كارێز باس له‌ هۆكاری گریانه‌كه‌ی ده‌كات له‌ كاتی گوێگرتن له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی سیسی

ئەو كچە كوردەی پرسیاری له‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر كرد بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ئەو كچە كوردەی لە كۆڕبەندی لاوانی جیھان لە شەرم لشێخ  بەشداری كردبوو و و سەبارەت بە ناسنامەی كورد پرسیاری لە سەرۆكی میسر كرد، گەڕاوەته‌وه‌  شاری ھەولێر و باسی ئەو كۆربەندە و بەشداریكردنی و ئەو پرسیارە دەكات.

كارێز دەرگەڵەیی تەمەنی 23 ساڵ، دەرچووی بەشی ئەندازیاری نەوتە لە زانكۆی سۆران و ئێستاش قوتابی ماستەرە، باس له‌وه‌ ده‌كات، پرسیارەكەی دەنگدانەوەی زۆرى هه‌بووە لە دنیای دەرەوە و باسی ھۆكاری گریانەكەی دەكات لە كاتی وەڵامەی سەرۆكی میسر.

داواكاریشە لە ھەموو گەنجان كاتێ بەشداری كۆڕێكی جیھانی دەكەن بە ناوی ھەموو كوردان قسە بكەن و تەنیا خەمخۆری پارچەیەكی كوردستان نەبن.

كارێز ئاماژه‌ به‌وه‌ش دەكات، كه‌ پرسیارەكەی لەو كۆڕبەندە جیاواز بووە لە پسپۆرییه‌كه‌ی، بەڵام لە بنەماڵەیەكی كورد پەروەر گەورە بووە و ھەر ئەمەش وایكردووە زیاتر بە دواداچوونی بۆ كورد و كوردستان هه‌بێت.

لە سێیەمین كۆڕبەندی لاوانی جیھان لە میسر، كه‌ راستەوخۆ  بە سه‌رپه‌رشتی سەرۆكی میسر  بەڕێوەچوو ، ئەمساڵ  7 ھەزار گەنج  لە سەرتاسەری جیھان بەشدارییان كرد و 15 كەس لە كوردستان لەم كۆڕبەندە ئامادە بوون، بەڵام بۆ پرسیار و وەڵام كارێز توانی وەك كچە كوردێك سەبارەت بە ناسنامەی كورد پرسیار له‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر بكات و  سەرۆكی میسریش، باسی زمان و كولتووری كوردی كردو وتی كەس ناتوانێ ناسنامە كورد بسڕێتەوە.

كارێزیش ھیواخوازە ھەر گەنجێكی كورد به‌شداری كۆڕبەندە جیھانییەكان ده‌كات، خەمخۆری ھەر 4 پارچەی كوردستان بێت.