بۆچی هێشتا "سه‌ڵاحه‌ددین به‌هائه‌دین"
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه ده‌خه‌مه كۆتایی ئه‌م وتاره، به‌واتایه‌كی تر ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه به‌و شێوه‌یه فۆرمه‌ڵه بكه‌ینه‌وه، ئایا دوای ئه‌م داخزان و پاشه‌كشه‌ی "یه‌كگرتووی ئیسلامی" به له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی كورسیه‌كانی، زه‌روره‌تی سه‌ركرده‌ی كاریزمی و سه‌رۆكی رۆحی و بابی مه‌زن، تاچه‌ند پێداویستیه‌كی گرنگ و ستراتیجیه‌و ده‌بێت هه‌بێت؟
چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا وتمان یه‌كێك له گرفته‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی چینه ده‌ستڕۆشتوه‌كه‌ی مه‌كته‌ب سیاسین، تا ئه‌وكاته‌ی وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن و ده‌كه‌ون به سه‌ر ئیمتیاز‌و شیلاوگی ده‌سه‌ڵاتداو كایه رۆحی و ئاینی و بانگه‌وازه‌كه‌یان بیر ده‌چێته‌وه، ناتوانن له رووی پراكتیكی و سایكۆلۆژیه‌وه خوێندنه‌وه بۆ دۆخی كوردستان بكه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر بانگه‌وازو په‌روه‌رده‌و ئیرشادی فیكریی بكه‌نه پێشه‌نگ و به‌رگه‌ی دووری له حكومه‌ت بگرن وه‌ك ئۆپۆزسیۆن ئه‌وا جه‌ماوه‌رێكی گه‌وره له‌ده‌وری خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و توشی ئه‌و شكستانه نابن، به‌هه‌رحاڵ گوێ له‌م نه‌غمه‌یه نه‌گیرا كاتی خۆی !
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه روون بێت شكست له پرۆسه‌یه‌كدا نییه كه ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌كاری و به‌كارهێنانی هێزو پاره‌و به‌خشینه‌وه هێشتا بازاڕی گه‌رمه‌و دیموكراسیش وه‌هم بێت، پاشه‌كشه له‌م جۆره گه‌مانه‌دا مانای كه‌وتن و كۆتایی هاتنی هێزو پارتێكی سیاسی و ئایدۆلۆژی ناگه‌یه‌نێت، خۆ ئه‌گه‌ر حیزب دووچاری وێسگه‌یه‌ك له شكست و نسكۆش بێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كگرتوو گۆڕان به نموونه ئه‌وه ناكرێت به‌ته‌نها ئۆباڵه‌كه‌ی وه‌ك ملوانكه‌ی ئاگرین بخرێته ملی بابی گه‌وره‌و لوتكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه‌وه، چونكه به‌ده‌یان جۆر به‌رپرسیاریه‌تی و جومگه‌ی هه‌ستیار هه‌یه له حیزب‌دا و هه‌موو وه‌ك یه‌ك به‌شدارن، ئه‌سڵه‌ن حیزبی مۆدێرن كادرانی ناوه‌نجی و وه‌سه‌تی ناو هه‌ڕه‌مه‌كه داڕشتن و فۆڕمه‌ڵایزی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی له كوردستان ده‌گوزه‌رێت هه‌ڵبژاردن و دیموكراسی نییه، بۆیه ناكرێت حیزبێك كاتێ كورسی كه‌م ده‌هێنێت وه‌ك شكست وه‌ری بگرێت، ئه‌مه به‌ده‌ره‌جه‌ی یه‌كه‌م شانۆگه‌ریه‌كی سیاسییه بۆ دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندی ئاراسته گه‌وره‌كانی ده‌وروبه‌رمان، راسته ناوی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام كاراكته‌ره‌كانی وه‌ك "مه‌كگۆرك و قاسم سوله‌یمانی و هاكان فیدان" رۆڵی جه‌وهه‌ریی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی تێدا ده‌گێڕن، ئه‌مه‌ش به حوكمی ئه‌وه‌ی ئێمه وڵاتی بێ په‌چه‌و چوارچێوه‌ین، ده‌ستوورو ئاڵا‌و سه‌روه‌ری و كیان و