توركیا ده‌رگای ئه‌وروپا بۆ په‌نابه‌ران ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیاكانی ئه‌ڵمانیا، له راپۆرتێكی نهێنی ئه‌وروپیدا ده‌ركه‌وتووه، له‌م دوواییانه‌دا توركیا خه‌مسارد بووه له رێگه‌گرتن له هاتنی به‌له‌م و یه‌ختی په‌نابه‌رانی نایاسایی بۆ وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا.
له‌وباره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی دی فێڵتی ئه‌ڵمانی ئاماژه‌ی به راپۆرته نهێنییه‌كه‌ی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپی كردووه و ئه‌وانیش زانیاری‌یان له پاسه‌وانی كه‌ناراوه‌كانی یۆنانه‌وه ده‌ستكه‌وتووه و گوتوویانه : "توركیا به‌له‌م و یه‌ختی ئه‌و په‌نابه‌رانه راناگرێت كه له كه‌ناراوه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه به‌ره‌و ئه‌وروپا دێن".
راپۆرته‌كه ئاشكرایكردووه، له ساڵی 2019 دا زیاتر له 72 هه‌زار كه‌س له توركیاوه گه‌یشتوونه‌ته ناو وڵاتانی ئه‌وروپا، له‌و ژماره‌یه‌ش 68 هه‌زار كه‌سیان گه‌یشتوونه‌ته یۆنان و 2 هه‌زار كه‌سی دیكه‌شیان چوونه‌ته بولگاریا، نزیكه‌ی 2 هه‌زار كه‌سیش گه‌یشتوونه‌ته ئیتالیا و 260 كه‌سیش چوونه‌ته ناو به‌شه یۆنانییه‌كه‌ی قوبرسه‌وه".
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، ژماره‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی گه‌یشتوونه‌ته دوورگه‌كانی یۆنان، زیاتر له 40 هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه، له كاتێكدا له‌و دوورگانه‌دا ته‌نها 8530 شوێن هه‌یه تا راده‌یه‌ك گونجاو بێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی تێدا بحه‌وێنرێته‌وه.
راپۆرته‌كه‌ی كۆمیسیۆنی ئه‌وروپا ته‌ئكیدی كردووه‌ته‌وه، به‌رزبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی كۆچی نایاسایی بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا له مانگی یه‌كی ئه‌مساڵه‌وه تا ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه به‌راورد به ساڵی رابردوو 46% زیادی كردووه.