یەكگرتوو لە كۆنگرەدا پاشگری ئیسلامی یەكلایی دەكاتەوە

بەر لە ساڵی نوێ یەكگرتوو كۆنگرەی ئاسایی دەبەستێت
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی   

بڕیارە به‌ر له‌ کۆتایی ئەمساڵ، یەکگرتوی  ئیسلامی کوردستان کۆنگرەی ھەشتەمی خۆی ببەستێت، بۆ ئه‌مه‌ش سەرجەم ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنگرەی تەواو کردووە، ئەندامێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو دەڵێت، بابەتی پاشگری ئیسلامی لە ناو کۆنگرەدا یەکلا دەکرێتەوە. چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت "ئەگەر یەکگرتوو فۆڕمێکی نوێ گەڵاڵە نەکات، ئەوا پێشکەوتن بە خۆوە نابینێت".

به‌شێكی زۆر له‌ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، ده‌یانه‌وێ به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ كۆتایی به‌م ساڵ بهێنن و به‌ خۆ نوێكردنه‌وه‌و پلان و به‌رنامه‌یه‌كی تازه‌ بچنه‌ ناو ساڵی نوێوه‌. یەکگرتووی ئیسلامیش وەک بەشێک لە حزبەکانی دیکە دەیەوێت پێش ھاتنی ساڵی نوێ خۆی نوێبکاتەوە، بۆ به‌ستنی هه‌شته‌مین کۆنگرە سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بە کۆتا ھاتووە.

مستەفا عەبدوڵڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەكگرتووی ئیسلامی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئاراستەیەك ھەیە لە كۆنگرەی داھاتوودا ئیسلاحی كۆمەڵگە بكەینە بنەمایەك بۆ ئایندە، لەو رووەوە خزمەتی كۆمەڵگەی كوردی بكەین. بۆ بابەتی سیاسیش گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكەین چۆن ئەركە سیاسییەكان بە كاراكتەرەكان دەسپێرین، ھیچ شتێك بڤە و قاچاغ نییە بۆ قسە لەسەر كردن".

"ئەگەر یەکگرتوی ئیسلامی فۆڕمێکی نوێ گەڵاڵە نەکەن بۆ خۆیان ئەوا پێشکەوتن بە خۆوە نابینێت  ئەگەر توانیان گوتارێکی نوێ بۆخۆیان دابنێن و لە گوتارە تەقلیدیەکەیان دەربچن ئەوا دەتوانن بڵێن کۆنگرەی ھەشت سەرکەوتووبووە، بۆیە پێویستە یەگکرتوو لە نێوان بانگخوازی و سیاسیەتدا خۆی یەکلابکاتەوە"، ئەمه‌ بۆچوونی ئاسۆ عەبدول لەتیف چاودێرێکی سیاسییە لە سەر کۆنگرەی یەکگرتوو.