ده‌وڵه‌تمان نییه، له‌م هه‌رێمه‌دا شكستی هێزه‌كان په‌یوه‌ندی به شكست و سه‌ركه‌وتنی هێزه ئیقلیمیه‌كانه‌وه هه‌یه، شكست و سه‌ركه‌وتنی ئه‌وان بۆناوخۆی هه‌رێمیش درێژ ده‌بێته‌وه، ئه‌وان كاتێك برسی بن ئێمه‌ش برسی ده‌كه‌ن، وێران بن ئێمه‌ش وێران ده‌كه‌ن، وته‌زای به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی ئه‌م هه‌رێمه ئه‌وپه‌ڕی راستگۆیی تێدابوو كاتێك ده‌ڵێ "یه‌ك كورسی و سه‌د كورسی لای ئێمه وه‌ك یه‌كه چونكه خاوه‌نی هێزین" بینیمان له رابردووی نزیكدا هێزێكی سیاسی له هه‌ڵبژاردنی 2013 چۆن شكستیخواردو ده‌ستكاری ده‌نگه‌كانی خه‌ڵكیشیان كرد له ئه‌لبیسه‌كه‌و هێشتا ئاماده نه‌بوون ئاڵوگۆڕی كورسی و ده‌سه‌ڵات له پارێزگایه‌كی وه‌ك سلێمانیشدا بكه‌ن، ناچار كه‌لتووری دووساڵ به دووساڵیان په‌یره‌وكرد به هه‌زار دانیشتن و گفتوگۆی توند كه له هیچ پێوه‌رێكی دیموكراسیدا بوونی نییه، كه‌واته چه‌مكی براوه‌و دۆڕاو نییه، هێزو سه‌ربازو وه‌لائی سیاسی بۆ ده‌وروبه‌ر ته‌حه‌كوم به هاوكێشه‌كانه‌وه ده‌كات، به كورتی هه‌ڵسه‌نگاندنی دیموكراسی بێ خه‌وش و جه‌ماوه‌ریی له ئارا نییه كه ویژدانی گه‌ل دادوه‌ربێت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هێزه‌كان، شتێك هه‌یه ناوی ململانێی كورسی و هێزو پاوه‌رو نه‌وتی ژێر زه‌وی ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌و به‌س، بۆیه پاشه‌كشه‌ی ئه‌م هێزو سه‌ركه‌وتنی ئه‌و هێز مه‌كه‌نه رۆژه‌ڤی سیاسی و هه‌ڵای میدیایی گه‌وره، راسته له رووی مه‌عنه‌ویه‌وه گرنگه وه‌لێ ته‌فره‌دانێكی سیاسی زیاتر هیچی تر نییه، ئه‌مه به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و راستیانه‌ش كه شكستی هه‌ندێك له هێزه‌كان و كه‌مبونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ر له "ساخته‌كاریی" تا راده‌یه‌ك په‌یوه‌ندی هه‌یه به نه‌بوونی هه‌ڵوێستی جددی سه‌ر شه‌قام و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی و بێزاریی خه‌ڵك له ده‌مووچاوی كۆن و به‌رنامه‌ی ناجێگیرو نارۆشنی حیزبه‌كان، به‌ڵام هێشتا ئه‌گه‌ر یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به نمونه وه‌ربگرین ناكرێت شایه‌نی ئه‌وه‌نده پاشه‌كشه بێت و ئه‌م پاشه‌كشه‌یه‌ش راسته‌وخۆ بخه‌ینه ئه‌ستۆی ئه‌مینداره‌كه‌ی، بگره ئه‌مینداری ئه‌م حیزبه له رابردوودا زۆرترین باجیدا كه هاته ناو ورده‌كاریه‌كانی سیاسه‌تی ئه‌م هه‌رێمه، ئه‌وپه‌ری تواناكانی خۆی ته‌رخانكرد له یه‌كریزی نیشتیمانی و دروستكردنی به‌ره‌ی ئیسلامی و ئاشته‌وایی ناوخۆییدا، وه‌كو حیزبیش یه‌كگرتوو تا ئێستا باشترین حیزبی په‌روه‌رده‌یی ئیسڵاحی په‌رێزپاكی چاكه‌خوازی ئه‌م هه‌رێمه بووه‌و به‌رده‌وام هه‌وێنی برایه‌تی و یه‌كریزی نیشتیمانی بووه، ئایا ده‌كرێت پاشه‌كشه‌ی ئه‌م حیزبه وه‌ك شكست ته‌ماشا بكه‌ین، به بڕوای من نه‌خێر چونكه له بنه‌ره‌تدا ئالیه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن و كۆمسیاران و خودی پرۆسه‌كه له‌ژێر پرسیاردایه‌و ئه‌و حیزبانه‌ش كه وه‌ك یه‌كگرتوو وان باشتره بیر له بژارده‌ی تر بكه‌نه‌وه‌و هیچ نه‌بێت هه‌ڵبژاردن به‌م میكانیزمه ره‌دبكه‌نه‌وه.
