پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەشە دەكەن

"ئەمەریکا و رووسیا بەرژەوەندی درێژخایەنیان لەگەڵ كوردستان ھەیە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا و رووسیا و زۆربەی وڵاتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرژەوەندیی هاوبەشی درێژخایەنیان هەیە، هەر بۆیە ئەوەی لەگەڵ کوردانی رۆژئاوای کوردستان روویدا بەهیچ شێوەیەک لە باشووری کوردستان روونادات. ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێی هیچ وڵات و لایەنێك لە ناوجەکەدا.

لەنێو ئەم هەموو گۆڕانکاریانەی لە عێراق و ناوچەكە روودەدەن، ماوەیەکە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لە واشتنەوە یەک لە دوای یەک روو لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان دەکەن. هاتنی بەرپرسانی ئەمەریکا وەک هەر جارێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیانە، بەڵام پرسیاری شەقام لە کوردستاندا ئەوەیە، ئاخۆ چ گرەنتییەک هەیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان روویدا.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان روویدا رەنگە بۆ مەرامێكی كاتی بووبێت، بەڵام ھەرێمی كوردستان جیاوازە، چونكە پەرلەمان و حكوومەتی ھەیە و لە دەستووری عێراقدا پێناسەی ئەم پێگەیە كراوە، ھەرچەندە دۆز و خواستی كورد لە ھەموو پارچەكان رەوایە و پێویستە پاڵپشتی بكرێت، بەڵام جیاوازی ھەیە".

بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، گرنگترین کار كە کورد بیکات، ئەوەیە نەبێتە بەشێک لە ململانێکان.

رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەى پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێ: "ھەرێمی كوردستان نەبووەتە ناوچەیەك بۆ پێكدادانی ھێزەكان، ھاوسەنگی لەنێوان ھەموو وڵاتان راگیراوە، ئەمەش وایكردووە ھەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووبێت لە ناوچەكەدا".

لە 23/11/2019 مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. چەند رۆژێکیش لەمەوبەر جێمس جێفری هاتە هەولێر و لە هەولێرەوە گەنگەشەی مەترسییەکانی داعش و دۆخی رۆژئاوای کوردستان و بەغدای کرد.