هەرێمی کوردستان پێشکەوتووترین ناوچەی کوردە

بێرنارد کۆشنەر

K24 – هه‌ولێر:

لە هەڤپەیڤینێکدا بێرنارد کۆشنەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا، بۆچوونی خۆی لەسەر پەیوەندی کورد لەگەڵ ئەوروپا، کێشەی ناوخۆی کورد و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

کوردستان24: پێشووتر کورد دەیگووت تەنها چیاکان هاوڕێمانن، بەڵام ئێستا دەڵێن هاوڕێی دیکەشمان هەیە، بۆچوونی تۆ چیە؟

کۆشنەر: ئەگەر بێن بۆ فەرەنسا دەزانن کە وانییە. پێشتر وابوو کە کورد تەنها چیاکانی هەبوو، بەڵام چیدی ئەمە راست نییە. ئێستا سەردەمی خەباتی چەکداریی بەسەرچووە و کوردیش چیدیکە وەکو خۆی نەماوەتەوە. کورد لە پارچەکانی تر دەبێت زۆر وردانەتر قسە بکەن چونکە وەکو یەک بیر ناکانەوە. کورد 40 ملیۆن کەس دەبێت، گەورەترین گروپن کە وڵاتی خۆی نیە. من لە وەڵاتێکی کۆلۆنیاڵ قسەدەکەم و دەزانم ئەو سنورانە کێشراون.

کوردستان24: بەڕێزت زۆر سەردانی کوردستانت کردووە، تۆ تەنها وەکو ئەکادمیست دێیت یاخود بەشداریی دەکەیت لە کۆنفرانسەکان، یان کۆبوونەوە لەگەڵ سیاسییەکان دەکەیت؟

کۆشنەر: نەخێر، من ئەندامی بۆردی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆکم، بەڵام لە زۆر بواردا رۆڵم هەبووە لە کوردستان. لە پرسی رۆژئاوای کوردستان، رۆڵم هەبووە. من هەرگیز لەگەڵ جەنگ نەبووم، هەندێک جار رەنگە ئەوە ببێتە رێگا، بەڵام ئەو رێگایە کۆنە. پێم وایە گەلی کورد دەبێت لەناوخۆیاندا گفتوگۆ بکەن و یەک دەنگ بن. هەست دەکەم، بۆشاییەک لە نێوان کوردانی رۆژئاوا و باشوور هەیە. دەبێت کورد لە یەک نزیک ببنەوە و یەکڕیزی نیشان بدات. دەبێت کورد کوردانە لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گفتوگۆ بکات و پەیامی خۆی بگەیەنێت. نیگەرانم لەوەی کە رەنگە فەرەنسا هاوشێوەی ئەمەریکا، هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە. پێم وایە زیادبوونی هەژموونی رووسیا، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ڤلادمیر پوتن. ئەم بەشەی کورد لە عێراق، پێشکەوتووترینە. ئاوەدانییەکی زۆر ئەنجامدراوە، بەڵام دەبێت هەوڵ بدرێت هەموو ناوچەکان ئاوەدانبکرێتەوە. من نازانم ئەنجامدانی ریفراندۆم باش بوو یان نا، بەڵام ئەنجامەکەی کەم وێنەبوو. 92%ی گەلی کوردستان لەگەڵ سەربەخۆیین و منیش لەگەڵ ئەواندام. ئەنجامدانی جەنگیش دوای ریفراندۆم کارێکی مناڵانە بوو.

کوردستان24: پەیوەندی کوردستان و فەرەنسا بەهێزە و مێژوویەکی دووری هەیە، پێت وایە لە داهاتوو لە هەموو بوارەکان بەو جۆرە دەمێنێتەوە؟

کۆشنەر: من هەمیشە لەگەڵ بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە بووم. ئێمە ئەو پەیوەندییەمان لەگەڵ کورد بە تایبەت دروستکردووە، پەیوەندییەکی تایبەتە. ئێمە خەڵکی جیاوازین، بەڵام رۆحیەن زۆر نزیکن. ئێمە لەگەڵ کوردانی هەر چوار پارچە پەیوەندی باشمان هەیە. سەرەتا ئەمە سەخت بوو، چونکە زۆر زانیاریمان لەسەر کورد نەبوو.

کوردستان24: تۆ چۆن دەڕوانیت لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە پەیوەندی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق؟

کۆشنەر: ئەمە پرسیارێکی سەختە. هەمیشە پەیوەندییەکان باش نەبوون بۆیە سەختە بتوانی بەردەوامی بەو پەیوەندییە بدەیت. کێشەی ئابووری هەیە، بەغداش دووچاری کێشەی خۆی بووەتەوە. من دڵنیام کە مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە بەرژەوەندی گەلەکەیان کار دەکەن، بەڵام ئێستا پرسی تایبەت هەیە لە بەغدا، بە تایبەت پرسی فرۆشتنی نەوت و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە. من گەشبینم کە ئەمە حکوومەتێکی باشە و دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات.

کوردستان24: ئێستا ناسەقامگیریی هەیە و خۆپیشاندان لە عێراق هەیە، فەرەنسا وەک وڵاتێکی زلهێز، رۆڵی دەبێت لەم دۆخە؟

کۆشنەر: من پێم وانییە، فەرەنسا چیدی زلهێز بێت. ئێمە روانگەیەکی زلهێزیمان هەیە. فەرەنسا وڵاتێکی زلهێز نەماوە. لە نێو وڵاتانی ئەوروپا، فەرەنسا پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ کورد هەیە. من پێم وایە دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر لێرە بکەن، بەڵام لەسەر ئەم دۆخانە، دەبێت کورد و عێراقییەکان خۆیان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن. هەمیشە ویستی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئێران ویستی ئیسرائیل لە کۆڵ خۆی بکاتەوە، بەڵام شتی وا نابێت، کاتێک تورکیا رووبەڕووی کوردانی سووریا بووەوە، ویستی لەناویان بەرێت، بەڵام ئەمانە سەر ناگرن.

کورد پێشمەرگەی قارەمانی هەیە، بەڵام ئایا جەنگ چارەسەرە؟ دەکرێت بەرگری لە خۆت بکەیت، پێم وایە ئێستا شێوازێکی نوێی پەیوەندی دروست بکرێت. پێم وایە دەبێت بەرگریکردن لە خۆت هەبێت، بەڵام چارەسەری سەربازیی هەرگیز سەرکەوتوو نابێت.

H.J