سعودیه‌ له‌ رێی ئیماراته‌وه‌ داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وت له‌ رووسیا ده‌كات

ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ رووسیا رازی بێت

K24 – هه‌ولێر:

چەند سەرچاوەیەک بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، سعوودیە داوای لە ئیماراتی هاوپەیمانی کردووه‌، کە کاریگەری بکاتە سەر رووسیا بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر کەم بکاتەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش شێخ محەمەد بن زاید دەسەڵاتداری ئیمارات دیدارێکی لە نێوان سعوودیە و رووسیا لە وڵاتەکەی رێکخست، بۆ ئەوەی هەرسێکیان بە یەکەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر کەمبکەنەوە.

لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی رووسیا و ئیمارات زیاتر پەرەی سەند بە تایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2016 رووسیا لەگەڵ ئۆپێک رێککەوت بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، پێشووتر مۆسکۆ و ریاز بڕیاریان دەدا ئاستی بەرهەمهێنان دابەزێنن بێ ئەوەی پێویستیان بە بەرهەمهێنەری دیکە هەبێت.

دوو سەرچاوە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئەمجارە ریاز داوای لە ئەبوزەبی کردووە، کە هاوکاری بکات بۆ گوشار خستنە سەر رووسیا بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر کەم بکاتەوە.

رووسیاش پێی وایە بە پەسەندکردنی داواکاری سعوودیە و ئیمارات رۆڵی لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات.

یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ رۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە، رۆڵی ئیمارات لە گفتوگۆکان سەرسامکەر نییە، چونکە ساڵانێکە ئەو وڵاتە پەیوەندی تۆکمەی لەگەڵ رووسیا هەیە.

سعوودیە و رووسیا دوو هەناردەکەری سەرەکی نەوتن لە جیهاندا، کە بە هەردووکیان 20 لە سەدای کۆی بەرهەمهێنانی جیهان پێکدەهێنن، رۆڵی ئیماراتیش لە هاوکێشەکە گرنگە چونکە 3 لە سەدای کۆی خستنەڕووی جیهان پێکدێنێت،  ئەمەش لە کاتێکدایە بەر لەکۆبوونەوەکانی ئۆپێک لە رۆژانی پێنج و شەشی ئەم مانگە ئاماژە بەوەدەدرا رووسیا ئاستی بەرهەمهێنان کەمناکاتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەک باس لە هەوڵەکانی بەر لە کۆبوونەوەی ئۆپێک دەکات، کە تێیدا عەبدولعەزیز بن سەلمان وەزیری وزەی سعوودیە تاوتوێی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کردبوو کاتێک سەرۆکی رووسیا لە مانگی تشرینی یەکەم سەردانی ریازی کرد.

ئەو سێ سەرچاوەیە بە ئاژانسی رۆیتەرزیان رایانگەیاندووە، بەرپرسانی رووسیا و ئیمارات و سعوودیە لەبارەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بەردەوام لە گفتوگۆدابوون. 

دواتر 27 تشرینی دووەم محەمەد بن سەلمان سەردانی ئیماراتی کردوو لەگەڵ محەمەد بن زاید کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان کرا، بە جۆرێک بە دادپەروەری لە نێوان سعودیە، رووسیا، ئیمارات، کوێت و عێراقدا بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە.

هەروەها ئەو سەرچاوانە بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، یەکی ئەم مانگەش لە پەراوێزی پێشبڕکێی فۆرمولا وەن لە ئیمارات محەمەد بن سەلمان و عەبدولعەزیز بن سەلمانی برای، لەگەڵ کیریل دیمیتریڤ، کە راوێژکاری کریملین و سەرۆکی سندووقی سەروەرییە لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کۆبوونەتەوە، رۆژی دواتریش دیمیتریڤ سەردانی ریازی کردووە . 

ئەو سەرچاوانە دەڵێن سعوودیە پێویستی بە بەرزی نرخی نەوت هەبوو بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە خستنەڕووی یەکەمی کۆمپانیای ئارامکۆ بکات لە بۆرسەی تەداول، هاوکات بۆ هاوسەنگی بودجەکەشی بۆ سعوودیە گرنگە نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرووی 80 دۆلارەوە بێت، بەڵام بە گوێرەی داتاکانی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی نرخی بەرمیلێک نەوت بە 42 دۆلار بۆ مۆسکۆ بەسە.

لە لایەکی دیکەشەوە ئیمارات هاوپەیمانێکی گرنگی سعوودیەیە و پشکی گەورەی هەیە لە خستنەڕووی یەکەمی کۆمپانیای ئارامکۆ، بە جۆرێک دەستەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی بۆ پاڵپشتی سعوودیە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە خستنەڕووی یەکەمی کۆمپانیای ئارامکۆ کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە رووسیا چەندین گوشاری لەسەر بوو بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان کەم نەکاتەوە، بە تایبەت ئێستا ئەمه‌ریکا رکابەری نەوتی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و ترسی هەبوو لە بازاڕەکانی جیهاندا رۆڵی کەمبێتەوە، لە چەند هەفتەی دواییشدا هەریەکە لە روسنەفت و لوک ئۆیل بە توندی دژی کەمکردنەوەی زیاتر بوون، پێیان وابوو ئەو کەمکردنەوەیە دەرفەتی کارکردنی بۆ کۆمپانیای دیکە درووستکردووە.

لە 14 ـەی مانگی تشرینی دووه‌می رابردووش پوتن دوو دڵی خۆی نەشاردەوە کاتێک گووتی: ئەوە نهێنییەکی کراوەیە، سعوودیەش بە توندی گوشاری کەمکردنەوەی زیاتری دەکرد بۆ پاڵپشتی کردن لە خستنەڕووی یەکەمی ئارامکۆ.

بە گوتەی ئەندامانی ئۆپێک و هەڵسەنگاندنی شرۆڤەکاران، ئاستەم بوو نرخی نەوت بێ بەشداری کردنی رووسیا بەو شێوەیە پاڵپشتی کرابا، بە تایبەت ئێستا نرخی نەوت بۆ ئاستی 65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە.