بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جوتیاران دابەش دەكرێت

دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیاران كۆتایی پێدێت

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 24/11/2019 کۆتا بەشی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند "بڕی چوار ملیار دینار وەک کۆتا بەشی پارەی گەنمی جوتیاران دابینکراوە، جوتیاران دەتوانن چەکی پارەکانیان لەو سایلۆیانە وەربگرن کە گەنمەکانیان رادەستکردون".

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی گوتیشی: "ئەمساڵ سایلۆکان 355 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمیان لە جوتیارانیان وەرگرتووە، کە گۆی گشتی ئەو پارەی تەرخانکراوە بۆ ئەو بڕە گەنمە 186 ملیار دینارە".

راشیگەیاند: "بڕە پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2017 و 2018 2019 بە تەواوی دابەشکراوە، ئەوەی تا ئێستا ماوە پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016ـەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کابینەی حەیدەر عەبادی. بە جۆرێک لە کۆی دوو ترلیۆن دینار 557 ملیار دینار ماوە دابەش بکرێت".