به‌غدا به‌م جۆره نه‌وتی كه‌ركووك ده‌فرۆشێته ئۆردن
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری وزه و سامانی كانزایی ئه‌رده‌ن، ئه‌ندازیار "هاله زواتی" رایگه‌یاند، له پاڵاوتگه‌ی "بێجی" عێراقه‌وه، رۆژانه (10) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌گوازینه‌وه بۆ پاڵاوتگه‌ی "پترۆڵ"ـی ئۆردن.
وه‌زیره ئۆردنییه‌كه، "هاله زواتی" گوتیشی: ئه‌و نه‌وته‌ی له "بێجی"ـیه‌وه هاورده‌ی ده‌كه‌ین، (%7)ی پێداویستی ئۆردن دابین ده‌كات.
باسی له‌وه‌شكرد، "هه‌ردوو وڵات له سه‌ر رێگه‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگین له بواری وزه‌دا و ئه‌وه‌ش به سوود و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات ته‌واو ده‌بێت".
له باره‌ی نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له‌و نه‌وته‌ی له عێراقی ده‌كڕن، "هاله زواتی" گوتی: "به گوێره‌ی یادداشتی له‌یه‌كتێگه‌یشتنی عێراق و ئه‌رده‌ن، به‌غدا نه‌وتی خاوی كه‌ركووك به نرخی تێكڕای ناوه‌ندی نرخی نه‌وتی خاوی برنت ده‌فرۆشێته ئۆردن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تێچووی گواستنه‌وه و جیاوازی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌وته خاوه‌كه‌ی لێده‌بڕێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌و یادداشتی له‌یه‌كتێگه‌یشتنه‌ی عێراق و ئۆردن، رێگه‌ی بازرگانی وشكانی نێوان عێراق و ئۆردنی بوژاندووه‌ته‌وه" قۆناغێكی نوێی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی ئابووری له نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌ستیپێكردووه".
وه‌زیره ئۆردنییه‌كه روونیكرده‌وه، ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه به‌رده‌وام ده‌بێت تا ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی راكێشانی هێڵی نه‌وتگوێزه‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ره‌و به‌نده‌ری "عه‌قه‌به"، كه نه‌وتی عێراق له "به‌سره"وه به‌ره‌و ناوچه‌ی "حه‌دیثه" و پاشان به‌نده‌ری "عه‌قه‌به" ده‌گوازێته‌وه و تۆڕی كاره‌بای نێوان هه‌ردوو وڵاتیش به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌ندرێت.
یادداشته‌كه‌ی نێوان عێراق و ئۆردن له سه‌ره‌تای مانگی (ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ر)ی رابردوودا كاری پێكراوه و نه‌وتی كه‌ركووك له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ره‌وانه‌ی ئۆردن كراوه.
حكومه‌تی ئۆردن، له (مانگی شوبات/ فێبرایه‌ر)ی رابردوودا یادداشتێكی له‌یه‌كتێگه‌یشتنی له‌گه‌ڵ عێراق واژوو كردبوو، بۆ كڕینی نه‌وتی كه‌ركووك به مه‌به‌ستی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی وڵاته‌كه‌ی له نه‌وتی خاو.
له مانگی رابردوودا ئۆردن له به هۆی (1209) تانكه‌ره‌وه، (309) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی له عێراقه‌وه گواستووه‌ته‌وه وڵاته‌كه‌ی.
سه‌رچاوه: سپۆتنیك
ئ.ڕ