بهشار ئهسهد: ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێویستی بە 300 تا 400 ملیار دۆلارە
K24 – ههولێر:
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لە میانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی "باری ماشی" فەرەنسی باس لە دۆخی ئابووری وڵاتەکەی و ئەو ئاستەنگیانەی رووبەڕووی دەبێتەوە بۆ دووبارە بنیادنانەوە سووریا كرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پلانی دەرچوونی وڵاتەکە لە دۆخی ئێستا سەرەڕای گەمارۆ و سزاکانی سەر سووریا ئەسەد رایگهیاند، سزاکان بە شێوەیەکی گەورە کاریگەری لەسەر سوورییەکان هەیە، بە تایبەت لە زۆربەی بوارەکانی پیشەسازیدا کە زۆربەیان زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام لە هەندێک پیشەسازی وەک دەرمان پاشەکشەیان نەکردووە و بەردهوام لە فراوانبووندایه.
هاوکات سەرۆکی سووریا لەبارەی دووبارە بنیادنانەوەی سووریا گوتی: دەتوانن سەیری حەلەب بکەن کە بەشێوەیەکی تەواو لە لایەن تیرۆریستانەوە خاپوور کرابوو، ئەو کات ساڵانە جیاوازییەکە دەبینن کە حکوومەت دەستی بە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوە کردووە.
لە بارەی وەبەرهێنانە بیانییەکانیش لە سووریا، ئەسەد گوتی: بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان ئامادەییان هەیە، دەست بە وەبەرهێنان بکەن لە وڵاتەکە، بەڵام سزا سەپێندراوەکانی رۆژئاوا بۆ سەر دیمەشق رێکارەکانی ئاڵۆز کردووە.
سەرۆکی سووریا ئاماژە بەوەدەدات، لە شەش مانگی رابردوودا، چەند کۆمپانیایەکی بیانی بۆ وەبەرهێنان هاتوون بۆ سووریا، کە بێگومان وەبەرهێنانی بیانی لەو دۆخەدا سستە، بەڵام رێوشێونەکان لە ژێر سزاکان سەختە، بۆیەش هەماهەنگیان لەگەڵ کۆمپانیاکان کردووە، بۆ ئەوەی دەرچەی گونجاو بدۆزنەوە و لە سووریادا کاربکەن، بەڵام ئەوەش بەو واتایە نایەت کە پڕۆسەی وەبەرهێنان و دووبارە بنیاتنانەوە خێرایە".
سەرۆکی سووریا ئاماژەی بهوهشدا، پڕۆسەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە پەیوەستە بەوەی کە چەند ساڵ سزاکان بەردەوام دەبێت، هەروەها پەیوەستە بە گەڕانەوەی سووریەکان لە دەرەوەی وڵات کە ئێستا دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە چەندین ساڵی بەردەوامی پێویستە".
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریا کە چەندین ساڵە بەردەوامە وڵاتەکە بە شێوەیەکی گەورە زیانی بەرکەوتووە، بە گوێرەی خەمڵاندنی شارەزایان وڵاتەکە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە پێویستی بە 300 بۆ 400 ملیار دۆلار هەیە.