"سه‌ماوه" چیرۆكی بێ ده‌وڵه‌تییه
ئه‌وه‌ی له پارێزگای سه‌ماوه‌و بیابانه‌كان و چه‌قی شۆڤێنیزمی عێراقی روویدا، سه‌دان جاری‌تر دووباره ده‌بێته‌وه، ئێسك و پروسكی ئه‌نفالكراوان به راوێژكارانی كۆشك نایه‌ته‌وه، ئه‌مه ئه‌ته‌كێتی ده‌وڵه‌تداری نییه، ئێسك و پروسكی ئێمه پێویسته له‌سه‌ر ئاستی به‌رزی ده‌وڵه‌تی و به‌پێی پرۆتۆكۆل و یاسا و مه‌راسیم و شاندی وه‌زاری باڵا‌و نوێنه‌رانی بیانی، كه‌ژاوه‌یان بۆ سازبكرێت تاوه‌كو جیهان بزانێت گه‌لی كورد چیرۆكه تراژیدیه‌كانی ته‌واو نابێت، ئه‌وكاته‌ی ده‌ست ده‌برێت بۆ پیرۆزیی ئێسك و په‌راسوی منداڵێك و په‌نجه‌و قامكی برایه‌كی هه‌ناسه‌سوارو فه‌قیانه‌و مێخه‌كبه‌ندی دایكێكی چاو به‌كلی هێشتا ره‌شی ناو ته‌پوتۆزی عه‌رعه‌رو سه‌ماوه، ده‌بێت بێده‌نگ بین، له‌رز دامانبگرێت، ده‌رگای كۆشك و په‌رله‌مان دابخرێت، ره‌شپۆش بین، سرودی نیشتیمانی بچڕین، هه‌مووان پرسه‌گێڕی ناو كه‌ژاوه‌كه‌یان بین، نه‌ك خۆ خه‌ریككردن به شه‌ڕی بچوكی لاوه‌كیه‌وه.
سه‌ماوه ده‌بوو وێسگه‌ی موماره‌سه‌كردنی یاساكانی به جینۆسایدناساندنی كه‌یسی ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه بوایه كه په‌رله‌مانی عێراق ته‌به‌نی كردوه، نه‌ك ئه‌فسه‌رێك سوكایه‌تی پێ بكات، هه‌میشه كێشه‌ی كورد ئاوا به‌هۆی نه‌زعه‌ی شۆڤێنی و بیری ته‌سك و باش مامه‌ڵه‌نه‌كردنه‌وه دۆخه‌كه‌ی له دۆخی شه‌رعیه‌تێكی مرۆیی و یاسایی و باڵاوه گۆڕاوه بۆ ئاستێكی نزم، چیرۆكی سه‌ماوه به‌رده‌وامه بۆ سه‌دان ساڵی‌تر، وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بۆچی چه‌ندین ساڵه بێده‌نگه له ئاست ئه‌م كه‌یسه زیندووه، باشه ئه‌و روفاته شه‌هیدكراوانه‌ی سه‌حراكانی عێراق ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تی شه‌هیدان مه‌راسیمی بۆ سازنه‌كات و خۆیان بۆ ته‌رخان نه‌كه‌ن، ئه‌ی بۆ چی ده‌یكات، زیادكردنی ناسنامه بۆ زیندانیانی سیاسی كه رێژه‌كه‌یان به‌هۆی ئیمتیازاته‌وه رۆژ به‌رۆژ به‌رزتری ده‌كه‌نه‌وه! بۆ له‌سه‌ر ئاستی باڵا نایه‌ینه ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌م شه‌هیده سیمبولیكانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان وه‌ك چۆن جوله‌كه بۆ هۆلۆكۆستی ده‌كات، كه‌واته گرفته‌كه ئه‌فسه‌رێك و پارێزگارێك و په‌رله‌مانتارێكی شۆڤێنی نییه كه چاویان تراژیدیاكانی گه‌لی كورد نابینێ، به‌ڵكو ئه‌وه خۆمان و بێ ئه‌ته‌كێتی خۆمانه، بێده‌وڵه‌تی و بێ شوناسی خۆمانه!
كاتی خۆی یان ده‌بوو پاڵبده‌ین به موسوڵمانه‌كانه‌وه‌و ئاڵای سه‌وزی مه‌رقه‌ده‌كان به‌رزبكه‌ینه‌وه‌و منداڵه‌كانمان ناوبنێین سه‌ڵاحه‌دین و غه‌فارو حه‌مزه‌و ئه‌نه‌س، یان خاچپه‌رسته‌كان و ناوه‌كان عه‌كس بكه‌ینه‌وه بۆ بنیامین و عیمران، یانژی به‌ره‌ی سه‌فه‌ویه‌كان هه‌ڵبژێرین یان عوسمانیه‌كان، دنیا بۆ ئێمه دوو ئه‌هلیه‌ت بوو، ئه‌هلی حه‌ق و باتیڵ، ره‌ش و سپی ، هیچیشیان بۆ كورد زاده‌ی حه‌قێك نه‌بوون بۆ به‌رزراگرتنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤی كورد، دواتر شۆڕبوویه‌وه بۆ ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و قادریی، ئه‌گه‌رچی بۆ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی كوردیش، واته ئه‌ویتر هه‌ر وابوو دابه‌شبوونه‌كه، بلۆكی سۆسیالیستی و سه‌رمایه‌داریی تا سه‌ده‌یه‌ك دنیایان بۆخۆیان قۆرخكرد، ئێستاش له‌م عێراقی شیعه‌و سوننه‌یه، خه‌ریكی دووباره دابه‌شكاریی و دیزاینكردنه‌وه‌ی ئه‌و میتۆده كلاسیكیه‌ن و به هه‌ردولاشیان خه‌ریكی هاڕینی خه‌ون و ئیحساسی كوردن، ئاڵایه‌ك له سه‌ماوه یان له كه‌ركوك یان له ترابزۆن یان له سنه‌و كرماشان كێشه بۆ ئه‌م مه‌نزومه فیكری و ئایدۆلۆژیه دروست ده‌كات و كێشه‌كه‌ش بێده‌وڵه‌تیه‌و هیچیتر.
