كه‌ركووك و جه‌نگی مه‌زهه‌بی !
سه‌ره‌تاكانی جه‌نگێكی قورس ده‌ركه‌وتوون له رۆژهه‌ڵاتی ناوین، جه‌نگه‌كه دروست جه‌نگی ئایدۆلۆژی و مه‌زهه‌بی و هه‌ڵگری توراسێكی كۆنی داگیركاریی كۆڵۆنیالیستییه به فۆڕم و چه‌كێكی مۆدێرنه‌وه، لێ ئایا ده‌وڵه‌تانی لادینی یان نامه‌زهه‌بی ده‌توانن خۆیان به‌دووربگرن له‌م جه‌نگه، یان چۆن خۆیان ده‌گونجێنن له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌م هاوكێشه ئاڵۆزانه‌دا؟
هه‌رێمی كوردستان ده‌شێت خۆی نوما بكات وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و دیموكرات و خودان دۆزێكی ره‌وای مێژویی كه چه‌ندین پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنی و مه‌زهه‌بی و ئایدیا‌و ئاین له‌خۆ ده‌گرێت، ده‌بێت ته‌ره‌فگیری هیچ ره‌وت و قه‌واره‌یه‌كی مه‌زهه‌بی و تائیفی و ئاینی نه‌كات، له شێوه‌ی هه‌ژمونی حه‌شدی شیعی عێراقی و ئێرانی و سوپای عوسمانیه نوێكانی توركیا، بینیمان له 16 ی ئۆكتۆبری 2017 یه‌كه‌م پریشكی ئه‌و جه‌نگه مه‌زهه‌بی و نه‌زعه دینییه به‌ر كورد‌و كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانی كوردستان كه‌وت و تا ئێستاش وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ماوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن حه‌شدی شیعییه‌وه، به‌ده‌ر له درزه ناوخۆییه‌كان و كه‌لێنه‌كانی ناو گوتاری سیاسی كوردی، ئه‌مه هه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی فاشیزمی ئاینییه به رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری ئیقلیمی، هه‌م هه‌ژمونگه‌رایه‌كی نوێیه به ئاراسته‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی وزه و گۆڕینی نه‌خشه‌ی دیمۆگرافی ناوچه‌كه، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ئێران ده‌ستی خۆی وه‌شاندو قوڵاییه ستراتیجیه‌كه‌ی خۆی له تارانه‌وه بۆ كه‌ركوك تا سه‌ر ده‌ریای ره‌ش تاقی كرده‌وه‌و زیانمه‌ندی یه‌كه‌میش كورد‌و پێشمه‌رگه بوو وه‌ك قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌م جه‌نگه، ره‌نگه شه‌ڕی پردێ و سه‌ركه‌وتنی پێشمه‌رگه وه‌ك سه‌ره‌تاو ده‌ستپێكی ئه‌م قۆناغه بناسرێت.
توركیاش دیاره وه‌ك به‌رماوه‌ی ئایدۆلۆژیای عوسمانیه‌كان و ئاكه‌په‌ش وه‌ك پارتێكی سوننه‌گه‌رای سیاسی خه‌ریكی مه‌ته‌رێزه بۆ به‌شداریكردنی كارای ئه‌م جه‌نگه‌و له ده‌ره‌وه‌ی گڵۆپی سه‌وزی سوننه‌كان وه‌ك (وه‌قفی سوننی، یه‌كێتی زانایانی جیهانی ئیسلامی، كۆمكاری عه‌ره‌بی) په‌نا بۆ نه‌یاره‌كانی خۆی ده‌بات، ئه‌و نه‌یارانه‌ی له كه‌وانه‌ی شیعه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌و تا دوێنێ توركیا وه‌ك مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامی خۆی ته‌ماشای ده‌كردن.
توركیا‌و ئاكه‌په له دۆخێكدان كه به دۆخی مه‌ترسیدار ناوده‌برێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه له به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌راییدا سۆزی سوننه‌كان و جیهانی ئیسلامی و ئه‌م به‌شه‌ی كورد له‌ده‌ست بده‌ن له پێناو هاوپه‌یمانێتی شیعه‌كانی عێراق و ئێران و سوریا‌و حیزبوڵای لوبنان و یه‌مه‌ن، ئه‌م هه‌نگاوو هه‌ڕه‌شه تازانه‌ی توركیا په‌یوه‌ندی به مۆنۆكراتیه‌ت و غروری ئه‌ردوغانه‌وه هه‌یه كه ئاینده‌ی باش ناخوێندرێته‌وه ئه‌گه‌ر وه‌ك هاوكێشه‌ی زانستی و سیاسی سه‌یری بكه‌ین، چونكه ئه‌وه‌ی توركیا ویستی ئێران كردی و چاوه‌روانی ئاینده‌كه‌ی ده‌كات، هه‌مانكات په‌یوه‌ندی به ئه‌جێندای روسیاوه هه‌یه كه ره‌نگرێژیان كردووه بۆ سوریا‌و عێراق و مۆتیڤی سه‌ره‌كیش نه‌وت و بیزنسی گه‌وره‌یه.