ئه‌گه‌رچی گرنگه لێره‌دا كه‌موو كورتی و كێماسیه‌كانی یه‌كگرتوو له چوارساڵی رابردوو باس بكه‌ین كه به‌شێكی په‌یوه‌ندی هه‌یه به تیمی لاوازی ئه‌م حیزبه له حكومه‌ت و په‌رله‌مان، به‌تایبه‌تی وه‌زیره‌كانی یه‌كگرتوو له خولی ئه‌مجاره نه‌ك نه‌یانتوانی ئه‌دایه‌كی جوان و شایسته پێشكه‌ش بكه‌ن و بێنه ناو خه‌ڵك و له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بڕیاربده‌ن به‌ڵكو بوونه مایه‌ی شه‌رم و كوتله‌یه‌ك له بارگرانی بۆسه‌ر یه‌كگرتووش، هه‌ندێك چالاكی و گرێبه‌ست و سلوكی ئه‌م وه‌زیرانه‌ی یه‌كگرتوو به‌جۆرێك بووه مایه‌ی شه‌ك و گومان كه نه‌ده‌كرا هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر نه‌كرێت، له‌مه‌یاندا ده‌بوو سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوو لێپێچینه‌وه‌ی توندی بكردایه و ئه‌مرۆی له‌به‌رچاوبوایه به‌ڵام نه‌یكرد، ئه‌م تیمه وه‌زارییه‌ی یه‌كگرتوو نه‌ك نه‌یانتوانی به‌رنامه‌ی ئیسڵاحخوازی و جددیه‌تی كاری ئیسلامی و میتۆدی یه‌كگرتوانه موماره‌سه بكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ندێك جار مرۆڤ سه‌راسیمه‌و به‌دگومان ده‌بوو له ئاست لێدوان و جوڵه‌و مه‌شهه‌دی ئۆتۆمبیل و نۆرمی ئیشكردنیان، توشی سه‌رسوڕمان ده‌بویت به‌راست ئه‌وانه سه‌ر به مه‌دره‌سه‌ی میانڕه‌ویی ئیخوان و یه‌كگرتوون یان موتوربه‌كراون له داری پڕ له ژه‌هری گه‌نده‌ڵیه‌وه، پاشان تیمی په‌رله‌مانی ئه‌م حیزبه، له سه‌ره‌نجامی رووداوه‌كانی رابردوودا، هاوخه‌می بۆ شه‌قام و كوردانی رۆژئاوا‌و یاسای سه‌رۆكایه‌تی و یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر(تۆقاندن) نه‌یانتوانی خۆڕاگربن و بگره ده‌نگیاندا به درێژكردنه‌وه‌ی یاسایه‌كی قاسی وه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، ئه‌مانه به گشتی قه‌له‌ق و جیاوازی هه‌ڵوێست و ترس و رارایی سیاسی و په‌رته‌وازه‌یی كۆی فراكسیۆنه‌كه‌ی داپۆشی بوو، ته‌م بوو ته‌مێكی ره‌ش به‌سه‌ر كۆی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی یه‌كگرتوو به‌تایبه‌تی بادینیه‌كانی ئه‌م حیزبه، كه لای خه‌ڵكی به گشتی خرابووه ژێر پرسیاره‌وه.
سه‌رباری ئه‌م چیرۆكه تاڵانه، هه‌نگاوی نادروستی یه‌كگرتوو، دووباره كاندیدكردنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌و ده‌مووچاوانه‌ی په‌رله‌مان بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌و به‌تایبه‌تی سه‌رۆكی لیست و هه‌ندێ په‌رله‌مانتاری پێشوو كه نه‌ده‌بوو یه‌كگرتوو بیانكاته‌وه ناو حه‌له‌به‌كه، هه‌ندێكیان چه‌ند مانگێك پێش ئێستا‌و له 12 ی مایسی 2018، له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق شكستیان خوارد، دیسان یه‌كگرتوو وه‌ك بونه‌وه‌ری تاقیگه له هه‌رێمیش تاقیكردنه‌وه، له‌كاتێكدا یه‌كگرتوو ده‌یان كادر‌و سه‌ركرده‌ی گه‌نج و لێهاتووی هه‌یه‌و ده‌كرا سوودیان لێوه‌رگرێت.
