گازی سرووشتی رووسیا له‌ رێی ئۆكراینا ره‌وانه‌ی ئه‌وروپا ده‌كرێت

رووسیا و ئۆکراینا رێککەوتنێکی بەرایی واژوو دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

رووسیا و ئۆکراینا گه‌یشتوونه‌ته‌ رێککەوتنێکی بەرایی بۆ گواستنەوەی گازی رووسیا بۆ ئەوروپا بە خاکی ئۆکراینادا.

بەرپرسانی هەردوو وڵات رایانگەیاند، رێککەوتنی هەردوو وڵات لەسەر گواستنەوەی گاز بەر لە کۆتایی ئەمساڵ واژوو دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی 18 لەسەدای گازی سروشتی یەکێتی ئەوروپا ساڵانە لە رووسیاوە لە رێگەی ئۆکرایناوە دابین دەکرێت.

مارۆش چیڤکۆڤیچ جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ کاروباری وزە، رایگەیاند، دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا لەگەڵ وەزیرانی وزەی رووسیا و ئۆکراینا کۆبوونەوە "گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی بەرایی".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوروپا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی رێککەوتنەکە بڵاونەکردەوە، گووتیشی: پێویستە رێککەوتنەکە لە لایەن مۆسکۆ و کیێڤ پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی واژووی کۆتایی لەسەر بکرێت.

‌هەروەها ئەلێکساندەر نۆڤاک وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، هیوادارن لە ماوەیەکی نزیکدا رێککەوتنە واژوو بکرێت.