"یەكێتی لەبەردەم دووڕیان دایە"

یەكێتی بۆ كۆنگره‌ی چواره‌م ئامادەكاری دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکارییەکانیەتی بۆ بەستنی چوارەم کۆنگرە، بەشێکی زۆری سەرکردە و ئەندامان و لایەنگرانی بە پێویستی دەزانن لەو وادەیەی دیاریکراوە کۆنگرەی حزبەکەیان بکرێت، کادرێکی یەکێتی دەڵێت" یەكێتی لەبەردەم دووڕیاندایە و یەک رۆژ دواخستنی کۆنگرە زیانی زۆر بە یەكێتی دەگەیەنێت".

چەند رۆژێکە سەرجەم بارەگاکانی یەکێتی باسی گەرم و کاری لە پێشینەیان ئامادەکارییە بۆ بەستنی چوارەم کۆنگرەی حزبەكه‌یان، کە سەرکردەو ئەندامان و لایەنگرانی ئومێدێکی زۆریان لەسەر ھەڵچنیوە، ئەویش بەدوو مەبەست، یەکەمیان چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان و دووەمیان نوێبونەوەی یەکێتیە، ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی رۆڵێکی کارا دەگێرێت لە ئامادەسازییەکان وتەبێژەکەشیان دەڵێت، حزبەکەیان لە قۆناغی کۆتایی ئامادەکاری کۆنگرەدایە و کارەکانی ئەنجوومەنی ناوەندیش بۆ کۆنگرە رووندەكاتەوە.

لە چەند رۆژی رابردوو کۆنفڕانسی کۆمیتەکان کۆتایی ھات و بەرەو کۆنفڕانسی مەڵبەندەکان دەڕۆن، پاش کۆتای ھاتنی کۆنفڕانسی مەڵًبەندەکانیش ئەندامانی کۆنگرە بەدیار دەکەون، کە پێکدێن لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی ناوەندی و وەزیر و پەرلەمانتارەکان و پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی ساڵی 1976، سکرتێری گشتیش مافی ئەوەی ھەبووە 120 کەس دابنێت بۆ کۆنگرە، بەڵام تائێستا ئەوە یەکلا نەکراوەتەوە.

لە تیف حوسێن، کادری راگەیاندنی یەکێتی بە كوردستان24ی گوت: "دواخستنی كۆنگرە لە بەرژەوەندی یەكێتی نییە و زیانی گەورەی بەردەكەوێت، یەكێتی لەبەردەم دووڕیاندایە یان دەبێ كۆنگرە ببەستێ یان دەبێ زیاتر لاوازبێت، ئێستا ئەگەرەكانی بەستنی كۆنگرە زیاترە، بەڵام لێرە و لەوێ قسە دەكرێت كە گومان لە بەستنی كۆنگرە بكرێت".

تایبەت بە شوێنی بەستنی کۆنگرەش دوو شوێن پێشنیاز کراوە کە لە نێوان سلێمانی و قەلاچوالان یەکلا دەکرێتەوە، لە کاتی بەستنی کۆنگرەش رۆژی یەکەم چەند میوانێک بانگھێشت دەکرێت و دواتر راپۆرتەکان دەخوێنرێنەوە. رۆژی دووەمیش تەرخان دەکرێت بۆ نووسینەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتی و رۆژی سێیەمیش بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گشتی کە پێکدێن لە 121 کەس.