كه‌واته گرفتی یه‌كگرتوو ئه‌مینداره‌كه‌ی نییه، تكایه ئه‌مینداره‌كه‌تان بێ به‌ها مه‌كه‌ن، ئه‌مه شكست نییه، وه‌ك هه‌ندێ كاراكته‌ری ناو مه‌كته‌ب سیاسی و كادری باڵا پیشه‌سازی پێوه ده‌كه‌ن و هاوتای ده‌كه‌ن به رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆران بۆ وازهێنان له پۆسته‌كانیان، ئه‌وانه كه داوای به‌دیل و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌مینداری یه‌كگرتوو ده‌كه‌ن، له خۆیان پرسیوه چه‌ند ساڵ ئه‌ندامی مه‌كته‌ب سیاسی بوون، چه‌ند ساڵ وه‌زیر بوون، چه‌ند ساڵ له هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتدابوون، چه‌ند هه‌نگاوی جددیتان گرته به‌ر بۆ ئاینده‌ی ئه‌م حیزبه جگه له گوتاری میدیایی و دروشمی ساخته، له خۆتان پرسیوه چه‌ند گه‌نجتان له‌خۆتان ره‌نجاندو تۆراند، توانیتان چ شۆك و ریفۆرم و پرۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكه‌ن ته‌نانه‌ت بۆ نزیكه‌كانی خۆشتان، بۆیه هیچ لۆژیكی تێدا نیه‌و به عه‌قلانی نابینم پاشه‌كشه‌ی ئه‌م حیزبه بخرێته ئه‌ستۆی یه‌ك كه‌س، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌م پاشه‌كشه‌یه پێشبینیكراوبوو، زیاتر په‌یوه‌ندی به میكانیزمی ئیشكردن و هه‌ڵوێست و لاوازی گوتاری میدیایی و ساردبوونه‌وه‌ی كادری یه‌كگرتوو خۆیه‌وه هه‌بوو،هه‌موومان ده‌زانین یه‌كگرتوو هێزێكی په‌روه‌رده‌یی ئایدۆلۆژیی رادیكاڵ مه‌زهه‌به‌و ئاراسته‌كه‌شی نه‌هجێكی دینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌و یه‌ك كه‌س ره‌نگرێژی ئه‌م سیاسه‌تانه ناكات، شورا‌و سه‌ركردایه‌تی و راوێژكاری زۆر‌و زه‌به‌ندی هه‌یه، هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م هێزه‌ش ته‌نها له روانگه‌ی پرۆسه‌یه‌كی نادیموكراسی و ناشه‌فافه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی میتۆدی و نامه‌نهه‌جییه، بۆیه به كه‌مكردنی ده‌نگ و كورسیه‌كانی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 30/9/2018 تاوانه كۆی جومگه‌و جه‌مسه‌ره‌كانی ئه‌م پارته هه‌ڵوه‌شێنین و سه‌رله‌به‌ری بخه‌ینه به‌رده‌م نه‌شته‌ری لێكۆڵین و لێپرسینه‌وه.
گرنگه یه‌كگرتوو له‌مه‌ودوا پێگه‌و شوناس بگه‌رێنێته‌وه بۆ ئه‌میندار، ئه‌وه‌نده ئه‌میندار به‌كارنه‌هێنێت بۆ شه‌ڕی بچووك، وه‌ك فیگه‌ری راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كان و باری لاری وه‌زیره‌كان و خانه‌نشینانی كه‌وتووی ئه‌م حیزبه، ئه‌وه‌نده بارگاوی نه‌كه‌ن به كێشه‌و ئاریشه‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه، هه‌موو حیزب و بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی و مه‌زهه‌بی پێویستی به سیمبول و بابی مه‌زن و رۆحی و كاریزمی هه‌یه، بۆ یه‌كگرتووش پێویستیه‌كی حه‌یاتییه‌و ده‌بێت هه‌بێت و نه‌ته‌وه هه‌یه سه‌د ساڵی پێویسته بۆ دروستكردنی ره‌مزێك، له دونیای هاوچه‌رخیش هه‌روایه ره‌مزه گه‌وره‌كان ستراتیج و روانگه‌ی قوڵ و حیكمه‌ت و جیهانبینی به‌رهه‌م دێنن و زۆر خۆیان شۆڕناكه‌نه‌وه بۆ گۆشه به‌رته‌سكه‌كان، سه‌ركرده‌ی كاریزمی پێویسته بزانێت چۆن قسه ده‌كات و چۆنیش كارته‌كانی به‌كار ده‌هێنێت، بۆنموونه كاریزمای سه‌ید عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعی عێراقی، چۆن توانی به لێوجوڵاندنێك كایه‌ی سیاسی حوكمرانی چالاك بكاته‌وه‌و كاراكته‌ره‌كان دابنێت پاش ئه‌و هه‌موو شه‌ڕو ململانێ گه‌ورانه ئینجا هاته ده‌نگ، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان پێویسته ئه‌وه‌نده به ئاسانی ره‌مزه‌كانی خۆی نه‌خاته بازاڕی شێواوی ململانێ حیزبی و حكومی و پارله‌مانیه‌كانه‌وه، دنیا ئاخر نابێت ماوه‌یه‌ك نه‌چێته حكومه‌ته‌وه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌و جڤاك و پارتێكی سیاسیش پێویسته هاوتای ئه‌جێنداو په‌یره‌وی ناوخۆكه‌ی، كاریزمایه‌كی هه‌بێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیكر‌و راگرتنی باڵانس و جیهانبینی.