هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر چوار پرسی گرنگ گفتوگۆ ده‌كه‌ن

شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا

K24 - هه‌ولێر:

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23/11/2019 شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و گفتوگۆ لەبارەی چوار پرسی سەرەکی بكات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ـی راگەیاند: " بڕیارە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لەبارەی پرسی نەوت و بودجەی کوردستان و قەرزەکانی هەرێمی کوردستان و مامەڵەی ئابووری لە داهاتوودا".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، شاندەكە پێکدێت لە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی، خاليد شوانی وەزیری هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.

سەرچاوەکە لەبارەی پرسی نەوتەوە گوتی: "هەرێمی کوردستان چەندین جار رایگەیاندووە کە ئامادەیە بەپێی ئەو مەرجانەی هەیە نەوت رادەست بکات، ئێستاش ئەگەر بەغدا مەرجەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات کێشەیان لەگەڵ ئەو بابەتە نییە".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، تا ئێستا پێشکەوتنی باش لە گفتوگۆکاندا به‌دیهاتووه‌ و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن.

پێشتریش وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاندبوو، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وت گه‌یشتوونه‌ته‌ لێكتێگه‌یشتنێكی باش.