حكوومەتی ھەرێم ژمارەیەك به‌ركه‌وتووی چه‌كی كیمیایی ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات

به‌ركه‌وتووانی چه‌كی كیمیایی داوای ھاوكاری زیاتر ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

بە بڕیاریکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، 50 بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بۆ چارسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

بەگوێرەی ئامارەكان تائێستا نزیکەی هەزار برینداری چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەر هەیە، بۆیە داوا دەکەن پسپۆڕی نەخۆشییەکانیان لە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی دابنرێت،  تا ئەرکی ناردنە دەرەوە کەمتربێتەوە و زۆرترین برینداریش چارەسەری پێویست وەربگرن.

دەرمان و چارەسەرەکانی بوونەتە هاوڕێی شەو رۆژی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، پاش 31 ساڵ لە برینداربوونیان ئێستاش رۆژانە دەبێ چارەسەر وەربگرن، تابتوانن شەوێک بە ئارامی بخەون. بڕیاری ناردنە دەرەوەیان بۆ چارەسەر، بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دڵخۆش کردووە و داواکارن زیاتر هاوکاری بکرێن، بۆ ئەوەی  کۆتایی بەم ئازارەیان بێت.

چەندین جۆر لە بەرکەوتووی چەکی کیمیایی لە ھەڵەبجە هەن. سەرۆکی کۆمەڵی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەڵێت"پێویستە لیژنەیەکی پسپۆڕو شارەزا پۆلینی بەرکەوتووان بکەن، تا مافی هیچ کەسێک پێشێل نەکرێت ئەوانەی لە نەخۆشخانەی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە چارەسەریان نییە پێویستە زوتر رەوانەی دەرەوە بکرێن".

لە 16/3/1988 رژێمی بەعسی لەناوچووی عێراق ھەڵەبجەی كیمیاباران كرد، بەوھۆیەوە زیاتر لە 5 ھەزار كەس شەھیدبوون و پتر كە 10 ھەزار كەسی دیكەش برینداتربوون. دوای کیمیاباران کردنی هەڵەبجە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی شارەكە بەهۆی جۆراوجۆری گازە قەدەغەکراوەکانەوە تووشی چەندین جۆری برینداری بوون، لەوانە لەدەست دانی چاو، سییەکان و تەنگەنەفەسی و چەندین جۆری دیکە.

ھ.م