به‌های پشكه‌كانی ئارامكۆ به‌رز بووه‌وه‌

بەهای راستەقینەی پشکەکانی نییە

K24 – هه‌ولێر:

قەبارەی بازاڕی پشکەکانی ئارامکۆی سعوودیە ئاستی ئامانجکراوی بە دوو ترلیۆن دۆلار شکاند.

ئەو ئاستە ئامانجی دیاریکراوی محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە بوو، هاوکات پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە ماوەی دوو رۆژە لەسەر یەک بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

جێنشینی سعوودیە لە خستنەڕووی یەکەمی کۆمپانیای ئارامکۆ، پلانی ئەوەبوو ئابووری شانشینەکە دوور بکاتەوە لە تەنیا پشت بەستن بە نەوت، بۆ ئەوەش بە قەبارەی 25 ملیار 600 ملیۆن دۆلار پشکەکانی کۆمپانیاکەی لە بۆرسەدا خستەڕوو.

سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی سعوودیە دڵی بە بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ خۆشە کە لە یەکەم خستنەڕوویدا لە رۆژی چوارشەممە نزیکەی 10 لە سەدا بەرزبووەوە، بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەوە بەهای راستەقینەی پشکەکانی نییە و لە لایەن وەبەرهێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمانی سعوودیە بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی پاڵپشتی لە بەرزبووەنەوەی بەهای پشکەکانی ئارامکۆ کراوە.