كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو چی گۆڕی !
هێزی سیاسی گه‌ر خاوه‌نی دیدو جیهانبینی فكری و سه‌ركرده‌ی مه‌یدانی و كاریزمی نه‌بێت ناتوانێت خۆی بگۆڕێت و مۆدێلێكی نوێ پێشكه‌ش بكات، هێزێكی وه‌ك یه‌كگرتوو كه نه‌یهێشت سه‌ركرده‌و كادره رادیكاڵه‌كانی بێنه پێشه‌وه‌و یه‌كگرتوو به‌رێوه‌به‌رن، ناچار ده‌بێت كۆنگره له وێسگه‌یه‌كی سیاسی و رێكخراوه‌ییه‌وه بگۆڕن بۆ كه‌رنه‌ڤاڵ و ئیحساساتی دینی و شوێنی نمایش و ته‌وزیفكردنی بۆ چه‌مكی دونیا‌و قیامه‌ت و ئیمان و كوفر‌و ره‌ش و سپی، ئیتر عاشق بوون و خۆهه‌ڵواسین و ده‌فلێدان به‌باڵای پارته‌كانی غه‌نوشی و ئه‌ردوغان مانایه‌كی نامێنێت، واقع ده‌ریخست یه‌كگرتوو به‌م فۆرم و روانگه كلاسیكیه‌وه توانستی خۆگۆرین و نوێگه‌ری نیه، ده‌بێت ئه‌و ژینگه‌یه جێ بهێڵن بۆخۆیان، وه‌لێ له‌م كۆنگره‌یه‌دا بناغه‌ی ئومێدێك دروستكرا بۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێداویستی كرانه‌وه‌ی ئه‌م حیزبه، ئه‌مه تاكه دیوی گه‌شی ئه‌م كۆنگره‌یه بوو كه زۆر سه‌ركرده‌ی خاڵی كرده‌وه له پیرۆزی و ته‌نانه‌ت كاریزمابوونیش!؟
كاتێك كرده‌ی ده‌ستاوده‌ست بۆ نه‌وه‌ی دووه‌م، ئه‌وه‌نده پرۆسه‌یه‌كی قورس و جه‌نجاڵ بێت وه‌ك بینیمان "سازش و لایه‌نگیریی و رێككه‌وتنامه نهێنیه‌كان و ئیستحقاقاتی بادینان به 11 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كه دروستكردنی یه‌كگرتووی ناو یه‌كگرتوو بوو، تۆخكردنه‌وه‌ی هێڵ و ره‌نگه‌كانی بادینان بوو" نابێت ئیتر یه‌كگرتوو شانازی به ریفۆرم و چاكسازی و ته‌باییه‌وه بكات و باسی ئه‌وه بكات پارتێكی بێ باڵ و بێكێشه‌یه.
راسته یه‌كگرتوو ره‌گه‌زی میانره‌وی و مه‌ده‌نیه‌ت و سه‌رمایه‌ی ره‌مزیی زۆری هه‌یه، لێ ئه‌وه‌ی نیه‌تی فكر‌و جیهانبینی و روئیای سیاسی مۆدێرنه، سه‌رۆكێك نیه یاری به‌م كارتانه‌وه بكات و یه‌كگرتوو بهێنێته سه‌ر رێگایه‌كی ته‌ندروستی سیاسه‌تكردن، كه ئه‌وه‌نده گوتاری شه‌رمن نه‌بێت له ئاست بڕیاری چاره‌نوسسازانه، بۆنمونه: ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، به‌ره‌ی ئاكه‌په یان هه‌ده‌په، 17 ی شوبات، یان وه‌رگرتنی پۆست، ئه‌مانه هه‌موو له ئاینده‌دا خراپتر خۆیان نمایش ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌میشه ده‌ڵێن كه یه‌كگرتوو هه‌وێنی برایه‌تی و ئاشته‌وایی و یه‌كریزییه، ئه‌ی ئه‌م ئاشته‌وایی و هه‌وێنه بۆ بڕی نه‌كرد بۆ ئاسته ناوخۆییه‌كه، بۆچی برایه‌تیه‌كه نه‌گه‌شته ئه‌و ئاسته‌ی كه پێویست به‌وه نه‌كات ئه‌مینداری پێشوو بگه‌رێته‌وه، تا ئه‌ركه‌كه بده‌نه ده‌ست برایه‌كی تر خۆ متمانه‌و ئیمان و جه‌ساره‌ت و زانست و خه‌باتیشیان هه‌بوو؟
فه‌زای كۆنگره زۆر شتی پێوتین كه مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه بۆچی ئه‌م پارته متمانه به سه‌ركرده‌یه‌كی تری خۆی ناكات وه‌ك ئه‌میندار بیناسێنێت، بۆچی كه‌سانێك هه‌بن هه‌ڵگری خه‌ونی گۆرانكاری بن و روانگه‌یه‌كی جیاوازیان هه‌بێت به‌ر نه‌فره‌تی زۆرینه ده‌كه‌ون ئه‌گه‌ر به هێنانه‌وه‌ی ئه‌مینداری پێشووش بێت، ئه‌وه‌ی له كۆنگره‌ی حه‌وتی یه‌كگرتوو رویدا، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌بوو كه ریفۆرم و گۆرانكاری رادیكاڵانه بۆ پارتی رۆژهه‌ڵاتی پاشخان ئیسلامی كرده‌یه‌كی گرانه‌و به ئاسانی چێ نابێت به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سانی وه‌ك "محمد ره‌ئوف و ئه‌بوبه‌كر عه‌لی" كه ده‌بوو باشتر كاریان بكرایه بۆ گۆرانكاری ریشه‌یی و تێگه‌شتنی زیاتریان هه‌بوایه بۆ هه‌ردوو ئه‌مینداره‌كه، كه یه‌ك روانگه‌ی حیزبی و كۆنزه‌رڤاتیڤانه‌یان هه‌یه‌و نه‌وه‌ی یه‌ك قۆناغن و به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری حیزب نابن، هێنانه‌وه‌ی فیگۆری" هادی عه‌لی"ش ره‌نگه بۆ پرۆڤه بێت بۆ دوای مامۆستا " سه‌ڵاحه‌دین" تا بۆ ئه‌به‌د گه‌نج و نه‌وه‌ی نوێ زاتی هاتنه پێشه‌وه و باسكردنی ریفۆرم و كرانه‌وه نه‌كه‌ن.