ئه‌ردوغان كه خۆی وه‌ك پاڵه‌وانی سیاسی و عه‌سكه‌ری و ئابووری سه‌ركه‌وتوو ده‌بینێت، به‌ته‌واوی خۆی خزاندۆته ئه‌و به‌ره فاشیزمه‌ی شیعه به ئومێدی كۆمه‌ڵێك فشار‌و ده‌ستكه‌وت كه بریتین له‌م فشارانه: كۆتاییهێنان به ئه‌زمونه‌كانی رۆژئاوا‌و لاوازكردنی هه‌ژموونی باشووری كوردستان و سڕكردنی ریفراندۆم، له‌كاتێكدا چه‌ندین ساڵه توركیا باس له كرانه‌وه‌و دۆستایه‌تی كورد‌و پاراستنی ده‌كات و ده‌یان كۆنتراكت و كاریته‌ی بازرگانیشی دروست كردووه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. پاشان فشار له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و یه‌كێتی ئه‌وروپا تا گوێی لێ بگیرێت و له‌و حیرمان و په‌راوێزه نێوده‌وڵه‌تیه رزگاری بێت به‌تایبه‌تی هه‌ندێ وڵاتی وه‌ك ئه‌ڵمانیا كه باش سزای توركیایان دا ئه‌م ماوه‌یه، پاشان فشار له‌سه‌ر ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی هاوكاربن له پاكتاوی نه‌یاره‌كانی ئه‌ردوغان و فه‌تحوڵا گویله‌نیش راده‌ست بكه‌ن و خۆشیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه له هه‌ڵبژاردنی توركیا یان رۆژئاوای كوردستان كه ئێستا ئه‌مریكا به‌ته‌واوی سه‌پۆرتی لۆجستی ده‌كات به‌تایبه‌تی دوای رزگاركردنی ره‌ققه له‌لایه‌ن شه‌رڤانانی یه‌په‌گه‌وه، چونكه ئه‌وه‌ی توركیای زۆر نیگه‌ران كردووه ئه‌و هاوكاریه لۆجیستی و عه‌سكه‌ری و سیاسیه‌ی ئه‌مریكایه بۆ شه‌ڕڤانان و یه‌په‌گه كه وه‌ك مه‌ته‌ڵێكی لێهاتووه‌و ره‌نگه له داهاتوشدا یارمه‌تیه‌كان زیاتریش بن.
توركیا ده‌مێكه خه‌ون به خه‌لافه‌تێكی وه‌همیه‌وه ده‌بینێت كه وه‌ك مه‌رجه‌عی سوننه‌كان و ئوممه‌ی ئیسلامی بناسرێت، خه‌ونێك هاوشێوه‌ی خه‌لافه‌ت و ئیمپراتۆریای عوسمانی و بلۆكێكی به‌هێزی سوننه كه ئه‌مریكا حسابی بۆبكات هاوشێوه‌ی بلۆكی شیعه‌ی ئێرانی، ئێرانیش ختوكه‌ی ئه‌م هه‌سته نه‌ژادپه‌رستی و غروره‌ی توركیا ده‌دات نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توركیای وه‌ك هاوپه‌یمانێتی ستراتیجی خۆی قبوڵه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیان بگه‌یه‌نێت به مه‌رجه‌عه سوننیه‌كان و په‌رتیان بكات و سعودیه‌و توركیا‌و قه‌ته‌ریش له‌یه‌ك دوربخاته‌وه، چونكه ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و هێزه‌یه وه‌ستاوه له‌به‌رانبه‌ر جیهانی سوننه‌گه‌رای ئیسلامیداو هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر بزاڤی ئیسلامی سوننی و سه‌له‌فیه‌ت و وه‌هابیه‌تی سعودی.
