سعوودییە هەڕەشە لەبارەی نەوت دەکات
K24 – ههولێر:
کۆتایی ئەم هەفتەیە رێکخراوی ئۆپێک کۆدەبێتەوە، بڕیار لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەدات، شارەزایەکی نەوتی سعوودی ئاماژە بەوەدەدات، ریاز ئیدی ناتوانێت قورسایی ئەو وڵاتانە بخاتە ئەستۆ کە پابەند نین بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بۆیە بە روونی پێیان دەڵێت، یان پابەند بن بە رێککەوتن، یاخود رێککەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە ئەگەر نا بازاڕ نوقمی نەوت دەکەم.
عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری نەوتی سعوودیە هۆشداری دهداته وڵاتانی ئەندام له رێكخراوی ئۆپێک کە پابەندی رێککەوتنی ئهو رێكخراوه بن ئهگینا رێککەوتنە بە یەکجاری هەڵدهوەشێتەوە.
محەمەد سەبان راوێژکاری ئابووری نەوتی سعوودیە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی سپوتینگی رووسی رایگەیاندووه لە دوو ساڵی رابردوودا ریاز ئەوهی پێیوست بوو بە زیادەوە بۆ پابەندبوونی رێککەوتنی ئۆپێک کردوویەتی و رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردەوە، هاوکات ئاگاداریش بووە لەوەی هەندێک وڵات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان زیادکردووە، و پابەند نەبوونە بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس.
ئەو راوێژکارە نەوتییە سعوودیه لهوبڕوایهدایه دۆخی ئێستا ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرتووە، بۆیە سعوودیە ناتوانێت قورسایی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە ئەستۆ بگرێت لە کاتێکدا وڵاتانی دیکە ئاستی بەرهەمهێنان بەرزدەکەنەوە، بە جۆرێک رووسیا و نهیجیریا و عێراق و هەندێک وڵاتی دیکە پابەند نین بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، کە لە کۆبوونەوەی لیژنەی چاودێری لە ئەبوزەبی هۆشداریان پێ درابوو، هەمووشیان پابەند بوونی خۆیان دووپاتکردبووەوە، بەڵام لە ئامارەکانی مانگی تشرینی یەکەم دەرکەوتووە کە ئاستی بەرهەمهێنانیان زیادکردووە.
سەبان ئاماژە بەوەش دەدات، ئێستا عێراق لە دۆخێکی ناجێگیردایە و پابەند نەبوونی بە بژاردەی خۆی نییە و هۆکارەکەشی ئەو دۆخە قەیرانی و ئاڵۆزەیە کە وڵاتەکە پێیدا تیپەڕ دەبێت.
ئەو شارەزایەی نەوت دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئۆپێک، سعوودیە بە راشكاوی بە ئەندامەکان دەڵێت، ئەگەر سووڕن لەسەر کەمکردنەوە با رێککەوتنە درێژبکرێتەوە، سعوودیە رێگە بە پێشێلکاری نادات، و هۆشداری دەدات یان هەموو لایەک پابەند بە رێککەوتن، یان کەس پابەند نەبێت و رێککەوتنەکە هەڵبوەشێتەوە.
H.J