لاڤرۆڤ ئامۆژگارییه‌كی هه‌سه‌ده‌ ده‌كات

باس له‌ گۆڕینی هه‌ڵوێستی هه‌سه‌ده‌ ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، رایگه‌یاند، هانی سه‌ركرده‌كانی كوردی سووریا ده‌ده‌ین، پابه‌ندییه‌كانیان په‌یوه‌ست به‌ یادداشتی لێكتێگه‌یشتنی رووسیا و توركیا جێبه‌جێ بكه‌ن. هۆشداریشی دا له‌وه‌ی له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی "گوماناوی تێوه‌بگلێن".

ئه‌مڕۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، "سێرگی لاڤرۆڤ"، له‌گه‌ڵ هاوتا "ئایسله‌ندییه‌كه‌ی" له‌ "مۆسكۆ" كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامدا.

له‌و كۆنفرانسه‌دا، "لاڤرۆڤ" گوتی: "تا ئێستا زانیاریمان له‌ باره‌ی هه‌ر جۆره‌ پێشێلكارییه‌كی توركیا بۆ یادداشتی لێكتێگه‌یشتنی سوچی نییه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كورده‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن".

گوتیشی: "ئامۆژگاری هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد به‌ گشتی ده‌كه‌م، پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان بن، كه‌ ده‌ستبه‌جێ له‌گه‌ڵ واژووكردنی یادداشتی لێكتێگه‌یشتنی 22ی ئۆكتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ توركیا، ره‌زامه‌ندی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یادداشته‌مان له‌ سه‌رۆكی كۆماری سووریا، به‌شار ئه‌سه‌د و فه‌رمانده‌ و سه‌ركردایه‌تی كورد وه‌رگرت و ئه‌وان به‌و په‌ڕی هێزیانه‌وه‌ دووپاتیان كرده‌وه‌، كه‌ هاوكاری سه‌ركه‌وتن و جێبه‌جێكردنی ده‌بن".

هه‌روه‌ها گوتی: "ده‌سته‌به‌ری مافی كورد ته‌نیا له‌ چوارچێوه‌ی سه‌روه‌ری سووریا و یه‌كپارچه‌یی خاكه‌كه‌ی ده‌بێت".

ئه‌وه‌شی گوت: "رووسیا هانی هه‌سه‌ده‌ ده‌دات، ده‌ست به‌ دانووستان و گفتوگۆی فراوان بكات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سووریا و پێش ئه‌وه‌ی واشنتنیش بڕیاری خۆی بۆ كشانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی له‌ باكووری سووریا بگۆڕێت، كورده‌كان بایه‌خی خۆیان بۆ ده‌ستپێكردنی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ و ته‌نانه‌ت لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ی رووسیا و توركیا ده‌ربڕی بوو".

لاڤرۆڤ ئه‌وه‌شی گوت: "كاتێك ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دا له‌ سووریا بكشێته‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ كورده‌كان رایانگه‌یاند، ئاماده‌ن ده‌ست به‌ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بكه‌ن، به‌ڵام دوای پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وانیش هه‌ڵوێستی نابنیاتنه‌رانه‌یان گرتووه‌ته‌به‌ر، بۆیه‌ ئامۆژگاری ئه‌و هاوڕێیانه‌مان ده‌كه‌م، له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان پێداگر بن و خۆیان نه‌خزێننه‌ ناو هه‌ڵسوكه‌وتی گوماناوییه‌وه"‌.