وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا هه‌واڵی كوژرانی حه‌وت شه‌ڕڤانی راگه‌یاند

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی به‌رگریی توركیا رایگه‌یاند، له ده‌وروبه‌ری كوبانێ، فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وانی توركی، بۆردومانی ژماره‌یه‌ك شه‌ڕڤانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه)ی كردووه و حه‌وت شه‌ڕڤان كوژراون.
وه‌زاره‌ته‌كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، (21ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری 2019) له رێی هه‌ژماری خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر نووسیویه‌تی: ئه‌و چه‌كدارانه به نیاز بوون هێرش بكه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی سوپای توركیا له ناوچه‌كه و توانرا ئۆتۆمبێله‌كه‌یان بكرێته ئامانج و به‌و هۆیه‌وه حه‌وت چه‌كداریان كوژران.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئاژانسی هه‌واڵده‌ری فه‌رمیی سووریا(سانا)، بڵاوی كرده‌وه، دوێنێ فڕۆكه‌كانی چاودێریی توركیا، بۆردومانی گوندی قه‌رنه‌فلی خۆرئاوای شارۆچكه‌ی گرێسپییان له ده‌وروبه‌ری باكووری ره‌ققه كردووه و له ئاكامدا پێنج هاووڵاتی مه‌ده‌نی، كه ژماره‌یه‌كیان منداڵ بوون، گیانیان له‌ده‌ست داوه.