به‌رپرسێكی پارتی: عێراق ھیچ کات لە ڕووی ئەمنی و سیاسیەوە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت

گۆڕان: ده‌بێت کورد ئامادەکاری بۆ ھەموو ئەگەرەکان لە عێراق بکات
kurdistan24.net

K24- سلێمانی:

خراپی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستانی نیگه‌ران كردووه‌ و بە گرنگ و پێویستی دەزانن، كورد لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ پڕۆژەی خۆی گەڵاڵە بكات و به‌یه‌كەوە ھەموو لایەنەكان رووبەڕووی ئه‌و مەترسی و ھەڕەشانه‌ ببنەوە، كە ده‌كرێت به‌هۆی دۆخه‌كه‌ كاریگه‌ریان بۆ سەر قەوارەی ھەرێمی كوردستان هه‌بێت، داواش له‌ لایەنە كوردستانییەكان ده‌كه‌ن، لە عێراق یەكدەنگ و یەك ھەڵوێست بن، بۆ ئەوەی كاریگەرییان لەسەر پرسەكان ھەبێت.

له‌كاتێكدا خۆپیشاندانەکان و ناجێگری دۆخی سیاسی و ناکۆکی لایەنەكانی عێراق، بە تایبەت ناو ماڵی شیعە وایکردووە، مەترسی لەسەر خراپتر بوونی رەوشەكە ھەبێت، بە تایبەت داڕمانی تەواوی بارودۆخی عێراق، ھەر گۆڕانکاریەکیش لە عێراق ڕووبدات کاردەکاتە سەر بەرژەوەندیەکانی خەڵكی كوردستان، نەرمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت: ھەندێك داواکاری خۆپێشاندەران مەترسی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ھەیە بۆیە پێویستە کورد بە وریایەوە مامەڵە بکات.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا عەتا شێخ حەسەن، گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە دەڵێت: عێراق وڵاتێکە لە دەرەوەی خواستی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکان دروست کراوە، لە چوارچێوەی سنوورێکی دەستکرددا کۆکراوەتەوە، بۆیە ھیچ کات لە ڕووی ئەمنی و سیاسیەوە ئاسایش و ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.

هاوكات دلێر عەبدولخالق، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانیش بە پێویستی دەزانێت، کورد ئامادەکاری بۆ ھەموو ئەگەرەکان لە عێراق بکات و دەشڵێت: بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ھەموو ھەماھەنگی و پێکەوە کارکردنی کوردە لە بەغدا لەسەر بنەمانی شەراکەتی ڕاستەقینە.

بۆ پاراستنی بەرژوەندیەکانی کورد لە عێراق بە پێویست دەزاندرێت، ھێز و لایەنە سیاسیەکان بە گەڵاڵەکردنی ستراتیژیه‌تێکی بە ھێز بەرگری لە دەستکەوتەکانی کورد بکرێت، ئەویش بە یەکخستنی تواناکان و كاركردنی پێكەوەیی و رووبەڕووبوونەوەی كێشە و گرفتەكان، كە رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان دەبنەوە.

H.B