10 دەوڵەمەندترین ئاژەڵەكانی جیھان لە 2019 دا

كۆمەڵێك ئاژەڵی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ھەمیشە ئەو راپۆرتانەی كە لەسەر دەوڵەمەندەكان بڵاودەبنەوە، دەستبەجێ مرۆڤمان دێنێتە پێش چاو، بەڵام ئەمجارە ماڵپەڕی "چیت شیت" نوێترین راپۆڕتی لەسەر دەوڵەمەندترین ئاژەڵەكانی جیھان بڵاوكردووەتەوە و كۆمەڵێك ئاژەڵی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و تێیدا سەگێك نازناوی دەوڵەمەندترین ئاژەڵی بەدەستھێناوە، بەجۆرێك خاوەنی سامانێكە دەگاتە 375 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی راپۆڕتەكە، ئاژەڵیش بەھەمان شێوەی مرۆڤەكان ھەر یەكە و بەجۆرێك بوونەتە خاوەنی سامان،  ئەم ئاژه‌ڵانە یان ئەوەتا لە خاوەنەكانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، یانیش خۆیان ھەر یەكە و بەجۆرێك پارەیان په‌یداكردووه‌ و لە ئەنجامیشدا ناویان وەك دەوڵەمەندترین ئاژەڵ لە جیھاندا تۆماركراوە و تەنانەت ركابەری لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەكەن لەتۆماركردنی زۆرترین سامان. 

گەنسەری چوارەمی ئەڵمانی،  ئەو سەگە خاوەنی سامانێكە دەگاتە 375 ملیۆن دۆلار و بە دەوڵەمەندترین سەگ ھەژمار دەكرێت، ئەو پارەیەی لە باوكییەوە بۆ ماوەتەوە، كە ئەویش لە بنەڕەتدا لە خاوەنەكەیەوە بۆی ماوەتەوە.

گرەمپی، بە پشیلە تۆڕەكە ناسراوە، بەھۆی دەمووچاوە تووڕەكەیەوە لە فیلمەكان بەشداری پێدەكریت و ناوبانگێكی زۆری پەیداكردووە، سامەنەكەی دەگاتە  99 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلارە.

ئۆلیڤیا بێنسن،  تایلۆر سویفت خاوەنیەتی،  ئۆلیڤیا  لە ھەموو وێنەكانی تایلۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەردەكەوێت، جگە لەوەش رۆڵی سەرەكی لەگەڵ خاوەنەكی بینیەوە لە ژمارەیەك رێكلام، خاوەنی سامانێكە دەگاتە 97 ملیۆن دۆلار.

سەگەكانی ئۆپڕا وینفرین،  خاوەنی سامانێكن دەگاتە 30 ملیۆن دۆلار.

گیگۆ،  ئەم مریشكە بەریتانییە خاوەنی 15 ملیۆن دۆلارە و لە گوندێكی بەریتانییدایە و سامانەكەی لە خاوەنە كۆچكردووەكەیەوە بۆی ماوەتەوە كە رۆژنامەنووسێكی دەوڵەمەندی بەریتانی بوو.

تۆماسینۆ، چیرۆكی ئەم پشیلەیە وەك چیرۆكی سەندرێلایە، لە شەقامەكانی ئیتاڵیا دەژیا، تا ئەو كاتەی لەلایەن خانمێكەوە دۆزرایەوە و دوای كۆچكردنی سامانێكی بە بەھای 13 ملیۆن دۆلار بۆ جێھێشت.

بلاكی، وەك دەوڵەمەندترین پشیلە لە جیھاندا دەناسرێت و ناوی چووەتە نێو كتێبی گینسەوە و سامانەكەی لە خاوەنەكەیەوە بۆی ماوەتەوە، كە بازرگانێكی شوێنەوار بوو، دوای كۆچكردنی 12 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلاری بۆ ھێشتەوە.

كۆنشیتا، دوای ئەوەی خاوەنەكەی كۆچی دوای كرد لە فلۆریدا سامانێكی بۆ جێھێشت بەبڕی 11 ملیۆن  و 300 ھەزار دۆلار .

بارت زە بییەر2، ئەم ورچە بەشداری چەندین فیلمی سینەمایی پێكراوە ، ژمارەی دووشی لەگەڵ ناوەكەیدا ھەیە ، چونكە بارتی یەكەم لە 2000 دا مرد ، بەڵام لەھەمان ساڵدا بارت ذە بییەر2 لە دایكبوو، خاوەنی سامانێكە دەگاتە 6 ملیۆن دۆلار.

پۆنتیاك،  سەگێكی رێبەری خانەنشینە، خاوەنی سامانێكە دەگاتە 5 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، ئاژەڵیش بەھەمان شێوەی مرۆڤەكان ھەر یەكە و بەجۆرێك بوونەتە خاوەنی سامان، ئەم ئاژڵانە یان ئەوەتا لە خاوەنەكانیانەوە بۆیان ماوەتەوە، یانیش خۆیان ھەر یەكە و بەجۆرێك پارەیان دروستكردووە و لە ئەنجامیشدا ناویان وەك دەوڵەمەندترین ئاژەڵ لە جیھاندا تۆماركراوە و تەنانەت ركابەری لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەكەن لە تۆماركردنی زۆرترین سامان.