مه‌سه‌ده‌: توركیا دەیەوێت باكووری سووریا لە رۆژھەڵاتی وڵاته‌كه‌ داببڕێت

"توركیا لە سیاسەتی اگیركردنی خاكی سووریا بەردەوامە"

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌نجوومه‌نی سووریای دیموكراتی "مەسەدە" رایدەگەیەنێت، توركیا لە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی خاكی سووریا بەردەوامە و بە ھێرشكردنه ‌سه‌ر شارۆچكەی عەین عیسا دەیەوێت باكووری سووریا لە رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە داببڕێنێت.

لە راگەیاندراوێكدا ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات رایگەیاند، توركیا دەیەوێت بە بیانووی ناڕاست جیھان بخەڵەتێنێت و لە سیاسەتی دەستبەسەرداگرتن و داگیركردنی خاكی سووریا بەردەوامە، جەختیش دەكاتەوە، دوای راگەیاندنی وەزارەتی بەرگری توركیا بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكانی لە سووریا، سوپای توركیا دەستی بە ھێرشكردنە سەر شارۆچكەی عەین عیسا كردووە، كە شارۆچكەكە لە دەرەوەی رێككەوتنی ناوچەی ئارامە. ئامانجی توركیا دەستبەسەرداگرتنی رێگەی ئێم فۆر و دابڕاندنی باكووری سووریایە لە رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە.

ئاماژە بەوەش دەكات، توركیا لە رێگەی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە، داھاتووی سیاسی و كۆمەڵایەتی سووریا دەخاتە مەترسییەوە و داواش لە ئەمریكا و رووسیا دەكات بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێبھێنن.

 مەسەدە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، فشار بخاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی پابەندی بەڵێنەكانی ببێت و ھێرشەكانی بوەستێنێت و زەمینەی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان خۆش بكات.