په‌رله‌مانی كوردستان یاسای رێكلامی بازرگانی ده‌ركرد

سزای بۆ سه‌رپێچیكاران داناوه‌

K24 – هه‌ولێر:

پەرلەمانی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا پرۆژە یاسایی رێكلامی بازرگانی پەسەندكرد.

یاسا نوێیه‌كه‌ خۆی لە رێكخستنەوەی جۆرو شێوازی رێكلام دەبینێتەوە، بەگوێرەی ماددەكانی پرۆژە یاسایی رێكلامی بازرگانی، لە ئەگەری ھەر سەرپێچییەك سزای پێبژاردن لەخاوەن كۆمپانیا و لایەنی ئەنجامدەر، لە 250 ھەزار دینار دەستیپێدەكات تاكو 30 ملیۆن دینار.

له‌ ئەگەری دووبارە بوونەوەش سزاكە دەبێتە دووئه‌وه‌نده‌ی جاری یه‌كه‌م. 

یاسا نوێیه‌كه‌ به‌ كۆی ده‌نگی 87 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا و وه‌ك په‌رله‌مانتاران باسی ده‌كه‌ن، ئامانج له‌ ده‌ركردنی یاساكه‌ رێكخستنی بواری رێكلامه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

لوقمان وه‌رتی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی بازرگانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ بواری رێكلامی بازرگانی بۆشایی یاسایی هه‌بوو. بێسه‌روبه‌ری له‌ جۆری رێكلامكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌بوو.

گوتیشی: یاساكه‌ له‌ هه‌شت مادده‌ و هۆیه‌كانی ده‌رچوونی پێكهاتووه‌ و دوای ناردنی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌سندكردنی و بڵاوبوونه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستان، كاری پێده‌كرێت.