له‌ لوبنان به‌نزینخانه‌كان داخران

بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی وڵاتەکە پێیدا تێپەڕدەبێت

K24 – هه‌ولێر‌:

وێستگەکانی سووتەمەنی لە لوبنان دەستیان بە مانگرتنی سەرتاسەری کرد، ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی وڵاتەکە پێیدا تێپەڕدەبێت.

سەندیکای خاوەن وێستگەکانی سووتەمەنی بڕیاری مانگرتنیان لە لوبنان داو  لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا بە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و خەرجییەکانی هاوردەکردنی سووتەمەنی کێشەیان بۆ دروستبووە و دووچاری زیان بوون و بەو هۆیەوە وێستگەکانی سووتەمەنی باجی زیانەکان دەدەن بەوەی سووتەمەنی بە لیرەی لوبنانی دەفرۆشن و لە بەرامبەردا دەبێت بە دۆلار سووتەمەنی لە هاوردەکاران بکڕن.

بەهای لیرەی لوبنانی لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دابەزیووە، کە سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دابینکردنی دۆلار بۆ سەرجەم هاوردەکاران لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە، بەوەش بە رێژەی 40% لە بەهای سەرەکی خۆی کە بە 1507.5 لیرە بۆ دۆلار جێگیر کرابوو دابەزیووە، ئەوەش کەمترین ئاستییەتی لە ساڵی 1997ـەوە.