كوریای باشوور به‌ 10 ملیۆن دۆلار هاوكاریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

وه‌زیری ناوخۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی كۆریای باشوور به‌رز ده‌نرخێنێت

K24 - هه‌ولێر:

كۆریای باشوور، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، وه‌كو هاوكاریی مرۆیی پێشكه‌ش به‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ (چۆی كوانگ جین)، كۆنسوڵی گشتیی كۆریای باشوور له‌ هه‌ولێر، باسیان له‌ ره‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كردووه‌.

وه‌زیری ناوخۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كۆنسوڵی كۆریای باشوور رایگه‌یاندووه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌ 10 ملیۆن دۆلار به‌خشین، هاوكاریی هه‌ردوو حكوومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.

دووپات له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و به‌خشینه‌ی كۆریای باشووری به‌رز ده‌نرخێنن و گۆڕانكاریی له‌ ره‌وشی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران ده‌كات.

به‌هۆی شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ و په‌نابه‌ر روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانیش، ئێستا نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ كامپه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین.