فرۆشی "هەینی ڕەش" لە ئەمەریکا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار کرد

رێژەکەی بە بەروارد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە

K24 – هه‌ولێر:

لە ئەمەریكا كۆی فرۆشی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لە رۆژی بلاك فڕایدەی (هەینی رەش) ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد.

بەگوێرەی داتاكانی كۆمپانیای ئەدۆبی ئانالیتیكس، لە ئەمەریكا ئاستی فرۆشی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە لە بلاك فڕایدەی بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە 7 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار كە بەوەش ژمارەی پێوانەیی تۆماردەكات و زۆرترین پرۆسەكانی كڕین لەرێگەی ئامێری زیرەكەوە بووە.

ئاماژەی بەوەشدا ،تۆماركردنی ئەو ژمارەیە بەرێژەی سەدا 19.6 زیادەی تۆماركردووە؛ بە بەراورد بە ساڵی پێشووتری.

 كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشدا كە ژمارەی كۆمپانیاكانی بەكۆ  لە رێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەیان لەگەڵ كریار كردووە لە كۆی 100 كۆمپانیا 80 یان ئەو پرۆسەیەیان ئەنجامداوە واتە بەرێژەی سەدا 21 زیادیكردووە .

راشیگەیاند، بەكاربەر لە پشووی سوپسگوزاری لە رێگەی ئینتەرنێتەوە 4 ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری خەرجكردووە.

هەینی دوای جەژنی سوپاسگوزاریی ئەمەریکا دەبێتە "هەینی رەش"، لەم  رۆژە زۆربەی کۆمپانیاکان داشکاندن بۆ کاڵاکانیان دەکەن و خەڵکێکی زۆر لە رێگای ئینتەرنێت یاخود روو کردنەوە مۆڵەکان، کاڵاکانیان بە نرخێکی هەرزانتر دەکڕن.

H.J