بۆ كورد هه‌ر ده‌بێت چاوه‌روانی سزادان و داوای لێبوردن بكه‌ین، ئه‌مه بێ‌تامترین و نزمترین مۆراڵه‌و هه‌ندێكیش وه‌ك كه‌لتوری لێبورده‌یی و ته‌ساموحی نه‌ته‌وه‌یی ته‌ماشای ده‌كه‌ن كه وانییه، ئه‌مه بێده‌سه‌ڵاتییه، ئه‌مه رێك ئه‌زعه‌فولئیمانه‌و ده‌بێت كورد قبوڵیشی بكات، ئیتر نه‌ته‌وه‌و خاك و سه‌رۆك كۆمار‌و دیبلۆماسیه‌ت و وه‌زیر و په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی هیچ بونی نییه!
ئه‌گه‌رچی نه‌ته‌وه‌و خاك و ئاڵا‌و سه‌روه‌ری و ئابوری و نه‌وت و هێزی گه‌وره‌شمان هه‌یه به‌ڵام ناتوانین سه‌رمایه‌گوزاری پێوه‌بكه‌ین چونكه مۆڵه‌تی به‌كارهێنانی ئه‌و هێزانه له‌ده‌ستی خۆماندا نییه، وتیان ئه‌گه‌ر "مه‌لیك مه‌حمود" رازی بوایه به دڵرازیكردنی ئینگلیز‌و له‌كاتی خۆیدا به فه‌قیانه‌كه‌یه‌وه ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كاندا نه‌كردایه ئێستا كورد ده‌وڵه‌ت بوو، یان "شێخ سه‌عیدی پیران" ئه‌وه‌نده سه‌ركێش نه‌بووایه بۆ توركه‌كان " قازی محمد" رازی بووایه به مه‌رجه‌كانی شا، ئه‌مانه هه‌موو بیانوی بۆش بوون، ئێستا زۆر واوه‌تر رۆشتووین، ئه‌و عه‌ره‌به‌ی سوكایه‌تی به روفاتی ئه‌نفال و گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ و پروسكی دایكی ره‌شپۆشی ناو خاكی رق و تۆڵه ده‌كات، به‌رپرسه‌كه‌ی پێش پرۆسه‌ی ئازادی فه‌رشی سوری بۆ راده‌خرا له‌م هه‌رێمه كوردییه، كورد دۆست و پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو دنیایه بۆچی باشه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تت نه‌بوو، له‌ناو خه‌ریته سیاسیه جیهانیه‌كه‌داین دژی تیرۆریزمی ئاینی داعش و له به‌رزترین ئاستی دیبلۆماسی، پێشوازی ده‌كرێین و ئاڵای كوردستان له به‌دترین ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه به‌رزده‌كرێته‌وه‌و سه‌رۆكی وڵاتانی دونیا پرسه‌كه‌مان به باشی ده‌ناسن و ئازایه‌تی پێشمه‌رگه‌شیان له به‌رچاوه، ئێ چییه ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی یاسایی و په‌رژینی خۆتت نه‌بوو، ئاوا سوكایه‌تی به شكۆی وه‌زیرو راوێژكاره‌كانت ده‌كه‌ن، بۆچی ناپرسین تا كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال وه‌ك شوناسی قوربانی و به‌ڵگه‌ی جینۆسایدی گه‌لێك ره‌وایه‌تی نییه لای به‌رپرسێكی شۆڤێنیستی عێراقی، واز له كۆشكی سپی ئه‌مریكاو ئیلیزێی فه‌ره‌نسا، كرملنی روسیا، لۆرداتی به‌ریتانیا و وڵاته رۆژئاواییه‌كان بێنن، داموده‌زگای به‌غداد جگه له داوای لێبوردن چی‌تریان هه‌یه بۆ ئێمه‌ی بكه‌ن، ئایا ئه‌مه به‌سه؟.
ده‌وڵه‌ت شوناس و هێزو ئیراده‌یه، بێده‌وڵه‌تیش بێ‌شوناسی و بێكه‌رامه‌تی و سوكایه‌تیه‌كی به‌رده‌وامه بۆ ئه‌م نه‌ته‌وه، بیریارانیش له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن ده‌وڵه‌ت سه‌ره‌تایه‌كه بۆ موماره‌سه‌ی مافه مه‌ده‌نی و كولتوری و زمانیه‌كان، ماكی سه‌ركه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رگه‌لێك په‌یوه‌سته به ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن ئیراده‌و گه‌شه‌سه‌ندوو ته‌ندروسته‌وه، بۆیه ده‌بێت فیكری ده‌وڵه‌ت له ئێستادا وه‌ك فیكرێكی پراگماتی به خه‌تی سوور بنوسینه‌وه ئه‌گینا داوای لێبوردن سودی نییه.