رێککەوتنی ئه‌مریكا و چین دابەزینی نرخی نەوت سنووردار دەکات

ئاراستەی بەردەوامی بەرزبوونەوەی نەوتی پێچەوانە کردەوە

K24 – هه‌ولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکان بە بەرزبوونەوەی لە ناکاوی ئاستی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا نرخی نەوت دابەزی، بەڵام گەشبینییەکان بە واژووکردنی قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین دابەزینەکەی سنووردار کرد.

لەگەڵ کرانەوەی بازاڕی گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی برێنت 9 سەنت و 0.14% بۆ 64.18 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکساسیش بەرێژەی 0.21% و12 سەنەت بۆ 58.29 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی.

ئەو دابەزینەش ئاراستەی بەردەوامی بەرزبوونەوەی نەوتی پێچەوانە کردەوە، دوو رۆژ لە بەرزبوونەوە بەردەوام بوو، بە جۆرێک نەوتی سووکی تێکساسیش تا رۆژی سێشەممە بە رێژەی 1.1% و برێنت بە رێژەی 1.4% بەرزبوونەوە، هۆکارەکەشی بۆ گەشبینییەکان بە رێککەوتنی بازرگانی نێوان یەکەم و دووەم زلهێزترین ئابووری جیهان دەگەڕێتەوە، کە دوو گەورەترین بەکاربەری نەوتن لە جیهاندا.

شارەزایان قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی نیوان واشنتن و پەکین بە سەرەتای کۆتایی جەنگی بەردەوامی بازرگانی دەبینن کە 16 مانگە بەردەوامە.

بەڵام بە گوێرەی داتا بەراییەکانی پەیمانگەی پێترۆڵی ئەمریکا، نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا بە بڕی 3.6 ملیۆن بەرمیل لە کۆتایی هەفتەی رابردوو واتە لە 22 ئەم مانگە تۆمارکردووە، بەوەش بۆ 449.6 ملیۆن بەرمیل بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا بۆ  418 هەزار بەرمیل دابەزێت. 

بنیامین لۆ، شرۆڤەکاری ئابووری لە فیلیپ فیوچەرز لە سەنگاپوورە رایگەیاند، گەشبینییەکان بە بازرگانی جیهان و پێشبینییەکان بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە لایەن ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی پاڵپشتی لە نرخی نەوت دەکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە بڕیارە رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە 6ـی مانگی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر سیاسەتی داهاتوویان بدەن و پێشبینییەکان بۆ ئەوەی کە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان درێژبکرێتەوە.