له بهغدا و ناسریه ژمارهیهك خۆپیشاندهر كوژران
K24 - ههولێر:
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە بەغدا و چەند شارێکی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەردەوامە و داوای خۆپیشاندانی ملیۆنیش دەکرێت، هاوکات، لە ناسرییە سێ خۆپیشاندەر و لە بەغداش یەکێکی دیکە کوژرا و 27 کەسیش برینداربوون.
شەپۆلی دووەمی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، مانگێکی تێپەڕاندووە و تا ئێستاش خۆپیشاندەران سوورن لە سەر داواکارییەکانیان بۆ رووخانی حکومەت و هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دوورکەوتنەوەی سەرجەم حزبە سیاسییەکان.
لە ناسرییە خۆپیشاندانی فراوان ئەنجامدرا و پێکداهەڵپژان و رووبەڕووبونەوەی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران کەوتەوە و بەهۆی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژەوە کە راستەوخۆ ئاراستەی خۆپیشاندەران دەکرا، سێ کەس کوژران و 15ـی دیکەش برینداربوون.
لە بەغداش بەتایبەت لە شەقامی رەشید، خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان بەرەنگاری یەکتر بوونەوە و خۆپیشاندەرێک کوژرا و 12ـی دیکەش برینداربوون.
خۆپیشاندەران بێووچان هەوڵی پەڕینەوە لە پردەکانی نێوان هەردوو بەشی رەسافە و کەرخ دەدەن، بۆ چوونە ناوچەی سەوز، کە بارەگای زۆربەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و باڵیۆزخانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێیە، هێزە ئەمنییەکانیش هەموو هەوڵێکییان بۆ ئەوەیە، خۆپیشاندەران لەو پردانە نەپەڕنەوە.