی جیاکاری بدەیت و پێکەوە کار بکەن. ڕاستییهكهی پێویسته کوردستان گەشە بکات، سەرەتا لە خزمەتگوزارییە سروشتی و سەرەتایيەکان، لە زەوی و ڕێگاوبانەکان و باخچەکان و چەند کەرتێکی دیكه، پێموایه بەم شێوەیە، کوردستان دەتوانێت ببێت بە دەرگایەک بۆ جیھان.
كوردستان24: قسەیەکت ھەبێت وەك دوا وتەی ئەم دیدارە کە پێت خۆش بێت ئاماژەی پێ بکەیت و لە پرسیارەکاندا نەبووبێت؟
ژان ماری پرادیێر: ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەم نەوەی تازە و بۆ خەڵکی ئێستاش، ھەمیشە مێژووی خۆیان، شەڕ و تێکۆشانەکانیان لەبیریاندا بمێنێتەوە، ھەموو ئەو قوربانیانەی داویانە، ڕەفتارە جوانەکانیان، ڕەوشتبەرزیی ھەموو ئەو کوردانەی ئهو ماوهیه بۆ یهكگرتوویی شەڕیان کرد. بەراستی زۆر سەرم سوڕمابوو لە کوردستان، لەبەرئەوەی ھەستم دەکرد ئەمە نیشتیمانی ئازادییە، ئازادیی ئایینی، ئازادیی جێندەری و یەکسانیی لەنێوان پیاو و ژن، ڕێکخستنەکانیان، خۆشەویستیان بۆ وڵاتەکەیان، خۆشەویستیێكی زۆر لەسەر شێوە کۆنەکە، بۆچی؟ لەبەرئەوەی دەبینی لە ھەموو جیھان خەڵکی ڕەفتاری جوانیان لەدەست داوە، سەیرکە.. (به پێكهنینهوه)، ناتوانم لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن بڵێم، بەڵام کاتێك دەبینی ئەو بارودۆخەی لە چین ھەیە، ئایا ئەمە دیموکراسییە؟ نەخێر، ئەمە جۆرێکە لە خەون، ھەندێك خەڵك وەکو فەڕەنسییەکان کێشەی زۆریان ھەیە، بەڵام کاتێك دەڕوانیتە ڕابردوو، ھەندێك کات ھەبووە دەگونجێت پێکەوە کار بکرێت و جیاواز بیربکەنەوە، ئیتر بەم شێوەیە.
ئەگەر ئێستا سەیری کوردستان بکەیت و بە 50 ساڵ پێش ئێستا بهراوردی بكهیت، دواتر دەڵێیت ئای خوایە گیان، وەکوو لاس ڤیگاس وایە، ئۆتۆنۆمی، ئابووریی ئۆتۆنۆمی، ئابووریی سەربەخۆ، دەزانیت ھەندێک جار شۆك دەبم کاتێك دەزانم ھەندێك بەروبوومی ڕووەکی لە تورکیاوە دێن، ئینجا بە خۆم دەڵێم چی؟
دەمەوێت چیرۆکێکی خۆشت بۆ بگێرمەوە. ئەو وێنەیهی دەربارەی عارف، مهبهستم عهبدولڕەحمان عارفه، کاتێك سەردانی کوردستانی کردبوو و گفتوگۆی تایبەتی لەگەڵ بارزانی كردبوو، زۆرێك لە ڕۆژنامەنووسە عەرەبەکان، یان کامێرامانەکان دەچوون بۆ کوردستان، وەکوو گهنج جلوبەرگیان لەبەر دەکرد، لەسەر ڕووبارەکان، یان لەبەردەم درەختەکاندا وێنهیان دهگرت. بیرمە کاتێك وێنهی ڕووباریان دهگرت، پێم گوت بۆچی؟ وتی دەتوانیت هۆكارهكهی بدۆزیتەوە بۆ؟ لەکاتی ئاگربەست، بەشێك لە کوردستان وا دەردەکەوت وەکو وڵاتێك لە ھاویندا کە خێزانەکان لە بەغداوە بۆ بەسەربردنی ڕۆژێکی خۆش لە کەشوھەوایەکی خۆش و پاکدا دههاتنه كوردستان. بهو شێوەیە بوو، بەڵام نابێت ئەوەمان بیر بچێت، بەھۆی بۆمبی ناپاڵمەوە، ههندێك درەخت و سەرچاوە سرووشتییەکان سووتێنرا بوون، زۆرێك لە خانووەکانیش بۆمباران کرابوون و خەڵکێكی زۆریش کوژرا بوون و ببوونه قوربانی.
ئ. م