عەرەبە هاوردەکان زەویی جووتیارانی كورد داگیر دەکەن

له‌سه‌ر ئه‌م راپۆرته‌ په‌یامنێر و وێنه‌گری كوردستان 24 له‌لایه‌ن هێزێكی عێراقی ده‌ستگیر كران
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

جووتیارانی کورد لە گوندی پەڵکانەی سنووری شارەدێی سەرگەڕان، ڕووبەڕووی هەڕەشەی عەرەبە هاوردەکان بوونەتەوە و بە پاڵپشتیی هێزی سەربازیی زەویيەکان دەکێڵن و بەڵێننامەش بە جووتیارە کوردەکان پڕ کراوەتەوە، کە نابێت داوای زەویەکانیان بکەنەوە، لەکاتی بەدواداچوونی کێشەی جووتیارە کوردەکانیشدا، هێزێکی سوپای عێراق پەیامنێر و وێنەگری کوردستان24یان دەستبەسەر کرد و دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، ئازاد کران.

دەشتی ئاغا، خاوەنی ڕاستەقینەی زەویيەکەیە، بەڵام تەنیا بۆ هەیە لە دوورەوە سەیری بکات، سەرەتا ویستی لەگەڵ جووتیارانی ناوچەکە ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بەڵام هێزی سەربازیی پێی گوتوون، چیتر ئێرە زەوی ئێوە نیيە و هەر هەنگاوێکیش بنێی، بە ماددەی تیرۆر دەستگیرت دەکەین.

جووتیارانی کورد لە دووساڵی دوای شانزەی ئۆکتۆبەردا، ناخۆشترینی ڕۆژکانیان بەڕێ کرد، جگە لە هەوڵی داگیرکردنی زەویيەکانیان، گڕ لە بەرهەمەکانیشیان بەردرا، هەر بۆیە نایانەوێت چیتر ئەو ئازارە بکێشن.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنی تیمه‌كه‌شیان، په‌یامنێری كوردستان24 ڕایگه‌یان، جووتیارێکی عەرەب پەیوەندی بە هێزە ئەمنییەکانەوە دەکات، دوای چەند خوولەکێک، هێزێکی سەربازیی هاتن و دەستگیریان کردین، دوای لێکۆڵینەوەی ورد، ئازاد کراین و پێیان گوتین بەبێ ئاگاداریی ئێمە بۆتان نیيە بێنە ئەم ناوچەیە.

ئ. م