له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتن واژۆ ده‌كه‌ن

جووتیار عادل: ڕێککەوتنەکەی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا لە پرسەکانی نەوت و بودجە گه‌وره‌ تره‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

بەرامبەر به‌ دابینکردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە پابەندییەکانی هەرێم کوردستان ده‌كاته‌وه، بڕیاریشە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندکار سەردانی بەغدا بکات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین پێشکەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تەوەرێکی سەرەکیی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

جوتار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان  بۆ کوردستان ٢٤ی دووپاتی كرده‌وه‌، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ڕێککەوتنەکەی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا واژۆ دەکرێت، ڕێککەوتنەکەش لە پرسەکانی نەوت و بودجە گه‌وره‌ تره‌.

ئاماژه‌ی بەوەش دا، لەپاڵ پرسی بودجە، لێژنەیەکی دیکە بۆ چارەسەری پرسی ناوچە كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم پێک هاتووە و لەوەشدا پێشکەوتنی باش بەدەست هاتووە.

بە گەیشتنی هەولێر و بەغدا بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەسه‌ر نەوت و بودجە، چاوەڕێ دەکرێت بووژانەوە روو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بکات، هاوکات هێندەی دیکەش له‌ پرسه‌ ناكۆكه‌كانی دیكه‌، نزیکبوونەوە لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەدەست دێت.

H.B