به‌دیوه‌كه‌ی تری‌دا ئه‌مه جه‌نگێكه له بنه‌ره‌تدا بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی ئابوری و سیاسی و قه‌ڵه‌مڕه‌وی سعودیه تاوه‌كو رۆڵ و كارایی كه‌مبكاته‌وه له‌سه‌ر لوبنان و یه‌مه‌ن و كه‌نداوی عه‌ره‌بی و جیهانی ئیسلامی و توركیاش لاوازبكات و بیخانه خزمه‌تی خۆیه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌داوه‌كان ئه‌وه‌ده‌رده‌خه‌ن كه توركیا به‌رگه‌ی ئه‌م شه‌ڕه مه‌زهه‌بیه ناگرێت، له‌به‌ر دوو هۆكاری سه‌ره‌كی:
یه‌كه‌م/ دۆسته تازه‌كانی توركیا دۆستی ستراتیجی نین و دژ‌و پێچه‌وانه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیات و ئایدۆلۆژیا‌و خه‌ونی مێژوویی خه‌لافه‌ته‌كه‌یداو توركیا به‌كارده‌هێنن به‌شداری لاوه‌كی و میدیایی پێ بكه‌ن و هێزی ئایدۆلۆژی و ئابووری توركیاش یارمه‌تیده‌ر نییه بۆ ئه‌م هاوپه‌یمانێتیه، ته‌نانه‌ت رای گشتی ناوخۆی توركیا كه موسوڵمان و سوننه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م یاریه‌ی ئه‌ردوغان كۆك نین كه پاڵی داوه‌ته‌وه به ئێرانه‌وه.
دووه‌م/ نه‌یاره‌كانی توركیا ئێستا له‌هه‌ركات زیاتر هۆشیار بونه‌ته‌وه‌و پاڵپشتی مه‌عنه‌وی ده‌كرێن، وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گویله‌نیه‌كان و كوردانی باكور"هه‌ده‌په" و ئۆپۆزسیۆنی وه‌ك پارتی گه‌لی كۆماری"چه‌هه‌په"و پاشان ئه‌زمونه‌كانی رۆژئاوای كوردستان" په‌یه‌ده‌و یه‌په‌گه" توركیا ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش له‌ده‌ست بدات ڕووبه‌رووی چه‌ندین قه‌یرانی سه‌ختی ناوخۆیی و ئابووری ده‌بێته‌وه كه یه‌كێكیان نائارامی سنوره‌كانی توركیایه‌و ره‌نگه پریشكی ئه‌م ئاگره تا ئامه‌دو ئه‌نكه‌ره‌ش بڕوات، بۆیه نه‌رمی نواندنی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی توركیا به‌رانبه‌ر به رووداوه‌كانی كه‌ركوك و شه‌نگال و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی گه‌ریلاكان له شاخی شه‌نگال و كه‌ركووك ئه‌وه‌ی لێده‌خوێنرێته‌وه كه توركیا ره‌نگه له داهاتووی نزیكدا ئاراسته‌كه‌ی بگۆڕێت و به‌ئاسانی هه‌رێمی كوردستان له‌خۆی نه‌كات، به‌ڵكو بیر له مامه‌ڵه‌و فۆڕمێكی دیكه بكاته‌وه كه نه‌بێته هۆی له‌ده‌ستدانی هه‌رێمی كوردستان.
به‌ڵام ده‌بێت كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی خاوه‌ن یه‌ده‌گی وزه‌و گازی سروشتی و كانزا ئه‌م كارانه بخاته واری گفتوگۆ‌و كارپێكردنه‌وه:
مامه‌ڵه‌ی عه‌قلانی له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌دا بۆ كورد گرنگه و هێڵی سیاسی و سێهه‌می خۆی بپارێزێت و ئه‌م كشانه‌وه‌و شكسته كار له یه‌كڕیزی ناوخۆیی و ترازاندنی زیاتری دۆخه‌كه نه‌كات، چونكه كورد له رووی ستراتیجی نه‌وتی و جیۆسیاسیه‌وه تا ئێستا ژماره‌یه‌كی قورسه‌و ده‌بێت وه‌به‌رهێنان و پیشه‌سازی به دیبلۆماسیه‌تی خۆیه‌وه بكات و نه‌وت بگۆرێته‌وه به چوارچێوه‌یه‌كی ده‌ستوری زامنكراوی پارێزراو له رووی عه‌سكه‌ری و ئابوورییه‌وه، پارێزگاریی له هاوپه‌یمانه كۆنه‌كانی خۆی بكات، هه‌موو شیعه له‌خۆی نه‌كاته دوژمن، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی به‌هێزی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدادو له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانی عه‌بادی، دانانی نه‌خشه رێگا بۆ ئه‌م دۆخه ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه، له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری ئاریشه ناوخۆییه‌كان و كێشه‌ی حیزبه كوردیه‌كان، چونكه سه‌رقاڵبون پێوه‌ی ره‌نگه دوچاری ماڵوێرانی گه‌وره‌مان بكاته‌وه.