بههۆی كێشهی نێوان دوو بنەماڵە گوندێكی پشدەر بە تەواوی چۆڵ دەكرێت
K24 - ھەولێر
دانیشتوانی گوندێک لە سنووری پشدەر کە پارساڵ لەسەر پووش و پاوان لەگەڵ گوندێکی دراوسێیان بوو بە شەڕیان و دوو کەس لە شەڕەکە کوژران، ئێستا گوندەکەیان بە تەواوەتی چۆڵکردووە و قوتابخانەی گوندەکەشیان داخراوە. دانیشتویەکی گوندی جەلکان کە ئێستا لەگوندەکەی ئاوارە بووە دەڵێت، راستە ناکۆکی لەنێوان ئێمە و دانیشتوانی گوندی مەمکان دروست بووە، بەڵام ئێمە خزمایەتی نزیک لەنێوانمان ھەیە و لە رابردوودا وەک برا ژیاوین و چاکەی زۆرمان بەسەر یەکەوە ھەیە. ئێستا قوتابخانەی گوندی جەلکان داخراوە و چارەنووسی خوێندنی دەیان قوتابی بە نادیاری ماوەتەوە.
گوندەكە بە تەواوی چۆڵكراوە و ئاسەواری فیشەک ھێشتا بە خانووەکانەوە دیارە، دانیشتوانەکەی نایانەوێ جارێکی دیكە بە چەک لەگەڵ گوندەکەی دراوسێیان رووبەڕوو ببنەوە، بۆیە چۆڵیان کردووە، ھێزێکی پێشمەرگە ھاتووەتە گوندەکە تا ماڵ و سامانی خەڵکەکە بپارێزێ.
گوندی جەلکانە لە سنووری پشدەر، لەماوەی ساڵێکدا دووجار لەگەڵ دانیشتوانی گوندی مەمکان، کە دراوسێی یەکترن بە چەک رووبەڕووی یەکتر بوونەوە، لەو نێوەندەدا ھاووڵاتییەک و پۆلیسێک کوژران.
لەنێوان دانیشتوانی ھەردوو گوندی جەلکان و مەمکان، ژن و ژنخوازی و خزمایەتی قوڵ ھەیە، لە رابردوو ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیان راگەیاند، بەڵام سەرینەگرت ئێستا خواستی ئاشتبوونەوە لەھەردوولا بەدی دەکرێ.
ئاگری شەڕی ھەردوو گوندەکە سەرەتا لەسەر پووش و پاوان دەستیپێکرد، شەڕەکە سەریکێشا بۆ خوێن رشتن، ئێستا چارەنووسی دەیان قوتابی قوتابخانەی گوندی جەلکان بەنادیاری ماوەتەوە و ئەمساڵ دەرگای قوتابخانە بە رووی قوتابیاندا نەکراوەتەوە.
ھ.م